کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری لە مەهاباد

16:55 - 12 بەفرانبار 2722

لە درێژەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، چلەی شەهید شەماڵ خەدیری‌پوور بە بەشداریی بەشکۆی خەڵک لە شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی شاری مەهاباد لەسەر گڵکۆی شەهید شەماڵ خەدیری‌پوور کۆ بوونەوە و پەیمانی ڕێز و وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران نوێ کردەوە.

خەڵکی بوێری شاری مەهاباد لەسەر گڵکۆی ناوبرا سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و چەندی سروودی دیکەی شۆڕشگێڕییان خوێندەوە.

ئامادەبووان بە دروشمی وەک " بەلووچستان بەتەنیا نییە، کوردستان پشتیوانییە، جوانڕۆ تەنیا نییە مەهاباد پشتیوانییە، ژن،ژیان، ئازادی، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی" و دەیان دروشمی دیکە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی درێژەیان بە ڕێوڕەسمەکە دا.

هاووڵاتییان لە ئێران و کوردستان سەرەڕای ڕێگریی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چلەی ماتەمینی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە شکۆوە بەڕێوە دەبەن و لەسەر گڵکۆی شەهیدان بەڵێنی وەفاداری درێژەدانی ڕێگەکەیان دووپات دەکەنەوە.