کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندان ڕێنوێن و ئیلهامدەری تێکۆشەرانیەتی

16:05 - 4 رێبەندان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی، بە شێوەگەلی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزب، بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسینی دروشم، یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و بە داگیرکەرانیان سەلماندەوە کە کوردستان تا گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانی دەست لە تێکۆشان هەڵناگرێت.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزب، بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسینی دروشم، یادی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان پیرۆز ڕاگرت. ئەو شوێنانەی لە سەقز کە چالاکیی تێدا کراوە بریتین لە: گۆڕستانی ئایچی، نێو شار، گەڕەکەکانی شاناز، سەعدی، ٣٢ میتری و بەرزییەکانی شاخی جاقڵ.

بەو بۆنەوە لە سەردەشت لە گوندی بێورانی خوارێ تێکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسینی دروشم، وێڕای یادکردنەوەی کۆماری کوردستان، وەفاداریی خۆیان بە ئامانجەکانی کۆمار دووپات کردەوە.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد سەرەڕای بەرزنرخاندنی ٢ی ڕێبەندان بە بڵاوکردنەوەی پلاکارد بە دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' پێداگریی خۆیان لەسەر بەردەوامیی ڕاپەڕینی گشتی کردەوە و هەر بەو بۆنەوە زۆرێک لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکان لە ماڵی خۆیاندا ٢ی ڕێبەندانیان جێژن گرت.

لە سنە لە ئاواییەکانی ''دەرەکۆڵە و قوڵیان'' ڕێبوارانی ڕێبازی پێشەوا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە شاری بانە ڕۆڵە بوێرەکانی دێموکرات بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغیی لە گەڕەکەکانی دەورەبەری قوتابخانەی سەید قوتب، ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز نرخاند و لە پەیامێکدا پیرۆزباییان لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد.

لە پیرانشار، وەفادارانی مەکتبی دێموکرات بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە ناوچەی بەری مێرگان لە گوندەکانی: ترکش، قوبادبەگیان، تازەقەڵا، کانییە شینکە و گزگەسک و هەروەها لە سەدی گردە بن بە شێوەیەکی بەربڵاو کاری تەبلیغییان ئەنجام دا و دووپاتیان کردەوە هەتا ئازادی و ڕزگاریی کوردستان لە تێکۆشان ناوەستن.

لە بۆکان ڕۆڵە هەردەم لە سەنگەرەکانی دێموکرات وێڕای جێژنگرتن و ناردنی پەیامی پیرۆزبایی، لە شوێنەکانی وەک مزگەوتی حاجی مستەفا توتی لە میراوا و مزگەوتی مێعراج لە شەقامی عەشایر چالاکیی تەبلیغییان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان بەڕێوە برد و بە داگیرکەرانیان سەلماندەوە کە کوردستان لەسەر ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی سوورە و هیچ هێزێک ناتوانێت ورەیان دابەزێنێت.

هەروەها لە شارەدێی ''نێ'' سەر بە مەریوان ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان، یادی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.