کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

17:33 - 4 رێبەندان 2722

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

٢ی ڕێبەندانی ئەم ساڵ و لە حەفتاوحەوتەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، ئێوەی تێکۆشەر سەرەڕای دۆخی داسەپاوی پڕ لە مەترسیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و گرتن و ڕاوەدوونانی تێکۆشەرانی گەل، بەوپەڕی ئازایەتی و دڵسۆزییەوە ئەرکە تەشکیلاتی و حیزبیەکەی خۆتان بەڕێوە برد و ڕەنگوبۆنێکی دیکەتان بەم یادە مەزنە بەخشی. بۆیە بە گەرمی سپاستان دەکەین و دەستی ماندوویی نەناسیتان دەگوشین. 
٢ی ڕێبەندانی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە پێشەنگایەتی  گەلەکەمان لە ئێراندا بە گوڕوتینەوە بەڕێوە دەچێت. هیوادارین هەرچی زووتر ئەم شۆڕشە گەورەیە بە ئاکام بگات و هەم گەلانی دیکەی ئێران لە ژێر زوڵم و زۆریی کۆماری ئیسلامی ڕزگاریان ببێ و هەم گەلەکەشمان جارێکی تر بە ئاواتەکانی کۆماری کوردستان و پێشەوای گەورەمان شاد بێتەوە.
بێ گومان کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی، لووتکەی خواست و ئاواتی خەڵکی مافخوازی کوردستان،  لەئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵدا ئامانجی خەباتی نەپساوەی گەلەکەمانە.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دێموکرات! خەبات  و چالاکییەکانتان لەیادی پیرۆزی کوماری کوردستاندا، شکۆمەندییەکی دیکە بوو لەتێکۆشانی نەسرەوتووتان بەدەم شۆڕشی ژیناوە، کەبەحیزبەکەتان و بزووتنەوەتان بەخشی.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، جارێکی تر بەئەمەگ و پێزانینەوە دەستی ماندوویی نەناسیتان دەگوشێ و دڵگەرم و پشت ئەستوورە بە هێز و لێبڕاویتان تاسەرکەوتن. دڵنیابن لەئاست گوڕ و تینی خەباتتاندا،دوژمن ماندووە،چۆک دادەدا و کوردستان سەردەکەوێ.
سلاو لە کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەدی سەرۆک کۆمار و رێبوارانی ئەو رێبازە .

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلات
ڕێبەندانی ۱٤۰۱ی هەتاوی