کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە شاری ڕەبەت

09:27 - 5 رێبەندان 2722

مام تۆفیق ساڵح‌زادە، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە شاری ڕەبەت ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، مام تۆفیق ساڵح‌زادە، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و ئەندامێکی دڵسۆزی ئەو حیزبە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک تۆفیق پاش ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و دامەزرانی بنکە و بارەگاکانی حیزب لە گوند و شارەکاندا، لە ساڵی ٥٧ی هەتاویدا بوو بە پێشمەرگە و پاش فتوای جیهادی خومەینی دژی کوردستان، زۆر ئازایانە بە گژ دوژمندا چووەوە و لە شەڕەكانی جادەی بانە بۆ سەردەشت بەشداریی كرد.

‎مام تۆفیق بەهۆی باری نالەباری ئابووریی بنەماڵەکەی، لەسەر ئیجازەی حیزب گەڕایەوە گوندی "وسوەكەل" و تا دواهەناسەی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزب مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.