كه‌ریم په‌رویزی
له ڤیدیۆیه‌كدا كه له سۆشیاڵ‌میدیا له‌م ڕۆژانەی سه‌ره‌تای زستانی ٢٧٢٢ی كوردیدا بڵاو بۆته‌وه، موژگان كاوسی، چالاك و نووسه‌ری كورد خه‌ریكی ته‌مووره‌ژه‌نینه. ته‌مووره ئامێرێکی مووسیقاژه‌نینه كه تایبه‌ته به كورد و له‌نێو كوردستاندا كه‌سانی به‌ناوبانگی مۆسیقاژه‌ن وه‌كوو شه‌هرام نازری به ئێران و جیهانیان ناساندووه و هه‌م بۆ ڕێوره‌سمه ئایینیه‌كان و خوێندن و به‌ڕێوه‌بردنی سروودی مه‌زهه‌بی و هه‌م بۆ سروودی حه‌ماسی به‌كار دێ.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و ڤیدیۆیه‌دا زۆر گرینگه، خودی ئاهه‌نگه‌كه نییه، به‌ڵكوو هێماكانی نێو ڤیدیۆكه‌یه كه له‌یه‌كه‌م نیگادا ده‌ر ناكه‌وێ و تۆزێ وردبوونه‌وه، توێژاڵه‌كان هه‌ڵ ده‌دداته‌وه و دیوه شاراوه‌كان زیاتر و ڕوونتر ده‌رده‌خا.
ڤیدیۆی ته‌مووره‌ژه‌نینی موژگان كاوسی له ڕۆژانێكدا بڵاو بۆته‌وه كه ده‌زگای بێدادی ویلایه‌تی فه‌قیهی، تاوانی فه‌ساد له‌سه‌ر ئه‌رزی خستۆته پاڵ موژگان! له‌م ڤیدیۆیه‌دا ژنێك ده‌ر ده‌كه‌وێ! ئه‌مه له كاتێك‌دایه كه ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی زۆر به‌ده‌ست ژنانه‌وه هه‌راسانه و زیاتر له چوار ده‌یه‌یه كه ده‌یه‌وێ ژن له ماڵه‌وه بشارێته‌وه و گه‌ر هاته‌ده‌ر له‌ژێر چادری ڕه‌شدا داپۆشراو بێ. ئه‌م ژنه سوورپۆشه به هه‌وریه‌وه كه له‌م ڤیدیۆیه‌دا ته‌مووره ئه‌ژه‌نێ، كورده! كوردێك كه له ده‌سه‌ڵاتی حاكم له تاران‌دا وه‌كوو غه‌یره چاوی لێ ده‌كرێ و ترسێكی فراوانی لێ هه‌یه و به‌رده‌وام له دۆخی هه‌راسانی و ئه‌منییه‌تیدا چاو له كورد و كوردستان ده‌كا و پێی وایه كه گه‌ر ڕۆژێك ڕێژیم مه‌ترسیی ڕووخانی له‌سه‌ر بێ له درگای كوردستانه‌وه دوژمنان دێنه ژووره‌وه!
له‌م ڤیدیۆیه‌دا جیا له ژنه كورد، تاكێكی یارسانه ته‌مووره دەژه‌نێ، كه له باری ئایینیه‌وه ڕێژیم ئینكاری ئایینه‌كه‌یان ده‌كا و ته‌نانه‌ت بۆ فۆرم پڕكردنه‌وه بۆ به‌شداری له هه‌ر شتێكی ڕه‌سمی له ئێران‌دا هیچ جێگایه‌ك بۆ یارسان و پێڕه‌وانی ئایینی یاری نییه و ئه‌وان ده‌بێ خۆیان وه‌كوو شیعه بناسێنن به حكوومه‌ت! ئایینی یاری له ڕوانگه‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهه‌وه هه‌ر بوونی نییه تاكوو له فۆرمی ناونووسیشدا جێی بكاته‌وه!
ژنه كوردی یارسان له‌م ڤیدیۆیه‌دا خه‌ریكی ژه‌نینی ته‌مووره‌یه و ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئامێرەکانی مۆسیقا و ژه‌نینی مۆسیقا له لایه‌ن ژنه‌وه به حه‌رام ده‌زانێ!
