باوان کرماشانی/ و لە فارسییەوە: کاروان مێراوی
شۆڕشی ژینا ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا کردووە کە کۆمەڵگەی کوردستان هەم لە بواری ڕێکخستن و هەمژی لە بواری ئاستی تێگەیشتوویی و وشیاریی سیاسییەوە لە ناوچەکانی تری ئێران زۆر لەپێشترە، ئەمەش یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کوردستانی لە هەرێم و ناوچەکانی دیکەی ئێران جیا کردۆتەوە. دەبێت ئەوەش بوترێت کە کوردستان خاوەنی ڕابردوویەکی پڕئەزموونی چالاکیی بەربڵاو و گشتگیری سیاسی و هەروەها خاوەنی وێژمانی بەهێزی خۆیەتی کە گرینگترین هۆکاری ئەمەش بۆ هەبوونی حیزبە مێژوویی و ڕیشەدارە جەماوەرییەکان دەگەڕێتەوە.
ئەزموونی دەیان ساڵ کاری ڕێکخراوەیی، ڕێکخستن و بوونی حیزبە جیاوازەکان، بوو بەهۆی ئەوەی کە کوردستان بە شیوەیەکی جیاواز لە بەرانبەر ڕێژیمی داگیرکەری ئێراندا بەرگری لە خەبات و شوناسخوازیی خۆی بکات. زۆر بەڕوونی و سانایی لە شەقامەکانی کوردستان و لە دروشمەکانی خەڵکدا کاریگەریی دیسکۆرس و وێژمانی حیزبەکان، بەتایبەت لە دروشمی "هەموو خاکی ڕۆژهەڵات، بۆتە قەڵای دێموکرات... قاسملوو، قاسملوو ڕێگەت درێژەی هەیە و..." کاریگەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دیار و بەرچاوە.
کۆمەڵگەی کوردستان بە هۆکاری ژینگە سیاسییەکەی و خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی حیزبە سیاسییەکانی بۆ ئازادی و ڕزگاری، زۆر بە باشی خوو و تایبەتمەندییەکانی ڕێژیمی دیکتاتۆر دەناسێت و بەپێی ئەو شارەزاییەی کە لەسەر ڕێژیمی داگیرکەری ئێران هەیەتی، پلان و بەرنامەی داهاتووی خۆی دادەڕێژێت کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە و چارەنووسسازە و هەروەها دەبێتە هۆی جیاوازیی پێگەی کوردستان لە هەرێم و ناوچەکانی تری ئێراندا.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەوەی کە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تری ناو جوغرافیای سیاسیی ئێران چارەنووسیان گرێدراوی یەکترە، دەبینین کە بەشێکی هەرە زۆری کۆمەڵگەی ئێران (بەتایبەت دانیشتووانی شارەکانی ناوەند) بەهۆی ژینگەی ناسیاسی، نەبوونی ئەزموونی ڕێکخستن، نەبوونی پاشخانی کاری ڕێکخراوەیی و هەروەها نەبوونی ژێرخانی سیاسی و چالاکیی ئامانجدار، شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەسەر میکانیزمی خەبات و شێوازەکانی بەرەوڕووبوونەوەی ماشینی سەرکوتکردنی دیکتاتۆر نییە و بەگشتی هیچ زانیارییەکیان لەسەر ڕەوتی یەکپارچەخوازی نییە و هەموو کێشەکان لە مانەوەی حکوومەتی ڕێژیمی ئیسلامیدا دەبینن. بۆیە لە بەشێکی گەورەی جوغرافیای سیاسیی ئێران و هەروەها لەنێو چینە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدا تێگەیشتنێکی ورد و دروست لە کێشە و نەهامەتییەکانی ژیانی کەمینەکان (لە هەموو ڕەهەندەکانەوە) نییە. بۆ نموونە؛ تەنانەت لە بەشی توێژی بلیمەت و ئێلیتی ئەم کۆمەڵگەیەشدا ڕێژەیەکی زۆریان هێشتا جۆرەکانی زوڵم و ستەمی سیستەماتیکی وەک: ڕەگەزپەرەستی، بەفەرمیناسینی مافی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێران، پرسەکانی ژنان، کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان، کەمینە ڕەگەزییەکان، کەمینە ئایینییەکان و هەموو ئەو شتانەی کە لە بزووتنەوە ئازادیخوازە پێشڕەوکاندا دەبینین، ناناسن و هەنووکەش نازانن چین.
