کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەڕوانیی ناتوندوتیژی لە خەڵکانی بندەستە و سەرکوتکراو، ڕەوایە یان ناڕەوا؟

08:37 - 4 رێبەندان 2722

ئیریکا چنووت/ و: عەلی بداغی

ئاماژە: ئەو دەقە وەرگێڕانی لاپەڕەکانی ٥٧-٥٨ و هەروەها  ٧٨ هەتا ٨٠ی کتێبی "خۆڕاگریی مەدەنی: ئەوەی هەمووان دەبێ بیزانن"، نووسینی ئیریکا چنووت، مامۆستای مافی مرۆڤ و کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی هارواردە. ئەم کتیبە ساڵی ٢٠٢١ چاپ و بڵاو بۆتەوە.

ئەم بابەتە دەیەوێ وەڵامی دوو پرسی گرینگ بداتەوە کە ئاخۆ چاوەڕوانیی ناتوندوتیژی لە خەڵکانی بندەستە و سەرکوتکراو، ڕەوایە یان ناڕەوا؟ هەروەها ئایا زیانگەیاندن بە سامان و شوێنە دەوڵەتییەکان بەشێکە لە "بەرگریی مەدەنی" ؟

***

ئاخۆ ئینساف و ڕەوایە چاوەڕوانیمان لە خەڵکی چەوساوە و بندەستە هەبێ لە خەبات و ململانێی خۆیان لەدژی ستەم، سەرکوت و زۆرداریدا تەنیا خۆڕاگریی مەدەنییان هەبێت و خۆ لە هەر توندوتیژییەک بەدوور بگرن؟ وەڵام "نا"یە.

گاندی لە ڕۆژنامەی "هاریجان"دا نووسیی: "لەگەڵ ئەوەدا پەنابردنە بەر توندوتیژی بە ڕەوا نازانم، بەڵام کاتێک ئەو توندوتیژییە بۆ بەرگری لە خۆت، یان بۆ داکۆکی لە خەڵکی بێ‌ئەنوا و داماوان بێت گەلێ باشترە لە خۆبەدەستەوەدانی ترسنۆکانە و پتر کردەوەیەکی بوێرانەشە... هەر کەسێک دەبێ لە خۆی‌ ڕا بڕوانێ و کەسی دی نە دەتوانێ و نە بۆی هەیە ڕێوشوێنی بۆ دیاری بکات."(١) جا بۆیە ئینساف نییە ئەو کەسانەی دژی ستەم و سەرکوت و چەوسانەوە خەبات دەکەن، لێمان بوێن ڕێبازی خەباتی خۆیان بەپێی نەخشەڕێی داڕێژراوی کەس و لایەنەکانی دی دیاری بکەن، تەنانەت ئەگەر کەسانێکیش پێیان وابێ ئەو شێواز و مێتۆدانەی ئەو خەڵکە بۆ خەباتەکەیان گرتوویانەتە بەر، لەوانەیە ئاکام و دەرەنجامی پێچەوانەشی لێ بکەوێتەوە.

هەروەک چۆن "ویلمێت بڕاون"، چالاکی مافەکانی ژنانی ڕەش‌پێست نووسیویەتی:

"هەتا ئەوکاتەی کە مافی دیاریکردنی چارەنووس، هاوپەیمانانی جێی متمانە و کەرەستەکانی خۆڕزگارکردن بە خەڵکی ڕەش‌پێست بەڕەوا نابیندرێ، ئێمە چارمان نییە پشت بە تەنیا هێزی خۆمان بە مەبەستی دەستەبەری هێزی زیاتر ببەستین و تواناکانی خۆمان بۆ ڕووخاندنی هێزەکانی دژبەرمان دابنێین. لەو بەستێنەدا توندوتیژییەکانی ئێمە لەپێناو بەرگری و پاراستنی خۆمانە؛ کەچی خەڵکانی سپی‌پێست کە خاوەنی هێزی زیاتر لە ئێمەن، نسحەت و ئامۆژگاریمان دەکەن کە خۆ لە توندوتیژی بەدوور بگرین، ئەوان خۆیان لە پلەوپایەکی پاساوهەڵنەگر دادەنێن و ئیزن بە خۆیان دەدەن جۆری چەکەکانی ئێمەش لەدژی خۆیانمان بۆ هەڵبژێرن."(٢)

