کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی پانێلی وتووێژی خاڵی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکان لە هەولێر

16:25 - 3 رێبەندان 2722

پانێلی وتووێژی خاڵی هاوبەشی نێو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان و لە یادی ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکەمین کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئەنجومەنی لاوانی کوردستان کە بریتین لە ڕێکخراوەکانی لاوانی حیزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، بە مەبەستی زۆرتر لێک‌نزیکبوونەوە و گفتوگۆی نێوان حیزبە جیاوازەکان و خستنەڕووی ڕا و بۆچوونەکانیان لەسەر کۆی کێشەکان لە هەرێمی کوردستان، پانێڵی گفتوگۆی خاڵە هاوبەشەکانی نێو حیزبە سیاسییەکانی بۆ بەرپرسانی حیزبەکان بەڕێوە برد.

لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی لاوان، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر، بەڕێز محەممەدساڵح قادری و هەروەها شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرستیی پێشەوا عەلی‌پوور، سکرتێری یەکیەتیی لاوان، بەشدارییان لەم چالاکییەدا کرد و لە ناوئاخنی پانێلەکەدا بڕگەیەک تەرخانکرابوو بۆ ڕێزلێنان لە حیزبی دێموکرات وەک حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان.

 لەلایەن بەڕێز مەیسەر عوبێد، سەرۆکی ئەنجومەنی لاوان، تەندیسی کۆماری کوردستان و ڕێزلێنانێک پێشکەش بە بەڕێز محەممەدساڵح قادری نوێنەری حیزبی دێموکرات لە هەولێر کرا.

پاشان نوێنەری حیزب چەند وتەیەکی بەبۆنەی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان و یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە لەلایەن لاوانی باشوور و هەروەها دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.