ڕەزا دانشجوو
شۆڕشی ژینا لە حاڵێکدا خەریکە دەچێتە مانگی چوارەمی خۆیەوە کە ڕۆڵی سەرەکی و بەرچاوی خەڵکی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کردووە بە ناوەندی سەرنجی شۆڕشگێڕان و میدیاکان. ئەم ڕۆڵە بەنرخ و ناوازەیە دەتوانرێت بە لایەنی کەمەوە لە دوو لایەنی جیاوازدا شرۆڤە و پۆلێن بکرێت.
کوردستان وەک بزوێنەری شۆڕشی ژینا
کوردستان دەستپێشخەری شۆڕشی ژینا بوو. پریشکی شۆڕش لێرەدا لێ درا و لە ڕاستیدا شۆڕش لێرە لەدایک بوو. ڕۆژهەڵات بە هەڵبژاردنی دروشمی وشیارانە و مرۆڤدۆستانە لەسەر بنەمای واقیعەکانی کۆمەڵگە، توانی نەک هەر نەتەوەکانی تری ئێرانی، بەڵکوو کۆمەڵگەی جیهانییش پەلکێشی شۆڕشەکە بکات، تا ئەو ئاستەی ئێستا دروشمەکانی شۆڕشی ژینا وەکوو مانیفێستێکی ئازادی نەک تەنها لە وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکوو لە وڵاتانی زۆر دوور لە جوغرافیای شۆڕشی ژینا پەیڕەو دەکرێت.
کوردستان تەنیا دەستپێشخەری شۆڕشی ژینا نەبووە و نییە، لە چەند کاتی جیاوازدا کە شەپۆلی بزووتنەوەی شۆڕش بەرەو خوارەوە و لاوازی بوو، شارەکانی کوردستان توانییان بە دەرکەوتنێکی شۆڕشگێڕانە شەپۆلێکی نوێ دروست بکەن و خوێنی نوێ بڕێژنە نێو دەمارەکانی شۆڕش. تا ئێستا لانیکەم چەند جار ئەم جۆرە دەرکەوتنە لە کوردستان بیندراوە.
کوردستان وەک ڕێکخەری شۆڕشی ژینا
کوردستان چ لە قۆناغی بزووتنەوەی شەقام وچ لە کاتی مانگرتندا، ڕێکخەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بووە. فۆرم و شێوازی ئامادەبوونی خەڵکی کوردستان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تاکتیکی شەڕکردن بە تەواوی وشیارانە و لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە هەلومەرجی هەنووکەیی بووە و هەیە. لە ڕاستیدا تێکەڵکردنی ناڕەزایەتی و مانگرتن، شێوەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە زانکۆکان، هێنانی ناڕەزایەتی بۆ قوتابخانەکان و بەستنەوەی بە شەقامەوە، ڕێکخستنێکی زۆر هاوئاهەنگ و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان نیشان دەدات.
ئەرکی مێژوویی نوخبەی سیاسیی کورد
سیاسەتمەداران و ڕووناکبیرانی هەر کۆمەڵگەیەک، وەک چینێکی خوێندەوار و ئاگادار لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، دەتوانن ڕۆڵێکی زۆر گرینگ و سەرەکی لە ڕێنماییکردن و ئاراستەکردنی بزووتنەوەی کۆمەڵگەدا بگێڕن. لە ڕاستیدا ئەم چینە کە ئاگاداری پرس و ڕێسا سیاسییەکانن دەتوانن لە ڕێگەی پشکنین و شیکردنەوەی داخوازییەکانی کۆمەڵگە وهاوکات دۆزینەوەی چەندایەتی و چۆنیەتی کەموکورتییەکان ڕێگەچارەی کردەیی و ئەکادیمی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان کۆمەڵگە بدۆزنەوە. ئەم لێکنزیکبوونەوە و هەماهەنگییەی نێوان نوخبەکان و جەستەی هەر کۆمەڵگەیەک گرنگترین مەرجە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئەو کۆمەڵگەیە، دیارە ئەم هەماهەنگییە لە بارودۆخی تایبەت و وەرچەرخانی مێژووییدا زۆر پێویستتر دەبێت.
بەداخەوە ئەوەی تا ئێستا لەسەر تێوەگلانی نوخبە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە پڕۆسەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتدا بەدی کراوە، هیچ پەیوەندییەکی بە بەئاگاهاتنەوەی کوردستانەوە نییە. دەنگی سیاسەتمەدار و نوخبەی کورد لە پەراوێزی ڕاستییەکان و ڕووداوەکاندا بووە، لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵات مەیدانی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و دروستکەری دروشمی شوناسی شۆڕشگێڕانە بووە، نوخبەی کورد زیاتر لە پێگەی بەرگریکردن لە واقیعەکانی هەنووکەیی بووە نەک بەرەوپێشبردنی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵات. ئەم پرسە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ڕەوتی دیکە گۆڕەپان بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی بیر و بیرۆکەکانیان ئامادە ببینن و ئەم بۆشاییە وەک دەرفەتێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکاربهێنن.
جێهێشتنی شەقام بۆ سەرکردەکانی شەقام و خەڵکی ئامادەبوو لەسەر گۆڕەپانەکە بەدڵنیاییەوە سیاسەتێکی دروست و لۆژیکییە، چونکە یەکەم: لە کاتی پێویستیدا دەرفەتی وەڵامدانەوەیەکی لۆژیکی و گونجاو بۆ شۆڕشگێڕان دابین دەکات.