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ڕەواییەتی ئەخلاقی لەلایەک و دەرەنجامی سیاسی لەلایەکی دیکە لەو بەستێنەدا دەکەونە ملبەملێی یەکتری. زۆر لە خاوەن‌ڕایانی خۆڕاگریی مەدەنی لێکدانەوە و شرۆڤەکانیان بەتاڵە لە پرس و بایەخە ڕەوشتییەکان و تەنیا لەسەر دەستەبەری ئاکام و دەرەنجام هەڵوێستە دەکەن و گوێ لەو بابەتە دەخەوێنن. کەم نین ئەوانەش لەسەر  چارەنووسی کەسانی بندەستە و ژێرچەپۆکە و ئەوە کە چ شێوازێکی خەبات بگرنە بەر، بڕیار نادەن و ئەو بابەتە بۆ ئەوان -خەڵکەکە- دێڵنەوە. بەڵام چ ئەو خاوەن‌ڕایانە و چ ئەوانیدی کەسانێکن لە دەرەوی ئەو جەغزە. لەنێو بزووتنەوەکاندا لەوانەیە چالاکان و خەڵکەکە لەسەر ئەوە ئاخۆ "خۆڕاگریی مەدەنی" بەکەلک و ئاکام‌تەوەرە یان نا، یان ئەوە  چ لایەنێک یان کام ناوەندی بڕیاردەر ماف یان ئیزنی دیاریکردنی شێوازەکانی خەبات بۆ ئەوانیانی هەبێ کێشە و ناکۆکیی زۆریان هەبێت. زۆر جاریش ئەو باس و بابەتە هەستیارانە لەوانەیە بووبێتە هۆی دابڕان و کەوتنەوەی کەلێن و سەرلێشیواوی لە بزووتنەوەکەدا کە سنوورداربوونی ئەو جۆرە چالاکییانەی لێ دەکەوێتەوە کە هاوپەیمانییەکان دەتوانن لەسەریان ڕێک بکەون.

بۆ میناک، کریس ڕاسدێیل کە هەم تیۆریسیەن و هەم ئەکتیڤیستە، ڕەوتی بزووتنەوەیەکی دژی‌چەکداریی بریتانیای لە شەڕی جیهانیی  یەکەمەوە بەولاوە تاوتوێ کردووە. ئەو لە توێژینەوەکەیدا بۆی دەرکەوت لایەنگرانی سەرسەختی ئاشتی دەستیان لەگەڵ ئەوانە نەداوەتێ کە حاشایان لە کردەوەی توندوتیژ لەپێناو بەرگریی ڕەوا لە خۆیان نەکردووە. ئەوان لایان وابوو کە شێوازی توندوتیژ هەم بێ‌ڕەوشتییە و هەم ئاکامی پێچەوانەیان لێ دەکەوێتەوە."(٣) لە بەرانبەر ئەواندا، ئەوانەش کە بژێرەکانی خەباتی توندوتیژیشیان وەلا نەدەنا، وایان دانەنابوو کە دەبێ توندوتیژیی ڕەها و بێ‌سنوور بگرنە بەر، بەڵام لایان وابوو کە لایەنگرانی ئاشتیخوازی و غەوارەکان بۆیان نییە و ئەو مافەیان نادرێتێ بڕیار بدەن  کەسانی ڕاپەڕیوی خۆڕاگر، لە بەردەم سەرکوت و زەبروزەنگی خوێناویی هێزی بەرانبەریاندا چی بکەن و چ نەکەن! بەتایبەت کاتێک کە هێز و دەسەڵاتی ڕەقی ڕکەبەریان لەسەر بنەمای پاوانخوازی لە بەستێنی توندوتیژیدا سوور و مکووڕ بێت.