پێشتر و پێش له شۆرشی ژینا، موژگان كاوسی چه‌ند جاری دیكه ده‌سبه‌سه‌ر كرابوو و تاوانی بانگەشە دژی نیزامی خرابووه پاڵ، به‌ڵام له‌م قۆناخه‌دا دوای دووباره ده‌سبه‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ژنه چالاكێكی كورد كه له تاڵشی دوور له نیشتمانی كوردستان و له شوێنی دوورخرانه‌وه‌ی كورده‌كان له سه‌رده‌می سه‌فه‌وی و دواتر قاجاریدا هاتۆته دونیا، تاوانی توندتر ده‌خه‌نه پاڵ: ناوی فه‌ساد له‌سه‌ر ئه‌رز! دیاره كه كوردبوون و ژن‌بوون و باسكردن له مافی تاك و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییت له چاوی ئه‌م ڕێژیمه‌وه فه‌ساده له‌سه‌ر زه‌وی و ئێسته كه دۆخی شۆڕش گه‌رمتر بووه، ڕێژیمیش هارتر له‌جاران حوكم ده‌دا.
ئه‌م كورته ڤیدیۆیه حیكایه‌تێكی قووڵی پێیه بۆ گوتن، حیكایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه له بنده‌ستیدا ڕاگیراوه و به هێزی نیزامیی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن بیانییه‌كانه‌وه، خاكه‌كه‌ی داگیر كراوه و هروژم بۆ سه‌ر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هێنراوه و له ڕێگه‌ی ئه‌م هرووژمه‌وه ده‌چێته نێو ناخی هروژمبه‌ر كه ده‌زگایه‌كی پان و به‌رینی ئینكار و سه‌ركوت و حاشالێكردن و تواندنه‌وه‌یه له ئێران‌دا كه ده‌یه‌وێ هه‌ر ڕه‌نگ و سیمایه‌كی غه‌یرو ئه‌ویتر بسڕێته‌وه و ئوممه‌تی واحیده‌ی به یه‌ك زمان و یه‌ك ئاڵاوه دروست بكا و به چه‌واشه‌كاریش بڵێ كه ئه‌مه هه‌ر هه‌میشه وابووه و هه‌ر واده‌بێ!
دۆخێك كه له ئێران‌دا زاڵه ته‌نیا دۆخی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی سه‌ره‌ڕۆ نییه كه ده‌یه‌وێ به زۆرداری حوكم بكا. گه‌ر ته‌نیا پرسه‌كه سیاسی بوایه و پرسی ده‌سه‌ڵات و هێز بوایه، ڕه‌نگه دوای چه‌ند ده‌یه سه‌ركوت و سه‌ركوتكاری، نه‌وه‌یه‌كی دیكه له‌دایك بوایه و ملی به زۆره‌ملێیه‌كانی ده‌سه‌ڵات نه‌دایه و منداڵێك له سه‌ر شه‌قام هاواری بكردایه كه پاشا ڕووته و ئیتر وه‌همی هه‌تاهه‌تایی بوونی ده‌سه‌ڵات داده‌ڕووخا و سیاسه‌ت ده‌گۆڕدرا و سیما سیاسییه‌كانیش ده‌گۆڕدران.
به‌ڵام له ئێران‌دا به گۆڕینی سیاسه‌ت و سیما سیاسییه‌كانیش له سه‌رده‌می مه‌شرووته‌وه تاكوو ئێستا هه‌ر دووباره و دووباره تۆتالیتاریزم ده‌ژیێته‌وه‌و سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه.
مه‌شرووته‌خوازان سه‌ر ده‌كه‌ون، دوایه حه‌مه‌عه‌لیشا كوودتا ده‌كا، دووباره ڕاده‌په‌ڕنه‌وه به‌دژی حه‌مه‌عه‌لی شا، ئه‌م جار سه‌ید زیا كوودتا ده‌كا؛ هێشتا سه‌ید زیا جێ نه‌كه‌وتوه ڕه‌زای می په‌نج كوودتا ده‌كا. مه‌شرووته‌خوازان سه‌ركوت ده‌كرێن و ڕه‌زا میرپه‌نج ده‌بێ به ڕه‌زا شا! ڕه‌زا شا وه‌ده‌ر ده‌نرێ و دوایه سه‌رده‌می میللیكردن و موسه‌دق دێ كه‌چی كودتا ده‌كرێ و حه‌مه‌ڕه‌زا شا دێته‌وه! ڕاپه‌ڕین دژی حه‌مه‌ڕەزا شا ده‌كرێ كه‌چی خومه‌ینی ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێ! له‌نێو خودی ڕێژیم‌دا باڵێك به‌ناوی ئیسڵاح‌خواز په‌یدا ده‌بن هه‌وڵی گۆڕینی سیاسه‌ت ده‌ده‌ن، به‌ڵام خامنه‌یی ده‌بێ به نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر ئه‌رز و هه‌موو كونجێكی وڵات ده‌ته‌نێ! دیاره كه له ئێران‌دا پرسه‌كه سیاسه‌ت و گۆڕینی سیاسییه‌كان نییه، به‌ڵكوو شتێكی دیكه له ئارادایه كه ده‌بێ ئه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێ، به‌ڵام ئه‌و شته چیه؟
له شۆڕشی ژینادا، كه به شه‌هیدكردنی كچه‌كوردێك له پێته‌ختی وڵات ده‌ستی پێ كرد، وه‌كوو گه‌رده‌لوولێك به سه‌ر شاخ و پێده‌شت و چۆم و دۆڵ و شار و ناوچه‌ی ئێران‌دا هه‌ڵی كرد و زۆر شتی ئه‌م دیو و ئه‌و دیو كرد. هه‌تا چه‌ند ڕۆژ پێش له‌وه له ناوه‌ندی ئێران باسكردن له كورد و به‌لووچ و عه‌ره‌ب و تورك و ... وه‌كوو په‌راوێزی هه‌واڵێكی زۆر دووره‌ده‌ست بوو. به‌ڵام له‌ناكاو كوردستان بوو به پێشه‌نگی خه‌بات و شۆڕش له ئێران و ته‌نانه‌ت له تارانه‌وه به حه‌سره‌ت و تامه‌زرۆییه‌وه چاو له كورد و كوردستان ده‌كه‌ن!