زۆرینەی ئەوان تەنیا بوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئاخوندی بە دوژمن دەزانن، نەک لەو ڕوانگە ستەمکارانەی پیاوسالاریی ناوەندگەرای شیعەی فارسیی ئێرانشارییەوە کە زۆر جار سنوورەکانی فاشیزمیش تێپەڕ دەکات و دەیان ساڵە خوێنی نەتەوەکانی تر و خەڵکانی ئەو وڵاتە دەکەنە شووشەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو جۆرە وێناکردنە دەتوانێت لە خودی ڕێژیمی ئیسلامییش مەترسیدار بێت و لە درێژەی ئەو ڕێگەیەدا جارێکی تر ئێمە بخەنەوە باوەشی ملهۆڕییەتێکی دیکە و بەرەو کوشتارگەی دیکتاتۆریەتێکی دیکە بمانبەن. هەڵبەت کە ئەگەر ڕێژیمی ئیسلامی لەگەڵ دەبەنگیدا یەکسان پێناسەیان بکەین، بێگومان دەبێت بە چەکی زانست و وشیارییەوە بچینە گۆڕەپانی خەبات بە دژی دەبەنگی، نەک تەنیا دژایەتیکردنی! هەرچەندە ئەم بەشە گەورەیەی کۆمەڵگە ئەو پەرچەکردارە بە سیاسی دەزانن، بەڵام ئێمە ناتوانین سیاسیبوون تەنیا بۆ دژایەتیکردنی ڕێژیمێک دابەزێنین. سیاسیبوون پێویستی بە زانستی سیاسی، داخوازیی مافویستانە، ئاراستە و هەڵوێستگریی سیاسی لەسەر پرسەکان هەیە.
ئێریک فروم، لە کتێبی "دەربازبوون لە ئازادی"دا دەڵێ: زۆرینەی ئەو کەسانەی بە دوای ئازادیدا دەگەڕێن، لەڕاستیدا بە دوای "ئازادی لە" دەگەڕێن، واتە کەسێک یان ناوەندێک ژیانی بۆ ئەوان دژوار کردووە و ئەوانیش بە دوای ئازادی لە دەستی ئەو کەسە یان ئەو ناوەندە دەگەڕێن. ئێمە هەنووکە و لەم کاتە هەستیارە مێژووییەدا لە بەر درگاکانی ئازادیداین و بە کرانەوەی ئەو درگاگەلە، بەرپرسیارەتیی قورس و دژاور دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەکمان. کاتێک ئەو درگایە بکرێتەوە، ئێمە لەگەڵ ئازادییەکی بێسنوور بەرەوڕوو دەبینەوە کە ئەگەر هەموو بنەما و ئەندامانی کۆمەڵگە لە بەرانبەر ئەو دەستکەوتەدا خۆیان بە بەرپرسیار نەزانن، زۆر مەترسیدار دەبێت و لێرەشدا ئەو پرسیارە دەێتە پێش کە ئایا ئەو ڕێژە زۆرەی کۆمەڵگەی ئێران کە سنووری ئازادی تەنیا لە نەمان و ڕووخانی ڕێژیمی ئێراندا بەرتەسک دەکەنەوە، دەتوانن ئەو بەرپرسیارەتییە قورسە بە دروستی و ڕێکوپێکی بگرنە ئەستۆ و بیگەیەننە ئامانج؟ چونکە هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارەتییە قورس و گەورەیە، جیا لە چارەنووسی خۆیان، کاریگەریی لەسەر چارەنووسی نەتەوەکانی دیکەش لە چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی ئێراندا هەیە.
ئێریک فروم ئەم ئازادییە بە "ئازادی بۆ" پێناسە دەکات. "ئازادی بۆ"، دیاری دەکات کە ڕێژەیەکی زۆری کۆمەڵگە بە هیچ شێوەیەک لەسەر بەرپرسیارەتییەکانی ئەو ئازادییە زانیارییان نییە و نازانن کە بۆچی ئازادییان دەوێت. لێرەدایە کە دەبێت بپرسین ئایا ئەو بەشەی کۆمەڵگەی ئێران بە بیستنی دەنگی سەرکوتکراوەکان کە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا کپ کراوە، چە پەرچەکردارێکیان دەبێت؟ ئەو بەشەی کۆمەڵگە یان بە ڕوونتر باسی بکەین، زۆرینەی ئەو کۆمەڵگەیە تا چ ڕادەیەک ویست و داخوازیی فرەپێکهاتەیی و لەڕاستیدا ڕەنگاڵەبوونیان پێ قەبووڵ دەکرێت؟
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کراوە، بە باوەڕی نووسەری ئەم بابەتە، لە بازەیەکی کاتیی هەستیار و مێژووییی هەنووکەدا دەبێت لە ئێستەوە بەجیددی بیر لە "ئازادی بۆ" بکەینەوە، لەبەر ئەوەی کە بەرنامەڕێژییەکی نووسراوە بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بکرێت، چونکە بێگومان لە ڕەوتی هەر شۆڕشێکدا دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە، لە خودی شۆڕشەکە گرینگترن.
و: کاروان مێراوی
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.