باس و خواسی لەو چەشنە زۆر جار هێڵی ناکۆکی و دابڕانی لێ دەکەوێتە کە لەوانەیە بەردەوامیی پێکەوەبوون و درێژەدان بە خەباتەکەش بۆ هاوپەیمانەکان دژوار بکات. هێڵی دابڕانەکە لەسەر ئەوە نییە کە کردەوەی ڕاستەوخۆی دژەسەربازی دەبێ ناتوندوتیژ بێت، چونکی زۆرایەتیی بەرە و هاوپەیمانییەکە هاوڕان کە چەندی بکرێ با ئاوها بێت. دابران و ناکۆکییەکە لەسەر ئەوەیە کە کێ مافی دیاریکردن یان سەپاندنی بڕیارێکی بە سەر کەس و لایەنێکدا هەیە کە لە بەرانبەر کەس و لایەنی زۆر بەهێزتر و ناڕەوادا ململانێ و کێبرکێی هەیە. ئەو زنجیرە باس و دڕدۆنگییانە داڕێژەری ڕوانگەی ئیللا بەیکێر (Ella Baker) یەکێک لە ڕەمزە دیارەکانی خۆڕاگریی مەدەنییە کە لە دەیەی ١٩٦٠دا گوتی: "خەڵکێکی ژێرچەپۆکە کە لەژێر پۆستاڵدا پێخوست کراون، ئەوانن دەبێ بڕیار بدەن چ شێوازێکی خەبات دەگرنە بەر بۆوەی خۆیان لە نیری سەرکوت و ژێردەستەیی ڕزگار بکەن."(٤)

ئەوانەی تەتەڵەی بزووتنەوەکان دەکەن نابێ پێشوەختە لایەنگرییان کردبێ و دەبێ قەزاوەت‌کردن لەسەر ئەو بابەتە کە جووڵانەوەکان چ شێوازێکیان گرتۆتە بەر و ئەو ڕێکارانە ڕەوان یان ڕێگەپێنەدراو، بە هەڵپەسێراوی بێڵنەوە. بەتایبەت کاتێک کە سەیرکەران هیچ ستەم و زەبروزەنگێکیان لەسەر نەبێت لە بزووتنەوەیەکدا کە لەهەمبەر ئەوان ە. وەک چۆن "بیل سودێرلەند"، چالاکی ئاشتیخوازی پان‌ئەفریقایی زۆرجار گوتوویەتی: "لەسەر ئێمە نییە بە خەڵک بڵێین کە خۆیان چلۆن ڕزگار بکەن. ئێمە هەر ئەوەندەمان لەسەرە نیری دیلیی حکوومەتەکانمان لە سەر ملی ئەوان هەڵبگرین."

گرینگترین کار کە چاودێران دەبێ بیکەن ئەوەیە فێر بن کە چۆن بە شێوازێکی دڵنیا هاوپشت و پشتیوانی جووڵانەوە کان بن، سەرچاوە و کەرستەی پێویست بخەنە بەردەستیان، و دەرفەت‌گەلی ئەوتۆ بخوڵقێنن هەتا یارمەتیداری سەربەستی و خۆڕزگاکردنی خەڵک بن. لەبری ئەو پرسیارە خەڵکێک کە عەوداڵی ڕزگاری و دادپەروەرین بۆچی پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن و، لەجیات ورووژاندنی ئەو پرسیارە کە ئاخۆ ئەم بڕیارە ژیرانەیە یان نا؛ ئەو جۆرە کەسانە دەتوانن لە خۆیان بپرسن کە ئەوان دەتوانن چ شێوازگەلێکی ناتوندوتیژ بۆ پشتیوانی لە خەڵکێک بگرنە بەر کە لەهەمبەر ستەم و سەرکوتدا عەوداڵی دادپەروەرین.

ئایا زیانگەیاندن بە سامان و شوێنەکان دەچێتە خانەی "بەرگریی مەدەنی"یەوە؟

لەو بارەوە بۆچوونەکان جیاوازن. زۆربەی شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن خەباتی ناتوندوتیژ لەلایەن خەڵکی ناچەکدارەوە دەکرێ و لەودا کەس زیانی پێ ناگا و هەڕەشەی لەسەر نابێت. یەدا زیان گەیاندن بە سامان و دارایی ئەگەر ورد و پلانمەند بکرێ و هەڵگری پەیامێکی ڕوون بێت، دەتوانێ بە شێوازێکی ناتوندوتیژ بۆ کارشکێنی لە کاروباردا دابندرێت. بەڵام ئەگەر بێتوو ئەو کارە هەروا لەگۆترە، بەبێ ئامانج و هەڵنەسەنگێندراو دەستی بۆ ببرێ، یان پەیامێکی لێڵ و ناڕوون بگەیەنێت بەو مانایە  کەلەوانەیە بکەرانی کارەکە مەبەستیان زیانگەیاندن بە کەسێک بووبێت، لە وەها دۆخێکدا بگرە زۆر کەس خەسارگەیاندن بە سامان و شوێنەکان بە دۆخی ناڕوونی "توندوتیژی خوڵقێن" لێک بدەنەوە، جا با بە شێوەیەکی توندوتیژیش نەکرابێت. لەو پێوەندییەدا میناکێکی بەناوبانگ هەیە کە مێژووەکەی بۆ دێسامبری ١٧٧٣ دەگەڕێتەوە.

ئەوکات نیزیک بە ٦٠ ئەمریکایی ناڕازی و لایەنگری سەربەخۆیی کە شێوەی خۆیان وەک سوورپێستەکانی "موهاوک" لێ کردبوو، لە بەندەری بۆستوون چوونە سەر سێ پاپۆڕی بازرگانیی بریتانیا و ٣٤٢ سندووق چایان لەنێو دەریا کرد. ئەوان هەموو هەوڵیکیان ئەوە بوو شتێک لەخۆڕا نەشکێنن، تەنانەت وەک باس دەکەن لە کاتی شکاندنی دەرکی عەمبارێکدا قفڵێکی ئاسنی شکابوو، کە دواتر چوون قفڵێکی نوێیان بۆ هێنا. ئەو کارە زیانی گیانیی لە کەس نەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیامێکی ڕوونی بۆ بەرپرسانی داگیرکەری بریتانیا هەبوو کە خەڵکی کۆلۆنیکراو -داگیرکراو- دەتوانن زیانی ئابوورییان لێ بدەن و بەرژەوندییەکانیان بخەنە مەترسییەوە. وەک باس دەکەن هەر ئەو شەوە زیاتر لە ١٠ هەزار لیرە (زیاتر لە ١/٥ میلیۆن پۆندی ئێستا)یان زیان و خەسار بە بریتانیا دا. ئەوانەی دەستیان لەو کارەدا هەبوو لەلایەن شۆڕشگێرەکانی دیکەوە وەک نیشتمانپەروەر ناسران و پەسنێکی زۆر دران. تەنانەت ڕێبەرانی لایەنگری سەربەخۆیی کە داوای جیابوونەوە لە بریتانیا لەسەر بنەمای سازان و وتووێژ و بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاویان دەکرد، لە مەحکوومکردنی ئەو کارە خۆیان پاراست.

دوو سەدە دواتر، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەیەکانی ١٩٦٠دا بەشێکی زۆر لە دژبەرانی شەڕی ڤیتنام کارتەکانی ئامادە بە خزمەتی سەربازیی خۆیانیان – کە بە دارایی و سامانی فێدڕال دادەنرا- سووتاند. چالاکانی دژەشەڕی دیکەش هەبوون کە بۆ پێشگرتن یان کۆتایی‌هێنان بە شەڕەکان هەوڵیان دەدا چەک و تەقەمەنییەکان بفەوتێنن. لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا فەوتاندن و زیانگەیاندن بە داراییەکان بەبێ ئەوەی زیانی گیانی بە کەس بگات، ئامانجێکی ڕوون و دیاریکراویان لە پشت بوو، هەروەها هەڵگری پەیامێکی ڕوون بۆ بەردەنگی تایبەت بوون. بەڵام زیانگەیاندن بە شوێن و داراییەکان کاتێک بەبێ ئامانج و لێکدانەوە بێت، وەک ئاگرتێبەردانی بیناکان، یان شکاندنی شووشە ئوتومبیلەکان بەتایبەت کاتێک نائانقەست زیان بەر کەسانێک (بۆ نموونە کەسانی ڕێبوار) دەکەوێت، دەتوانێ هەڵگری پەیامی ئاڵۆز و ناڕوون بێت.