چی گۆڕاوه و چی به‌ره‌و گۆڕان ده‌چێ؟!
هه‌رجۆر سته‌م و سته‌مكاری و بێدادییه‌ك، ڕه‌نگه بۆ ماوه‌ی كاتی به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجێك بۆ ستەمه‌كار و لایه‌نگره‌كانی دابین بكا، به‌ڵا له درێژماوه‌دا هه‌ر ئه‌و سته‌مه ده‌بێته زنجیرێ و پێوه‌نێك كه سته‌مكار و هاوپیاڵه‌كانی ده‌به‌ستێته‌وه و ده‌یانكێشته نێو زه‌لكاو. سته‌م گه‌ر فراوانتر بێ، زه‌لكاوه‌كه‌ش فراوانتر و گه‌ر بگاته ئاستی پێناسه و ناسنامه و دابه‌شكردنی نێو نه‌ته‌وه‌كانی ژێر ده‌ست، ده‌بێت هۆی زه‌لكاوێكی مێژووی كه ده‌ربازبوون لێی دژوارتر ده‌بێ بۆ سته‌مكار و ده‌ستوپێوندییه‌كانیشی.
كاتێك كه له تاران‌دا ده‌سه‌ڵاتداران، كورد و تورك و به‌لووچ و ئایین و توێژه‌كانی غه‌یره پیاو و غه‌یره‌فارس و غه‌یره‌شیعه‌ی ملكه‌چی ویلایه‌تی فه‌قیهی به ئه‌ویتر و غه‌یره ناو ده‌به‌ن و به شایانی سه‌ركوتی ده‌زانن و خوێن و ماڵ و ژیان و له‌شیان حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن بۆ هاوپیاڵه‌كانیان، پیاوی فارس یا پیاوی پێڕه‌وی ویلایه‌تی فه‌قیهی دونیایه‌ك چێژ و سامان و ده‌سه‌ڵاتداری ده‌بینێ كه ده‌توانێ تێر چێژیان لێ وه‌رگرێ و قامچی به‌ده‌ست داده‌گژێته سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ویلایه‌تی فه‌قیهـ به سووكیان پێناسه ده‌كا.
ئه‌م پێناسه‌یه نه‌ك ته‌نیا ویلایه‌تی فه‌قیهیه به‌ڵكوو ڕێژیمی پاڵه‌ویش هه‌مان پێناسه‌ی هه‌بوو و بیركردنه‌وه‌ی ئێرانشه‌هریش هه‌مان پێناسه‌ی هه‌یه؛ ته‌نیا جیاوازیی ئه‌وه‌یه كه ڕه‌نگه ئه‌وان ژن وه‌كوو ئامرازێ بۆ شاردنه‌وه و به‌شاراوه‌یی چێژوه‌رگرترن چاوی لێ نه‌كه‌ن به‌ڵكوو ژن وه‌كوو ئامرازێك بۆ به‌كاڵاكردن و هێنانه سه‌ر ویتیرین ببینن! جیاوازییه‌كه‌یان ته‌نیا له شێوازی به‌كاڵاكردنی ژن‌دا بێ! ئه‌م ڕوانینه كۆلۆنیاڵیستیه، قازانجی كاتیی بۆ كۆلۆنیالیست و هاوپیاڵه‌كانی هه‌یه، به‌ڵام له درێژماوه‌دا ئه‌وانیش ده‌خاته نێو دۆخی به‌هه‌ده‌ردانی سه‌رمایه و ژیان و وزه‌وه و له‌ڕاستیدا كۆلۆنیاڵیزم وه‌كوو چاڵێكی لێ دێ كه سته‌مكار و سته‌ملێكراو پێكه‌وه هه‌ڵده‌لووشێ و به‌ره‌و خواریان ده‌با.
له ده‌ورانێكه‌وه كه خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت خه‌ڵكانی ئێران له‌گه‌ڵ مۆدێرنیزمی ئورووپایی‌دا ئاشنا بوون و به تامه‌زرۆییه چاوی لێ ده‌كه‌ن و له مه‌شرووته به‌م لاوه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن كه پێی بگه‌ن تاكوو ئێسته چه‌ندین ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی سیاسی‌یان به‌ڕێوه بردووه و چه‌ند جۆر حكوومه‌تیان تاقی كردۆته‌وه، به‌ڵام چوونه‌وه نێو چاڵی وه‌یلی كۆلۆنیاڵیزم له‌جێی خۆی بووه! هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان ته‌نیا په‌له‌قاژه بووه و دووباره چوونه‌ته‌وه خانه‌ی سیفری تۆتالیتاریزم و سه‌ركوتكاری و ئازارچێشتن!
له ئێران‌دا پێش له هه‌موو وڵاته‌كانی ناوچه شۆڕشی مه‌شرووته هاته ئاراوه و ویستیان ژیانی مۆدێرن بژین. له ئێران‌دا پێش له كۆره‌ی باشوور و ته‌نانه‌ت ژاپۆنیش ویستیان به‌ره‌و دونیای گه‌شه‌كردوو هه‌نگاو بنێن، به‌ڵام ئێسته و له ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی‌دا له ڕیزی وڵاتانی وه‌كوو سۆمالی و بۆركینافاسۆدایه! هه‌رجاره و هه‌وڵ و ڕاپه‌رینی خه‌ڵكی ئێران به ناكامی ماوه‌ته‌وه و دووباره سته‌مكارێكی دیكه و ملهوڕێكی دیكه هاتۆته‌وه سه‌ركار، چوونكه تێ نه‌گه‌یشتوون كه له چاڵی وه‌یلی كۆلۆنیاڵیزمی نێوخۆیی‌دا گیریان كردوه!
كۆلۆنیاڵیزم وای لێ ده‌كا كه بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كان دۆخی ئاورته له وڵات حاكم بكا! هه‌روه‌ك ئه‌وكات ڕه‌زاشا هێرشی كرده سه‌ر نه‌ته‌وه‌كان یان حه‌مه‌ڕه‌زاشا هروژمی بۆ سه‌ر كۆماری كوردستان و ئازه‌ربایجان برد یا خومه‌ینی حوكمی جیهادی به دژی كوردستان ده‌ر كرد. دۆخی ئاورته یانی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازادی و دواتریش خنكاندنی ئازادی! دۆخی ئاورته یانی ورده ورده هه‌رچی سامان و داهاتی وڵاته هه‌زینه‌ی هێزی نیزامی و سه‌ركوتكار بكرێ تاكوو مه‌ترسیی ڕاپه‌رینی نه‌ته‌وه چه‌وساوه‌كانی پێ سه‌ركوت بكرێ! دۆخی ئاورته یانی سوكایه‌كتیركردن به كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كانی نێو نه‌ته‌وه چه‌وساوه‌كان ئاسایی بكرێته‌وه و دواتر خودی سووكایه‌تی به كه‌رامه‌تی هه‌موو مرۆڤێ ده‌بێ به باو و له قۆناخی دواتردا سه‌ره‌ڕۆ و ملهوڕی حاكم به سانایی سووكایه‌تی به كه‌رامه‌تی ته‌نانه‌ت هاوپیاڵه‌كانیشی ده‌كا! وای لێ دێ حه‌مه‌ڕه‌زا شا ده‌ڵێ هه‌ر كه‌س حیزبی ڕه‌ستاخیزی قبووڵ نییه له ئێران بچێته ده‌ر و خومه‌ینی به مونته‌زیری ده‌ڵێ ساده‌له‌وح و خامنه‌یش به ڕه‌فسه‌نجانی ده‌ڵێ به‌سیره‌تی نییه!
ئه‌مه ئه‌و ده‌ور و خولانه‌وه له نێو بازنه‌دایه كه به چاڵی كۆلۆنیالیزمی ناوی ده‌به‌ین و وای لێ ده‌كا ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕی كۆلۆنیالیستی له ئێران به‌رده‌وام په‌نا بباته به‌ر زلهێزێكی ده‌ره‌كی تاكوو چه‌ك و ده‌زگای داپڵۆسینی پێ بدا و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پێ ڕابگرێ! ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زاخان به چه‌ك و ڕاوێژكاری ئینگلیسی به‌پێوه بوو و ده‌سه‌ڵاتی حه‌مه‌ڕەزا شا به چاوشینه‌كانی ئا‌مریكا و ده‌سه‌ڵاتی خامنه‌ییش به چه‌ك و ئیتلاعاتی پۆتینه‌وه له ڕووسیه گرێ دراوه، ده‌نا به‌رگه‌ی شه‌وێك ناكا!
شۆڕشی ژینا له‌م سه‌د ڕۆژه‌دا ته‌نیا ڕاپه‌ڕینێك نه‌بوو كه خه‌ڵك له ده‌سه‌ڵاتداران وه‌زاڵه هاتبن و دروشمی گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتدار بده‌ن، به‌ڵكووو شۆڕشێكه له بیر و هزردا كه ده‌یه‌وێ بازنه‌ی داخراوی كۆلۆنیاڵیزم بشكێنێ و ئێران له چاڵی نه‌گبه‌تی ده‌ربێنێ.
له نێو هزر و بیری خه‌ڵكی ناوه‌ندنشیندا وایان جێ خستبوو كه به‌لووچ قاچاقچی و تیرۆریسته و تورك نه‌زانه و كورد كێوییه و عه‌ره‌ب پێ په‌تییه. به‌ڵام له شۆڕشی ژینادا، تاران چاوی له كورد و به‌لووچ و تورك و عه‌ره‌ب و ... هتدیه تاكوو هاوشانی وی بێته مه‌یدان و نه‌ك هاوشان به‌ڵكوو به پێشه‌نگی خۆی چاوی لێ بكا! ئه‌و كورده‌ی كه به كێوییان ده‌زانی، ئێسته بۆته پێشه‌نگیان و به تامه‌زرۆییه‌وه چاو له ئێراده‌ی شۆڕشگێڕیی ده‌كه‌ن. له تاران دروشم ده‌ده‌ن گه‌ر تاران ببێته كوردستان، ئێران ده‌بێته گوڵستان! ژن كه وه‌كوو ئامرازێك بۆ چێژوه‌رگرتن و شاردنه‌وه ده‌یانبینی، ئێستا بۆته ڕێبه‌ری شۆرش و خۆپیشاندان! كۆلۆنیالیست كه فه‌رهه‌نگی مه‌رگ و به‌قه‌ول شه‌هاده‌تی پێ شانازی بوو و ده‌یه‌ویست هه‌موو كات خه‌ڵك ئاماده‌بن گیانیان لێ بستێنرێ تاكوو وه‌لیی فه‌قیه و هاوپیاڵه‌كانی بمێنن، ئێسته دروشمی ژیانی به دژ ده‌ده‌ن!
ئه‌مانه نیشانه‌كان و سه‌ره‌تاكانی شۆڕشێكی قووڵترن كه زۆر گۆڕانی دیكه به‌دوای خۆیدا دێنێ.
شۆڕشی ژینا به‌ڕێوه‌یه تاكوو وه‌كوو گه‌رده‌لوولێك، كۆلۆنیالزم تێكه‌وه بپێچێ و نه‌ته‌وه‌كان به فارس و كورد و تورك و عه‌ره‌ب و به‌لووچ و توركمه‌ن و هه‌مووانه‌وه له چاڵی نه‌گبه‌تیی كۆلۆنیاڵیزم ده‌ربێنێ و به‌رابه‌ریی نێو نه‌ته‌وه‌كان بكاته بناخه‌ی پێكه‌وه‌ژیان. مرۆڤه‌كان وه‌كوو مرۆڤی هاوتا و یه‌كسان ببینن و ژن و پیاو یه‌كسان بن نه‌ك ژن كاڵایه‌ك بێ بۆ شاردنه‌وه یان بۆ ویتیرن!
شۆڕشی ژینا گه‌ر له داڕووخانی كۆلۆنیاڵیزمدا سه‌ركه‌وتوو بێ، ده‌بێته سه‌رباشقه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌كه‌ش و وڵاتانیتریش ده‌گرێته‌وه و ده‌توانێ ده‌سپێكی كۆتاییی ناسه‌قامگیریی هه‌تاهه‌تایی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش بێ.