دووەم: ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێم بەهۆی بەربڵاوی ناوەندی دەسەڵاتی بڕیاردان و نەناسراوبوونی زۆر سەخت و دژوار دەکات. بەڵام ئەو خاڵەی لەم نێوەندەدا بەتەواوی فەرامۆش کراوە، پێویستی دابینکردنی نەخشەڕێگا و پلانێکی ڕوونە بۆ گەیشتن بە ویست و داخوازییەکانی خەڵک لە قۆناغی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا کە بێگومان لە ئەستۆی نوخبە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە. بەڵام بەداخەوە نوخبەکان هەر وەک گوترا، یان بێدەنگ بوون یان لە پەراوێزی ڕووداوەکاندا سەرقاڵی بابەتگەلێکی بێبایەخ بوون.
ڕاستییەکی تاڵە مێژووییە کە ڕووناکبیران و نوخبە سیاسییەکانی کورد، بە هۆکاری تەواو بێبایەخ، هەمیشە وزەی خۆیان تەنیا لەسەر بەرگریکردن لە ڕەوتی ئازادیخوازی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە بەرامبەر ڕەوتێکی خۆبەناونیشانی ناوەندگەرا چڕ کردووەتەوە و هەرگیز نەیانتوانیوە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی پێشکەوتوو خاوەن پلانی تایبەت و هەڵگری بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵات مامەڵە لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بکەن.
پرسیار ئەوەیە، تا کەی بزووتنەوەی سیاسیی کۆمەڵایەتیی کوردستان وەک تۆمەتبارێک لە بەرامبەر بزووتنەوەیەکی وەهمگەرا ڕۆڵ دەگێڕێت؟ تێڕوانینێک کە لە بنەڕەتدا ڕوون نییە کە بەدوای چیدا دەگەڕێت و چی دەوێت، تێڕوانینێکی وەهمی کە هیچ شتێک لە ڕابردوو هەڵناگرێت و هیچ پلانێکی بۆ داهاتووش نییە. ئەم بزووتنەوە وەهمییە کەی و چۆن ئەم شوێنە خەیاڵییەی بەدەست هێنا؟ ئایا خۆنواندن ئەم ڕەوتە وەهمییە، لانیکەم لە میدیاکاندا، بەهۆی لاوازی ئەدای سیاسییەکانی کوردەوە نییە؟ ئایا ئەم میدیا و کاناڵانەی کە هەمیشە پرسیاری یەکەمیان لە چالاک، نوخبە و بزووتنەوەی سیاسیی کورد پرسی جوداخوازییە، هەرگیز پرسیارێکی وایان لە بزووتنەوەی پێچەوانە کردووە، یان تا ئێستا هیچ پرسیارێکیان لەم بزووتنەوەی وەهمییە سەبارەت بە دیکتاتۆرییەت، پاشایەتی، شوێنیزم، ئاسیمیلاسیۆن و هتد کردووە؟ ئایا ئەمە جۆرە مامەڵە کردن میدیا لەگەڵ سیاسیی کورد بەهۆی شێوەی هەڵسوکەوتی هەمیشە دیفاعیی لایەنی کورد نییە؟ ڕاستی بۆ ئێمە ناپرسین؟ بۆچی تەحەدای ئەم ڕەوتە تەواو درۆ و ناڕاستە ناکەین؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ڕووناکبیران و نوخبە سیاسییەکانی کورد فرێکانسی دەنگی خۆیان لەگەڵ فرێکانسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا ڕێک بخەن و ببنە پێشەنگی شۆڕشی ژینا نەک تەنها شوێنکەوتوو؟ ئایا کاتی وەی نەهاتووە بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تاکتیکی ڕووبەڕووبوونەوە دا لە پێگەیەکی بەرگرییەوە بۆ پێگەیەکی پێشکەوتوو و چالاک بچین؟ فیدرالیزم وەشانێکی پێشکەوتوویە بۆ گەڕاندنەوەی مافی نەتەوەکانی ئێران و گەڕاندنەوەی شکۆمەندی ئێرانی کۆن. کاتێک کورد پلانێکی وا بەهێزی بۆ ئایندەی ئێران هەیە، بۆچی ئەم پلانە نە ڕیکلامی بۆ دەکرێت و نە پەرەی پێ دەدرێت؟ ئایا دەکرێت بنەما پێشکەوتنخوازەکانی دەوڵەتداری لە پەراوێزدا بن و کوڕی دیکتاتۆرێکی پێشوو یان هەندێک ئەکتەر و... باسی حوکمڕانی بکەن؟ ئەمە داوایەکی گشتییە لە هەموو نوخبە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە شێوەی حیزب یان تاک یان بزووتنەوەیەکی ڕووناکبیری، تکایە گێڕەرەوەی داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بن، تکایە لە پەراوێزەوە وەرن بۆ دەق، تکایە دەنگی بیری سیاسی و پێشکەوتنخوازانەی خەڵکی کوردستان بن، تکایە وەک خەڵکی ڕۆژهەڵات دەنگتان بەرز و بێسانسۆر بێت. با وەک "ژن، ژیان، ئازادی"، وەک "کوردستان گۆڕستانی فاشیستان"، وەک خەڵکی ڕۆژهەڵات، شۆڕشگێڕ و بێسنوور و لە هێڵی پێشەوەی خەباتدا بین.
هێندێک جار باشترین بەرگری هێرشبردنە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.