شکاندنی شووشە و پەنجەرەکان، سووتاندنی ئوتومبیل و ڕووخاندنی بینا و خانووەکان لەلایەن خەڵکەوە بەر رەخنەی گشتی دەکەوێت. ئەوجۆرە کار و کردەوانە لەلای زۆر کەس پتر تەعبیر لە ئاڵۆزی و پشێوی دەکەن هەتا دوورەدیمەنی پێکهێنانی نیزامێکی دادپەروەرانەتر. هەروەها بەستێنی مێژوویی و کولتووریی هەر کۆمەڵگەیەکیش دەتوانێ شوێن لەسەر کاردانەوە و لێکدانەوەی ئەو کۆمەڵگەیە لەسەر ئەوجۆرە کردەوانە دابنێت. بۆ میناک، لەو وڵاتانەی تازەبەتازە لە شەڕ یان کۆمەڵکوژییەکان قوتار بوون و تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان بەشێک بووە لەو مێژووە، دیسانەکە دەستبردن بۆ سووتاندن و ڕووخاندن بگرە پتر لەوەی هەستی هاوسۆزی و هاوپێوەندی ڕابکشێت، زیانی ڕوحی و دەروونیی گشتیی لێ بکەوێتەوە.

زۆر لە شایەتحاڵ و چاودێران لەمەڕ پەیامەکانی ئەو کردەوانە سەریان لێ دەشێوێ. لەوانەیە بەلای چاودێرانەوە ئاوا لێک بدرێتەوە کە ئاخۆ خۆپێشاندەران تەنیا ڕق و تووڕەیی خۆیان دادەمرکێنن، یان لە سەنگەری نافەرمانی و بەرهەڵستکاری لە بەرانبەر بەرپرسانی پاوانخواز و سەرەڕۆ دان؟ ئاخۆ بە کەمتەرخەمی و لاپرەسەنی خەریکن کاروکاسبییە ناوچەییەکان تێدا دەبەن، یان دەیانەوێ وەک تۆڵە و بە مەبەست هەندێ لەو کاروکاسبییە تایبەتانە بەئامانج بگرن؟ بڵێی مەبەستیان گەیاندنی پەیامێکی بەربڵاوتر لەمەڕ زەروورەتی تێدابردنی سەرمایەداری و نەهێشتنی نابەرانبەرییە ئابوورییەکان لە سۆنگەی ئەوەوەیە؟ ئەگەر ئەوان قۆڵیان لە نەهێشتن و ڕووخاندنی سەرمایەداری هەڵماڵیوە،  دانانی چ شتێکی دیکەیان لەبری ئەو مەبەستە؟ لەو کۆمەڵگە نوێیەدا کام گرووپی مرۆیی جێیان دەبێتەوە و کامانە دەبێ وەلا بندرێن و بسڕدرێنەوە؟

ئەو چەشنە پرسیارانە بڵێی نەڵێی و، وشیارانە و ناوشیارانە زەینی زۆر کەس لەوانە بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکات کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا تێکدان و شێواندنی شوێنە گشتییەکان بە چاوی خۆیان دەبینن؛ تەنانەت ئەگەر ئەو زیانگەیاندنانە لە فۆڕمە زانستییەکەیدا بە جووڵەیەکی توندوتیژیش دانەنرێن. ئەمە دەبێتە هۆی بیرهێنانەوەیەکی گرینگ: ئەوە کە کردەوەیەک لەژێر ناوی بێبەری‌بوون لە توندوتیژی پۆلێن دەکرێ، مەرج نییە وەک تاکتیک یان شێوازێکی خەبات ژیرانە بێت، کە دیارە پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە.

***

  Gandhi, Harijan, October 27, 1946, pp. 369–70.

Brown, Wilmette. 1984. Black Women and the Peace Movement Bristol: Falling Wall Press, pp. 22–23.

Rossdale, Chris. 2019. Resisting Militarism: Direct Action and the Politics of Subversion Edinburgh: Edinburgh University Press.

Quoted in Hoyte, Harry. 2016, June 30. “Ella Baker and the Politics of Hope—Lessons from the Civil Rights Movement.” Huffington Post,

https:// www.huffpost.com/entry/ella-baker-and-the-politi_b_7702936.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.