شێخ جەماڵ
ژینا ئەمینی کچێکی ٢٢ ساڵانی کوردی سەقزی بوو کە بە دەستی گەشتی ئیرشاد بە غەریبی لە تاران شەهید کرا، سنووری یەک میلیارد تویتی تێپەڕاند و بۆ بە ترێندی جیهانی. کوشتنی ژینا کچە ژیکەڵەکەی کورد بووە هۆکاری دەستپێکردنی ڕاپەڕینێک کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا کەموێنە بوو.
ئەم بزووتنەوە ئەو وەرچەرخان و دەرفەتە بوو کە هەموو داخوازییە کەڵەکەبووەکان تەقیەوە و بەشێکی زۆر لە جەماوەر لە گەڵ خۆیدا هاوڕا دەکات، بزووتنەوەیەکی کە نە بەتەنیا فیمنیستی بوو، نە کرێکاری و نە داخوازیی جورێکیتری ژیان و نە نەتەوایەتی و..... کە لە ڕاستیدا کۆی گشتیی هەموویان بوو. بزووتنەوەی ژینا هاوکات ڕەگەزی، هەوڵدان بۆ ژیانێکی نوێ، ئازادیخوازی، عەداڵەتخوازی، خوێندکاری، نەتەوەیی، ئایینی، زمانی، دیاسپۆرایی، فدرالیخوازی، بەها تاکەکەسییەکان، پیشەیی، سێکولار، ڕاسانی هەموو نەدیتراوەکانی چوار دهە، پەراوێزەکانی شار و وڵاتی ئێران، فیلترینگەکان، بێ ڕووسەری و حیجابەکان، و...... بوو. بزووتنەوەی موبایل بەدەستەکان بوو، لە سەقز و لەسەر مەزاری ژیناوە دەستی پێ کرد بڵێسەی سەند و لە کورتترین کاتدا ئێران و جیهانی لە خۆ گرت بەجۆرێ کە دەتوانین بڵێین هاوتای لە جیهانیشدا تاکوو ئیستا نەبووە، ئیستا بە مانا گیدنزییەکەی هەموو سەرمایەکانی کۆمەڵگە سەریان هەڵداوە.
ئیستا ئیتر گەڕانەوەی کۆمەڵگە بۆ هەلومەرجی پێش ژینا و دەسەڵاتیش بۆ ئەو بارودۆخە مومکین نییە، خەڵک ترسی ڕژاوە و ئەمە گەورەترین گەرەنتییە بۆ بەرەوپێشچوون، ئەڵبەت ئەوە داهاتووە پێمان دەڵێت دەسەڵات پاشەکشێ و ملکەجی خواستی خەڵک دەبێت یان نا؟ کە بە ڕوانین لە ڕابردوو نابێت!
ئەگەر ملکەجی خواستی خەڵک نەبێت ئینقلاب بەرەو پێش دەڕوات، خەڵک لە ئاستی سەرانسەریدا بۆ خۆی ڕێبەری درووست دەکات و بەرەو ئامانجەکانی هەنگاوی ئەهوەنتر دەنێت و ئەگەر ببێ بە دڵنیایەوە دەڕووخێت.
هەر ئەو جۆرەی کە ئاماژە کرا لە چەن ڕۆژدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا هەموو ئێرانی گرتەوە و باڵی هاویشت بەرەو جیهانیبوون، هەر چەندە لە سەرەتاکانی شۆڕشداین و هەوڵ دەدرێت بۆ دەربازبوون لە ئاستەنگەکان و چونە نێو دۆخی مانگرتنی گشتی و قەڵشی گەورە درووست بوون لەنێو دەسەڵات بە هۆکاری سەرکوتی بێڕەحمانەی خەڵک بەڵام ئیشتا مەترسی بەلاڕێدابردنی بزووتنەوەکە لە ئاستی سەرەوە گەورەترین مەترسییە، هێزی ئەم شۆڕشە گەنجانمان بە کچ و کوڕی شۆڕشگێڕە کە لە سەر شەقام دژایەتیی هەموو نمادەکانی دەسەڵات دەکەن. قەیرانی ئابووریی سیاسی، ژینگەیی، ژئوپۆلوتیک، گەندەڵی و ناکارامەیی دەسەڵات و وڵامی توندی دەسڵات بە سەرکوتی توند ڕێگایەکی جگە لە درێژەدان بە ڕەوتەکە بۆ خەڵک نەهێشتوەتەوە.
پانتایی بزووتنەوەی ژینا گەورە و گەورەتر دەبێتەوە و توانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا تەواوی شار و شارۆچکە و گەورەشارەکان بگرێتەخۆ وە یەکگرتوویەکی بێوێنە لە شار و شاخ و دیاسپۆرا لە بەینی هەموو چین و توێژەکاندا پێک بهێنێت. هاتنە سەرشەقامی ژنان وەک دیاردەیەکی گەورە و موبارەک یەکێ تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بزووتنەوەیە کە توانی جێگای شیاوی ژنی کورد و ئێرانی لە ئاستی جیهانیدا دیاری کات بە جۆرێ کە ژنان بوون بە کاراکتەری مەیدانی ئەسڵی، توانی دوای چل ساڵ تەنیایی کورد لە ئاستی سەرانسەریدا کورد بکاتە دەسپێشخەر و هەژمۆنی خوێ بە سەر بزوتنەوەکەدا بە جۆرێ پڕڕەنگ کاتەوە. کورد بە تێگەیشتن لە پێشنیاری ڕێبەرایەتیی سیاسی خۆی سەبارەت بە زەروورەتی ئیتحاد تا ڕووخانی دەسەڵات! لەگەڵ خەڵکی ئێران، توانی بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموون و خەتای پتر لە ٨٠ ساڵ کاری تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی خۆی و پشتیوانی قارەمانانەی خەڵک بە شێوازێکی ڕێکخراوەیی لەژێر هێژمۆنی و مودیرییەتی ژووری هاوکاری حێزب ڕۆژهەڵاتیەکاندا جیلوەیەکی جیاواز لە ئێران لە خۆی نیشان بدات، لە ڕاستیدا چەند جار کپ و بێدەنگبوونی ڕەوتەکە بە هیممەتی کورد هەستاوە و سوتەمەنی و قوربانییەکانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بوون کە بە ڕاوەستاندنی بێوێنەیان لە بەرانبەر جەلادەکانی پەت و سێدارە ساچمە ئاژن، دیل و شەهید کران، گەورەترین مانگرتنە سەداسەدیەکانی ڕێک خست و هەزینەی دا.
جیا لە کوردستان ئەم شۆڕشە توانی لە ئاستی سەرانسەریدا و لە نەبوونی ئوپۆزیسیۆنێکی چالاکدا بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆی لیدری مەیدانی درووست بکات بەجۆرێ کە کەمتر بێسەریی پێوە دیار بێت، خۆ سازماندانی خەڵک لە مەحەللات و گەڕەکەکان جیاوازیی ماهەوی لەگەڵ هەموو تشکیلاتە ناسراوەکانی بووە و هەیە ئەڵبەت دەبێت بزانین کە نەبوونی ڕێبەرایەتی دەتوانێ مەترسییەک وەک بەهاری عەرەبی درووست بکات کە لە نەبوونی تەشکیلاتدا ئێخوانییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، هەر ئەوجۆرە لێرەش دەتوانێت لە دەقەی نەوەددا هێزێکی نادیار کە بە ڕێکخراوەیە، دەسەڵاتی سیاسی لە خەڵک بدزێت، کوڕی شا، شوڕای گوزار، موجاهدین و ....کە ئیستا نەخشێکی ئەوتۆیان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا نییە دەتوانن بە یارمەتیی سیلبریتیەکان لە داهاتوودا مەترسی جیدی درووست بکەن، کورد و هاوپەیمانانی بۆ ئاستی سەرانسەری دەبێت هەوڵ بدەن کە توانایی و خەلاقییەتی بەکۆمەڵ جێنشینی ڕێبەری تاریف کەن.
بەپێچەوانەی ڕای بەشێ لە لێکۆڵەران بارودۆخی ئیستا، ئینقلابی و شۆڕشی ژینا دەستپێکی ئێنقلابێکە بە تەواووی تایبەتمەندییەکانیەوە، هەر چەندە بەشێ لە خەڵک بێدەنگ بوون بەڵام لایەنگری و پشتیوانییان لە شۆڕش حاشا هەڵنەگرە، زۆرینەی ئینقلابەکانی ناوچە کە بووەتە هۆکاری گۆڕانکاری بەرچاو لە ١٥ تاکوو ٣٠ ڕۆژ درێژەی هەبوو بەڵام لە شۆڕشی ژینادا ئەوە پتر لە سەد ڕۆژە خەڵک لە سەر شەقامن، لە ڕۆژی یەکەمەوە درۆشمی و داواکاریی تایبەت بە خۆیان هەیە، بزووتنەوەی ژینا توانی کە پتر لە هەشت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ( گەنجان، ژینگەپارێزان، ژنان، عەداڵەتخوازان، کرێکاران، مامۆستایانی قوتابخانە، خەڵکی دیاسپۆرا، بزوتنەوەی دانشجویی) چالاک بکات.
خەڵکی کورد و هەروەها ئێران زۆر کارەساتی ناخۆشتر لە شەهیدبوونی ژیانیان بەسەردا هاتووە، بڵام هیچکامیان نەیانتوانیوە هێزی بزوتنەوەی هاوشێوەی ژینا لەنێو جەماوەردا بە کەڵکوەرگرتن لە سۆشیال میدیا جگە لە کوردستان ڕێک بخات، دیارە لە درێژەی ڕەوتەکەدا بە زۆر هۆکار حەسانەوە و کەمڕەنگ بوونی خۆپیشاندانەکان ئاسایی و چاوەڕوان کراوە، بەڵام ئاستی داخوازییەکان و هەروەها توندوتیژی دەسەڵات لە سەرکوتدا دەتوانێ ببێتە سوتەمەنیی بزووتنەوەکە، ئێمە لە ئێراندا بە پێی ئامارە فەڕمییەکان ٣٨ میلیون گەنج و بیست میلیون وەنێوکەوتوو هەیە، ٣٨ میلیون گەنجی ئەم وڵاتە ماتۆڕی ئێنقلابن، هەر چەندە دەسەڵات ئەزموونی سەد ساڵ دەوڵەتداری، ئەزمونی شکستدانی نزیکەی بیست بزووتنەوەی سەرانسەری، ٨ ساڵ شەڕی ئێران و عێراق و دەستتێوەردانی لە کاروباری سووریە هەیە، و دڵنیام شکستی جمهووری ئێسلامی ئاسان نابێت بەڵام ئیرادەی خەڵک درووستکردنی گۆڕانکاری بنەڕەتی وە دامەزراندنی وڵاتێکی لامەرکەزی فێدڕاڵی دێمۆکراتیکە.