کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، شکۆمەندییەکی بێ وێنەی بەو یادە پیرۆزە بەخشی

16:50 - 5 رێبەندان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان و ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان هەروا بەردەوامن و بەوپەڕی ئازایەتی و بوێری، شکۆیەکی دیکەیان بەو یادە پیرۆزە بەخشی.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی ''میرەدێ'' سەر بە سەقز، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە نووسینی دروشم ئەو یادەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕی.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە دەڤەری مەرگەوەڕی سەر بە شاری ورمێ، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسینی دروشم و سەردانی گڵکۆی شەهیدان و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان، یادی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

ئەو شوێنانەی مەرگەوەڕ کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: تۆپزاوا، گردوان، ژاراوا، فڵکان، لۆرزنە، ژەرەژە، ئەلیە، نۆوە، سۆسناوا، بێراسب، کوڵستانە و هەردوو شارەدێی دزە و زێوە.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لەسەر ڕێگای سەرەکیی ورمێ بۆ تەرگەوەڕ بە نووسینی دروشمی "پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان" و هەروەها بە هەڵکردنی ئاگر بۆ ڕاکێشانی زیاتری سەرەنجی خەڵک، یادی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان پیرۆز ڕاگرت.

هاوکات لە گوندەکانی ''ماویان، تیلەکۆ و ئاهەنگەران'' سەر بە شاری کامێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان یادی ٢ی ڕێبەندانیان بەرز ڕاگرت و پەیمانی وەفادارییان لەسەر ڕێبازی حیزب نوێ کردەوە.

ئەندامانی حیزب لە شاری شنۆ لە گوندەکانی ''قروشاوێ، خاڵتاوێ و پرداوێ'' بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان پیرۆز ڕاگرت و لەسەر بەردەوامیی خەبات پێداگرییان کردەوە.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بانە و هەروەها لە گوندی خاتووخاس سەر بە مەهاباد بە بڵاوکردنەوەی تراکت شکۆیەکی دیکەیان بە ٢ی ڕێبەندان بەخشی و بە داگیرکەرانیان سەلماندەوە گەلی کورد هەتا ودیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن.