ئەردەڵان فەرەجی
بەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەفەوییەکان کە لوتکەی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی بوو لە ئێران و بە دوای ئەوانیش قاجارەکان وەک بڵێی پێیان لە ئاوی گەورەکانیان ڕێخستبێ بە هەمان ئاراستەی دەوڵەتداری بە تایبەتی لە پرسی ژناندا ڕۆیشتن. سەردەمی وێکهاتنەوەی جوغرافیای ئیمپراتوریی ئێران دەستی پێ کرد و هەر ساڵە و لەتێک لە ئێران جیا دەکراوە. لەو سەردەمدا دوو هێزی گەورەی سەربازی لە جیهاندا ئامادە بوون؛ ڕووسیە و بریتانیا.
لە کۆتاییەکانی قاجار و شۆڕشی مەشرووتە نەک لە سەر خواستی مۆدێڕن بوون، بەڵام بۆ مەرجدارکردنی پاشایەتی و دانی دەسەڵاتی زۆرتر بە دوو توێژی بازاڕی (تاجر) و مەلاکان هەوڵێک لەو ئاراستەیەدا درابوو.
"ڕەزاخانی میرپەنج" پاش تێکشکانی تاج و تەختی قاجارەکان ویستی هەیمەنەی مێژوویی ئێران ببووژێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەبوو بەهێز بێت. پرسیاری کرد چۆن دەتوانین وەک ڕوسییە و بریتانیا بەهێز بین. پێیان گوت ئەوان مۆدێڕنن. گوتی ئێمەش دەبێت مۆدێرن بین. چۆن مۆدێرن دەبین؟ ئێرانێک کە خەڵکەکەی ناسنامەیان نەبوو، چۆن دەیتوانی سەرژمێری بکات بۆ ئەوەی ئەو کوڕانەی کە دەگەنە تەمەنی ١٨ ساڵی بیانبات بۆ سەربازی؟ ئەی ئەوە ئەرتەشێکی گەورەشی پێک هێنا لە کوڕانی سەروو ١٨ ساڵ، خۆ ئەوانە هەریەکە و لە ناوچەیەکەوە هاتوون و لە زمانی یەک تێ ناگەن، دەبێ زمانی ڕەسمی بسەپێنێ. ئەو ئەرتەشە فراوانە کە لێکیش حاڵی دەبن، بەڵام نەتوانێ بە ڕێگایەک و بە کەرستەیەک بەخێرایی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکەیان ڕابگوازێت، بە کەڵکی چی دێن؟ دەبێ ڕێگەی ئاسن دروست بکات. ئەی ئەگەر هەموو پیاوانی گەنج لە عەسکەری و خزمەتی دەوڵەتدا بن، ئەی کێ کارەکانی دیکە ڕاپەڕێنێ؟ دەبێ ژنانیش بێنە نێو بازاڕی کارەوە. دەی ژنی ژنانیش دەبێت گورج و گۆڵ بن، بەو عەبا و چارشێوانە کاری دەوڵەتی ڕاناپەڕێ، دەبێت جلوبەرگی گونجاو لە بەر بکەن. چۆن دەتوانێت سنوور بکێشێت بەڵام هیچ بستە خاکێک سەند و بەڵگەی نەبوو؟ و مەڕدار و عەشایر بە جەوی ئاو و هەوا گەرمێن و کوێستانیان دەکرد و ….
بۆیە پێویست بوو دەست بۆ هەندێک گۆڕانکاری و داهێنان بکات. دەوڵەت (دام و دەزگای حکومەت) دامەزرێنێت (دەوڵەت نەتەوەی دامەزراند لە سەر ڕێڕەوی کەماڵ مستەفا ئەتاتورکی تورکیا). خەڵک خوێندەوار بکات، ئەرتەش دامەزرێنێت، پڕچەک و ڕاهێنراویان بکات و بتوانێ بەخێرایی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک کە پێویستە ڕایان بگوازێت.
دامەزراندنی ڕێگەی ئاسن، نیشتەجێکردنی عەشایر، سەپاندنی زمانی ڕەسمی، کەشفی حیجاب، تەقسیمی ئەرازی، دەرکردنی ناسنامە، سەنەد و بەڵگە دروست کرد بۆ مڵک و زەوی و … کۆمەڵێک لەو کارانە بوون کە ڕەزاخان و دواتر کوڕەکەی حەمەڕەزا شا بەڕێوەیان برد.
کەواتە خواستی مۆدێڕن یان بە قسەی ئەوان پێشکەوتوو کردنی ئێران لە بەر هەنگاونان بەرەو ئازادی و کورتکردنەوەی دەسەڵاتی سەڵتەنەت و بنیاتنانی دێمۆکراسی نەبوو، خواستێکی هێژمۆنی خوازی عەسکەری و سەربازی بوو کە لە سەردەمی حەمە ڕەزاشاش تا ڕادەیەک بەوە گەیشت و لەوانە دەکرێت ئاماژە بە دەست بە سەراگرتنی ئەڵوەن و ڕێکەوتننامەی ئەلجەزاییر و بوون بە ژاندارمی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێکهێنانی ئەرتەشێک بەهێز بەرهەمی ئەو داهێنانەی پەهلەوی بوو. بەڵام هەموو ئەو سەرکەوتننانە ڕەق و عەسکەری و سەربازی بوون. هەندێک ڕەونەقی ئابووری دەستی پێکرد کە زۆرتر ڕووە و ناوەند و شارە مەرکەزییەکانی ئێران بوو کە لە ڕانینێکی عەسکەرتاری و سەربازییەوە سەرچاوەی دەگرت.
لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی ئەوەی وا دواتر بە ناوی شۆڕشی سپی یان ئینقلابی شاە و مەردوم ناوبانگی دەکرد، حەمەڕەزا شا لەوە تێگەیی کە سێ لەمپەری گەورە و بەربەستی بنەڕەتی لە بەردەم پرۆژەکەی دایە کە بریتی بوون لە؛ وەرزێڕان یان جوتیاران، مەلاکان و ژنان. بۆیە کۆمەڵێک پلانی بۆ پووچەڵکردنەوەی ڕۆڵی ئەوان لە بەردەم بە مودێڕن کردنی ئێران بگرێت.
گوندنشین و وەرزێران؛ لەوانە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا تەقسیمی ئەرازی یان دابەشکردنی زەوی و زاری ئاغا و دەرەبەگەکان بە سەر ڕەشاییەکان بوو. لە ساڵی ١٣٤١ دا سەروو ٨٥% خەڵکی ئێران نیشەجێی گوندەکان بوون و کەرتێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێرانیان پێک دەهێنا و هەر خۆی حەشیمەتەکەش بە لەبەرچاوگرتنی باری تێڕوانین و پابەند بوونیان بە سونەت و داب و نەریک یەک لە لەمپرە هەرە گەورەکانی بەردەم مۆدێڕنیزاسیۆن ئێران بوون. گوندنشین و وەرزێران بەپێی تایبەتمەندی ژیانی گوندی زۆر محافزەکارن. کەمتر داهێنان و نوێگەرین و زۆرتر لە سەر ڕێچکەی باب و باپیرانیان دەڕۆن. بۆ وێنە بۆ هەزاران ساڵ شێوەی کشتوکاڵ و هەڵگرتنەوەی بەروبووم کشت و کاڵییەکان، هەڵگرتن و کەڵک وەرگرتن لێیان یەک جۆر و یەک شێواز بووە. مۆدێرنیتە نوێگەری و نوێگەرایی لەگەڵ خۆی دەهێنا و ئەوان ئامادەی قبووڵی ئەو نوێگەری و داهێنانە نەبوون.
بە دابەشکردنی زەوی و زار بە سەر ڕەشاییەک دەبوو پاش چەند ساڵ و مەرگی ڕەشاییەکە ئەو زەوییە بە سەر منداڵەکانیدا دابەش ببووایە، ڕوونە ئەو بڕە زەوییانە و دابەشکردنی بە سەر نەوەی دووەمی ڕەشاییەکان، کیفایەت ناکات و ناتوانن پێی بژین. هەربۆیە لە سەرەتاکانی دەیەی پەنجای هەتاوییەوە ئێران شاهیدی گەورەترین کۆچی گوند و لادێییەکان بوو بەرەو شارەکان کە زوربەی هەرەزۆری ئەو گوندییانەی کۆچیان دەکرد بۆ شارەکان لە گەڕەکە هەژارنشین و حەلەبی ئابادەکان نیشتەجێ دەبوون. کەواتە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی تەقسیمی ئەرازی زەبرێکی جەرگبڕ لە پەیکەری گوندنشین و جوتیاران درا و ئەمڕۆکە بەپێی ئامارەکان تەنیا لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ لە سەتی خەڵکی ئێران نیشتەجێی گوندەکانن و بە کردەوە ئەو چینە و عاملییەتیان وەک لەمپەرێک لە سەر ڕێی مۆدێڕنیتەی ئێران نەماون.
مەلاکان؛ لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە لە ئێران کە ئایین خرایە نێو بازنەی سیاسەت و حوکمڕانییەوە مەلاکان بەرەبەرە بوون بە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی، دواجاریش سیاسی. لە سەردەمی پێش سەفەوییەکان سێ ڕێگا بۆ داهات و دابینکردنی خەرجی دەوڵەت و حوکمڕانی هەبوون؛ ١. ڕێگەی هاورێشم ٢. شەڕ و لەشکرکێشی بۆ وڵاتانی دیکە و تاڵان و تاراجی سەروەت و سامانی وڵاتە داگیرکراوەکە و ٣. باج و خەراج.
بەڵام لە سەردەمی سەفەوییە بە هۆی لاوازیی سپا ئەو ئیمپراتۆڕییە نەیدەتوانی لە ڕێگەی شەڕ و لەشکرکێشی بۆ وڵاتانی دیکە بۆ نموونە وەک "نادر قولی ئەفشار" (نادرشا) بۆ هیندوستان بتوانێ خەزێنەکەی پڕ بکات و تەنانەت لە ڕەقیبی ناوچەیی و هاوسنووری خۆی واتە عوسمانییەکان لە شەڕی چالدێران شکستێکی گەورەی بەرکەوت. ڕێگەی هاوریشمیش بە تەنیا ئەوندەی داهات نەبوو کە بتوانی خەرجی زۆری ئیمپراتۆرییەکی وەک سەفەوییەکان دابین بکات، بۆیە سەفەوییەکان بڕیاریان دا باج و خەراج لە سەر خەڵکی وەرزێر و جوتیار زیاد بکەن.
بەپێی شەریعەتی ئیسلامی ئەو زەوی و مڵک و ماڵانەی کە وەقفی مزگەوت بکرێن، مەعافن لە دانی باج. شازادەکانی سەفەوییش کە خاوەن زەوی و مڵک و ماڵێکی زۆر بوون بۆ دەور لێدانەوەی ئەو بڕیارەی دەسەڵات و نەدانی باج بە ئیمپراتۆری، زەوی و مڵک و مەزراکانیان وەقفی مزگەوت کرد. مەلاکانیش کە خاوەنی مزگەوتەکان بوون و بە هۆی خوێندەواری نیوە و نیوەچڵیان، بوون بە هەیئەتی ئەمانەتداری ئەو زەوییە وەقف کراوانە. ساڵ هات و ساڵ ڕۆیی، سەفەوییەکان ڕووخان و لە دەسەڵاتدا نەمان، بەڵام مڵک و مەزراکانیان مان کە وەقفی مزگەوت بوون. مەلاکانیش بۆ پاراستنی ئەو مڵک و ماڵانە کوڕەکانی خۆیان دەکرد بە مەلا و پاش مەرگیان دەبوون بە جێگرەوەی باوکیان.
بە دوو هۆکار مەلاکان پێگەی سیاسی و ئابوورییان لە سەردەمی قاجارەکان بەهێزتر بوویەوە؛
١) شاکانی قاجار بۆ وەرگرتنی شەرعییەت و ڕەوایی خودایی خۆیان ناچار بوون ئەم ئێعترافە لە مەلاکان وەربگرن و بۆیە باجی زۆریان دەدا بە مەلاکان، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە سەفەوییەکان خۆیان بە سەید و نەوادەی پێغەمبەری ئیسلام دەزانی و بە پێویستیان نەدەزانی ئەم ڕەواییە لە کەس وەربگرن.
٢) مەلاکان کە بە کردەوە پاش ڕووخانی سەفەوییەکان ببوون بە خاوەنی ئەسڵی زەوی و مڵک و ماڵە وەقفکراوەکانی شازادان سەفەویی و لە باری ئابوورییەوە زۆر بەهێز و کاریگەر بوون.
ئەو پێگە بەهێزەی مەلاکان وای کردبوو کە وەک دەوڵەتی سێبەر لە سەردەمی قاجارەکان وێڕانی بازاڕی و بازرگانەکان زۆرجاران یەکلاییکەرەوەی پرسە گرنگەکانی حوکمڕانی قاجارەکان بن.
ژنان؛ ژنانیش بەهۆی زوڵم و چەوساندنەوەی مێژوویی و لە ژێر کاریگەریی کولتووری تەبلیغکراوی مەلاکان و ژیان لە گوندەکان بەربەست و لەمپەرێکی گەورەی بەردەم مۆدێرنیتە بوون. ژنان ببوون بە ئامرازی دەستی پیاوان و مەلاکان بۆ کۆنترۆڵکردنی جیلی نوێ. دایکان دژی هەر جۆرە ئازادی و نوێگەرییەکی کچ و کوڕەکانیان لەژێر سێبەری عەیبە و عار، دەوەستانەوە و بۆ هەزاران ساڵ جیلێکی لەقاڵبدراو بە پێی کولتووری کۆنیان پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکردەوە.
ڕەزا شا و دواتریش حەمەڕەزا شا چوونە شەڕی ئەم سێ تەیف و توێژە یان لانی کەم ئەنجامەکەی وا دەرچوو. هەریەک لەوان بە شێوازێک؛ سیاسەتی تەقسیمی ئەرازی بوو بە مایەی لەبەینچوونی توێژی گوندنشینان و کۆچیان بۆ شارەکان. کەشفی حیجاب و هێنانەپێشەوەی ژنان لە کاروباری دەوڵەتداری و پەروەردە و خوێندەوارکردنیان (سپای دانش و سپای بێهداشت و…) بۆ پاڵ پێوەنانیان بەرەوە ڕەچاوکردنی لایڤ ستایلی مۆدێڕن و لەکارخستنی تایبەتمەندی لەمپەربوونیان و دواجار هاوکاری بۆ بردنی کۆمەڵگەی ئێران بەرەو مۆدێرنیتە و سێهەمیش مەلاکان لە ڕێگەی دەرهێنانی ڕەگی موخالفەتیان لەگەڵ دەسەڵات و مۆدێرنیتە، کە زۆر جار بە تەماحوەبەرنان و هاندان بوو.
دیارە دەستبردنی شا بۆ ئەو ئیسڵاحاتە بێ نەیار و کێشە نەبوو. لە دەستپێکی مەشرووتە و لە پرۆسەی ئیسلاحاتی پەهلەوی کۆمەڵگەی ئێران بوو بە دوو بەشەوە؛ بەشێکی کۆنسێرواتیو، سوننەتی و ئیرتیجاعی و بەشێکی پێشکەوتنخواز و مۆدێڕن.
شای ئێران کە بەهێزبوونی ئێرانی لە مۆدێڕن بوونی مۆدێلی خۆی دەزانی بەبێ گوێدان و بینینی بەشەکەی دیکە تەنیا ئەو بەشەی لە کۆمەڵگەی ئێرانی بینی و بە تایبەتی لە دوای ساڵەکانی ١٣٤٦ەوە کەوتە ئینکار و تەحقیری بەشەکەی دیکە، سەرەنجام بەو هۆیە و کۆمەڵێک هۆی جیهانی و ناوچەیی هەر ئەو بەشە پاشقولیان دا و ڕووخاندیان.
ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی
پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی شەخسی خومەینی کە نوێنەری بەشی دواکەوتوو و سوننەتیی کۆمەڵگەی ئێرانی سەردەمی پەهلەوی بوو، ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە کردنی ئێران بە ئۆمولقوڕای ئیسلامی و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیمامی زەمان و زیندووکردنەوەی ئیسلامی نابی محەممەدی.
لە سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەردەمی پاش ئیسڵاحات، هەوڵ درا جارێکی دیکە مەسەلەی تەقسیمی ئەرازی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام سەری نەگرت و بۆی جێبەجێ نەبوو. کۆمەڵگەی ئێران بەرەو شاریبوون چوو و پێشیشی پێ نەدەگیرا.
بەهۆی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی (دینی ڕەسمی) و پێویستی تەربییەت و پەروەردەکردنی مەلا و ئاخوند و سەرەنجام بەرهەمهێنانی توێژی فرەوفراوانی مەلا و کۆلکە مەلا، مەلا و پیاوی ئایینی ئەو پێگە بەهێزە مەعنەوی و کۆمەڵایەتییەی لە دەست دا. لە زانستی ئابووریدا باسێک هەیە لەسەر ئەوەی کە هەتا داواکاری زۆر و خستنەڕووی کاڵایەک کەمتر بێت، نرخ دەچێتە سەرەوە، بە پێچەوانە تا خستنەڕووی کاڵایەک زۆر و داواکاری لە سەر ئەو کاڵایە کەم بێت، نرخ دادەبەزێت. لە پرسی مەلا و پیاوی ئایینیش بە هۆی بەرهەمهێنان و خستنەڕووی زۆر و داواکاری کەمی کۆمەڵگە لە سەر مەلا، بەرە بەرە قەدر و حورمەت و پێگەی مەعنەوییە کۆمەڵایەتییەکەیان بێهێز و لاواز و کەم بەها بوو. ئەمڕۆکە کەس ئەو ڕێز و حورمەتەی کە ٤٣ ساڵ لەمەوبەر بۆ مەلا و پیاوانی ئایینی هەیان بوو، لە مەلا و پیاوانی ئایینی نانێ.
عەمەلکرد و شێوە هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی بۆ پەراوێز خستن و سنووردارکردنی چالاکی ژنان بۆ کۆنتڕۆڵی ژنان (حیجابی ئیجباری، سەپاندنی یاساکانی شەریعەت بە سەر ژنان بۆ هەموو پرسەکان هەر لە پشک بردن لە میراتی باوک، گەڵاڵە و یاساکانی پشتگیری لە خێزان کە تەواو لە بەرژەوەندی پیاوان و زەرەری ژناندا بوو، نەهێشتنیان بۆ چوون بۆ یاریگا، مەنعی دووچەرخەسوواری و…. ) و دواجار کۆنتڕۆڵی هەموو کۆمەڵگای ئێران، یەکێکی دیکە لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چەقاندنی کۆمەڵگەی ئێران لە سوننەت و دواکەوتووی و ئیرتجاعدا. هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە تەنیا لە بواری ژناندا گۆڕانکاری گەورە بەرچاو دەکرێت؛ بۆ وێنە؛ ژمارەی ژنانی ئێران ٤٢ میلیۆن کەسە، کە ڕێژەی بەشداری لە پرۆسەی ئابووری ئێران بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی برنامە و بودجەی کۆماری ئیسلامی ١٣.٣% بەڵام بۆ پیاوان ٨٦.٧%ە، (نزیکەی ٧ هێندە). لە بەرامبەردا ڕێژەی بێکاری ژنان ١٦% ڕاگەیەنراوە لە بەرامبەردا ڕێژەی پیاوان ٧.٢% (دوو هێندەی پیاوان)ە. وردتر لەمبارەیەوە ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی نێوان ١٨ ساڵ بۆ ٣٥ ساڵ، ڕێژەی بێکاری پیاوان ١٣.٢% و لە بەرامبەردا ڕێژەی بێکاری ژنانی گەنج ٢٨.٣%ە (دوو هێندەی پیاوان). ئەمە لە حاڵێکدایە کە تەنیا بۆ وێنە لە ڕێژەی خوێندکارانی ئێران لە ساڵی ١٣٩٩ بۆ ١٤٠٠ کە دوو میلیۆن و سەدوچوار هەزار کەس بووە (٢،١٠٤،٠٠٠) کچان یەک میلیۆن و شەست و سێ هەزار (١،٠٦٣،٠٠٠) کەس بوون واتە بیست هەزار خوێندکاری کچ زۆرتر بوون.
لە کەس شاراوە نییە کە ئەم هەڵاواردن و ئاپارتایدە جینسییە ڕیشە لە ئیۆلۆژی ئیسلامی دایە کە ژن بە نیوەی پیاو پێناسە دەکات و دەبێت ئەم نابەرابەرییەش لە هەموو بوارێکدا ڕەنگ بداتەوە.
بە کورتی کۆماری ئیسلامی لە سەر شانی ژنان سوار بوو و بۆ ئەوەی بتوانێت وەک هێزێکی کۆنسێرڤاتیڤ بمێنێتەوە پێویست بووە کە ژنان سەرکوتکراوە و دەستەمۆ بهێلێتەوە.
هەموو هەوڵی کۆماری ئیسلامی ڕاگرتنی کۆمەڵگەی ئێران وەک کۆمەڵگایەکی سونەت و ئیرتیجاعییە کە بتوانێت بە پێی شەریعەتی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵگا بەڕێوە بەرێت، چونکا دەزانێت لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوودا ناتوانێ بژیت.
لە کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن و دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیک باس کردن لە دینی ڕەسمی سووک و سوواو دەبێت، دەستێوەردان لە شێوە پۆشش و دیاریکردنی لایف ستایل بۆ خەڵک ڕێگەپێنەدراو دەبێت، ئەمانە کۆڵەکەی دەسەڵاتی ئیسلامییە.
دابەشبوونی کۆمەڵگەی ئێران بە دوو بەرەی سونەتی و مۆدێڕن و ئەمڕۆیی دەمێک ساڵە لە ئێران دەستی پێ کردووە. لەمڕۆدا بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەی ئێران بەو ڕەوتە مێژووییەی کە پێیدا تێپەڕیوە پابەندی بەهاکانی کۆمەڵگای مۆدێڕنە لە کاتێکدا دەسەڵاتێکی دواکەوتوو هەوڵی سەرکوت و دەمکوتکردنی دەدات. کۆماری ئیسلامی بە هەموو دام و دەزگاکانیەوە هەوڵی ئەوە دەدات کە حکومەتی ئەو کەمینەیەی کۆمەڵگای ئێران بێت کە پابەندی یاسا و شەریعەتی ئیسلامی نابی محەمەدی و باقی ئەو خەڵکانەی دیکە کە لەو بازنەیەدا جێیان نابێتەوە، بە مولحید و نۆکەری بێگانە و پەست وەسف دەکات. هەموو کات ویستوویەتی شێوە ژیان و کولتووری بەشی سونەتی کۆمەڵگا بەرجەستە و باش جیلوە بدات و لە هەمانکات دا مۆدێڕن بوون و ئەمڕۆیی بە خراپ و نەباش پێناسە بکات.
بەریەککەوتنی دوو کولتووری سونەتی و مۆدێڕن بە بێ قبووڵی بەشی کولتووری مۆدێڕن درەنگ یان زوو لە پرسێکدا دەتەقییەوە. دیارە مەسەلەی ئابووری و دۆخی خراپی ژیانیش سەرباری هەموو دەردان بۆ خەڵکی ئێران پاڵنەرێکی بەهێز بووە بۆ ئیرادەی ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتە.
"هاڵفۆرد مەکیندێر" زیندەوەرناس، ستراتیژیست و باوکی ژێئۆپۆلۆتیکی جیهان تیئۆرییەکی هەیە دەربارەی شارە وشکانی و شارە ئاوییەکان. دیارە مەکیندێر زۆرتر بە تیئۆری "دڵی زەوی" دەناسرێت.
ئەو باوەڕی وابوو بە هۆی ئاسانیی دەستاودەستبوونی کاڵا و قسە بە هۆی بوونی کەشتی و بەلەم لە ڕێگەی ئاوەوە، ئەگەر بازرگانێک بەدحیسابی یان کردەیەکی خراپ و خەشێکی بنواندبایە زۆر زوو هەواڵەکەی دەگەیشتە شارەکانی دیکە و بۆیە بۆ خۆ دوورگرتن لەو ناوزڕاوییە هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە ڕاستگۆ و دروست کردار بن، لە بەرامبەر شارە وشکانییەکان بەهۆی گەمارۆ درانیان بە کێو و دەشت و دۆڵەکان دەنگ و هەواڵ گەیشتن بۆ شارەکانی تر ئەستەمتر بوو. (جیاوازیی شارە ئاوی و وشکەکان زۆرترن) بۆیە بازرگانەکان بە کەیفی خۆیان خەشیان دەکرد و حاکمان زوڵم و زۆر و دەنگیش بە کەس نەدەگەیشت. ئەوەی لە ئێستادا دۆخی شارە وشکانییەکانی گۆڕاوە ئاسانی دەستاودەست کردنی هەواڵ و زانیارییە لە ڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بە پێوەری تیئۆرییەکەی مەکیندر ئێران لە ڕیزی شارە وشکانییەکان ئەژمار دەکرێت. ئەمڕۆکەش بوونی میدیا و سۆشیال میدیا ڕۆڵی گەورەی بووە لە لەقاودانی جینایەتی و زۆڵم و زۆرەکانی حاکمانی ئیسلامی ئەو وڵاتە.
بە ڕای بیرمەندان و زانایان گەورەترین دەسکەوتی مرۆڤایەتی و درەوشاوەترین دیاری سەردەمی مۆدێرنیتە بریتییە لە؛ "ڕێکخراو بوون، سازماندەهی و حیزب و حیزبایەتی".
ئەگەرچی مێژووی حیزبایەتی لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر، بەڵام بەهۆی بوونی ئیستبدادی سیاسی و بوونی هۆگرییەکی زۆری زۆرینەی دانیشتووانی ئێران بە ئایین و لەوانە ئایینی ئیسلام، زەروورەت و پێویستی ڕێکخراوبوون نەک لە فۆڕمی حیزب و جەریانی سیاسی بەڵکوو زۆرتر لە مزگەوت و مەلا و لە هەندێک شوێنیش سەرۆکی عێل و عەشایر بووە. ئەوەی لە ئێران زۆر جیاوازترە بووە (ئەگەرچی ئەویش هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە) "کوردستان"ە.
كوردستان بەشی هەرە ڕێکخراو بوونی کۆمەڵگەی ئێرانە. حیزبایەتی لە کوردستان خاوەن ڕەگ و ڕیشەیەکی بەهێزە خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی هۆز و عێل و عەشیرە لە فۆڕمی مۆدێرنی ڕێکخراودا بۆ ئامانجەکانی خۆیان تێکۆشاون.
حیزبایەتی لە نیزام و سیستمە دیکتاتۆرەکان هەموو کات پڕتێچوو بووە، بەڵام خەڵکی کوردستان بەوپەڕی وشیاری و لەخۆبردووییەوە لە پێناو ماف و داخوازییەکانی خۆیان کاری ڕێکخراوەیی و حیزبییان هەڵبژاردووە.
لە كوردستان بوونی حیزب کولتوورێکی پێشکەوتووی لە کۆمەڵگەدا جێ خستووە. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ دوو حیزبی خاوەن پێگەی کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن، کە ئەگەر تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان ئەندامیان نەبن و کاری ڕێکخراوەییان لەگەڵ نەکەن، بەڵام بۆ زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگەی کوردستان مەرجع و سەرچاوەی بڕیارن.
لە ڕەگە مێژووییەکەی "شۆڕشی ژینا" و جەوهەرەکەی کە بریتییە لە "ژن، ژیان، ئازادی" ناکرێت ڕۆڵی حیزبی کۆمەڵە لەبەرچاو نەگیرێت بۆ یەکەم جار لە مێژووی حیزبایەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەرکێکی دروستی لە کۆمەڵگەی ژنان وەرگرت و ژنانیش بە هەڵبژاردنی ئازادانەی خۆیان، ئەو فۆڕمە ڕێکخراوەییەیان بۆ چالاکی و تێکۆشانی خۆیان هەڵبژارد، لەبەرچاو نەگیرێت.