کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی ئایینیی پیرانشار: داوا لە مامۆستایانی شیعە دەکەین لەهەمبەر سیاستەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستیان هەبێت

10:09 - 4 رێبەندان 2722

مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشار و دەوروبەری، بەنیسبەت سزای سێدارەی خۆپیشاندەران و دەسبەسەرکردنەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و داوایان لە مامۆستایانی ئایینیی شیعەش کرد کە بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ڕێژیم هەڵوێستی جیدییان هەبێت.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشار و دەروبەری، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: هەروەکوو ئاگادارن کە بەربڵاویی خۆپیشاندانەکان ناکارامەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەردەخات کە لە بواری سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی، بە هیچ شێوەیەک لە ئاستی بەرژەوەندیی گەلانی ئێراندا نەبووە و هاووڵاتییان لەلایەکەوە بەهۆی بژێویی ژیان دۆخیان لەوپەڕی خراپیدایە و لەلایەکی دیکەشەوە بەدەست نەبوونی ئازادییە شەرعی و نەبوونی یاساکانی مافی مرۆڤەوە دەناڵێنن.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ئێمە وەکوو پێشنوێژانی هەینیی شاری پیرانشار و دەوروبەری داوا دەکەین کە سزای محاربە هەڵبووەشێتەوە کە لە قورئانیشدا ئەوە زوڵمێکی گەورەیە و دوورە لە یاسای ئایینی، هەروەها داواکارین دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی سەرانسەری گەلانی ئێران بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێن و داوای لێبووردن لە خۆیان و بنەماڵەکانیان بکرێت و ئەشکەنجە و ئازاری بەندکراوان ڕابگیرێت و داوا لە مامۆستایانی ئایینیی شیعەش دەکەین کە بەنیسبەت ئەو سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستیان هەبێت.