برایم جەهانگیری
شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی فاشیزمی مەزهەبی وەستانی نییە، دوای چەند هەوراز و نشیوی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی سەرکوتی بێڕەحمانەی ئەم دواییانەی ڕێژیم ئارامی و بێدەنگییەک باڵی بەسەر وڵات داکێشا و زۆر کەس نیگەران بوون کە ئەو ڕاپەڕینانە ئیتر کۆتاییان هاتووە و ڕێژیم جارێکی دیکەش دەسەڵاتی ڕەشی بەسەر وڵاتدا بەدەستەوە گرتۆتەوە.
ئەو لێکدانەوەیە و ئەو نیگەرانییە نابێ لە جێی خۆیدا بێ، چونکی بۆ هەموو شۆڕشێک سێ مەرجی سەرەکی پێویستە، کە ئەو سێ مەرجە وەک پێی دەگوترێ "هەلومەرجی شۆڕشگێڕی" کاتی هات ئیتر شۆڕش ئەگەرچی جاروبار کز و نزمونەوی دەبێ بەڵام تازە بەری پێ ناگیرێ. هەلومەرجی شۆڕشگێری ئەگەرچی مەرج گەلێک بوون کە زیاتر چەپەکان باوەڕیان پێی بوو، بەڵام ئەو بابەتەش وەک زۆر سەرنج و تێبینیی دیکەی چەپەکان ڕاست بووە.
لێنین سێ مەرجی سەرەکی بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین وەک "هەلومەرجی شۆڕشگێڕی" دانابوو:
١- خەڵک بە شێوەی ڕابردوو نەیانهەوێ بژین و ئامادە نەبن چیدیکە بچنە ژێر فەرمانی حکوومەت و ڕێژیمیش وەک پێشووی بۆی بووز نەخوا و نەتوانێ وەک بەرێ بە ترساندن وتۆقاندن و درۆ و سیناریۆسازی بەسەر خەڵکدا حکوومەت بکا.
٢- گرفت و چارەڕەشیی خەڵک و گوشاری لەڕادە بەدەری حاکمان بۆ سەر خەڵک. ئەوە ئەو خاڵەیە کە ئیتر خەڵک چەقۆی دەگاتە سەر ئێسقان و لە هەموو ڕوویەکەوە تامی ژیان لای نامێنێ و وەک دەڵین مردنی پێ لەو ژیانە شەریفتر دەبێ و بۆیە بڕیار دەدا بەگژ دەسەڵاتدا بچێتەوە.
٣- بەو دووهۆکارەی سەرەوە خەڵک لەپێناو ئازادیدا ئامادەی گیانبازی دەبێ و ترسی لە حاکمان نامێنێ. نەمانی ترس یەک لە هۆکارە هەرە گرینگەکانە کە خەڵک ئیدی ئامادەی هاتنە سەرشەقام دەبێ و ئەو دیوارە ترسە دەشکێنێ کە چەندین ساڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆر وەک پەردەیەکی لێڵ و تاریک بەزەبری هێز بەسەر بیر وزەینی خەڵکدا سەپاندوویەتی.
دیارە خاڵی سێهەم خاڵی یەکلاکەرەوەیە و کاتێ ئەوە خاڵە لە هەر شۆڕشێکدا بەدی کرا ئیتر نیشانەکانی شۆڕش و هەوڵی گۆڕانکاریی قووڵی کۆمەڵایەتی لەلایەن خەڵکەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن وئەمە یانی دەسپێکی شۆڕش و ڕاپەڕین و بڕیاڕی گەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی جیدی لە ژیان و گوزەرانی خۆیان و حاکمانیشدا. کە وایە بەپێی ئەو ئەسڵانەی سەرەوە و بەو ئاماژە کورتە ئێستا ئیدی شۆڕشی ژینا لە قۆناغی سیهەمی یەکلاکەرەوەدایە، ئەو قۆناغە چەندە دەبات، دوو هەفتە، مانگێک ، دوو مانگ یان ساڵێک و هتد ئەمە بەندە بە ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەسەر شەقام و هەڵوێستی ئەو کەسانەی سەر بە رێژم کە ئایا لەو دەسەڵاتە هەڵدەگەڕێنەوە و دێنە بەرەی خەڵک یان نا؟
لە هەموو شۆڕشەکانی دنیادا تەنیا کاتێک خەڵک توانیوێتی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بڕووخێنێ کە توانیبێتی هێزە سەرکوتکەرەکان و سوپای ئەو وڵاتە دەگەڵ خۆی بخات، ئەگەر نا ئەو شۆڕشە تووشی گرفتی سەرەکی دەبێ و هیچ لایەک کۆتا نایەن و لەوحاڵەتەدا شەڕی نێوخۆ دروست دەبێ. بۆیە زۆر گرینگە کە شۆڕشگێران کار لەسەر ئەو هێزانە بکەن کە کۆڵەکەی پاراستنی دەسەڵاتن. ڕێژیم کە ئەوانی لێ بتەکێتەوە دەستبەجێ وەک کەلاوەب ەسەر یەکدا دەتەپێ، چونکی پێگەی کۆمەڵایەتیی نییە و تەنیا پشتی بە هێزە سەرکوتکەرەکان بەستووە.
هەر شۆڕشە و لە مێژوودا تایبەتمەندی و نیشانەیەکی دیاری هەبووە. بۆ نموونە ئەگەر لە بەهاری عەڕەبیدا و لە تونس محەممەدێک بە ئاگربەردان لە جەستەی چەخماغەی شۆڕشی تونسی لێ دا، لە کوردستان شەهیدکردنی ژینای کوردان و ناشتنی تەرمی ژینا بە ئاپۆڕای هەزاران کەسی و دروشمی وێرانگەری مەرگ بۆ خامنەیی بوو بە چەخماگەی ئەو شۆڕشەی ئێستا کە لەودا کورد ڕۆڵی سەرەکیی تا ئەم دەموساتەش بینیوە و دیارە خەساری گەورەشی وێ کەوتووە، بەڵام بێگومان نەخش و کاریگەریی ڕاپەڕینی شەقامی کوردستان بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە لە مێژوودا دەبێتە ملوانکەیەکی زێڕین کە هیچ کەس لە جیهان و لە ئێرانیشدا ناتوانێ لەبیری بکات.
بەڵێ شۆڕشی ژینا خاویش بێتەوە، کورد گوتەنی وەک ئاگری بن کایە وایە و بە دڵنیاییەوە بەهێزتر لە پێشوو سەرهەڵدەداتەوە و تۆماری ئەو ڕێژیمە کۆنەپەرەست و دژی گەلییە بۆ هەمیشە تێکەوە دەپیچێ.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.