کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە شۆڕشی ژینادا و دەرفەتەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لە ئێران

12:25 - 6 رێبەندان 2722

فەریبا محەممەدی

دوای کوشتنی ژینا بە دەستی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی لە تاران، زۆر زوو خەڵکی شاری سەقز و سنە دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی‌دەربرین و ڕۆژی ناشتنەکەشی بوو بە سەرەتایەک بۆ شۆڕشێکی بەهێز کە بەخێرایی هەموو کوردستان و دواتر ئیرانی گرتەوە. لابردنی لەچک و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەر زۆر زوو لە سەقزەوە بۆ هەموو ئێران تەشەنەی کرد و پڕیشکی ئەم شۆڕشە سەرانسەری بۆوە. ئەوەی گرینگە ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە کوردستان بوو بە ناوەندی هەڵگیرسانی شۆڕشێک کە هەموو قۆژبنێکی ئێرانی گرتەوە و بۆ یەکەمجار ئاخێزیک بەم قەوارەیە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕوو بدا.

ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی کوردستان لە دۆخێکی ستەملێکراوەوە ببێتە ناوەندێکی گرنگ کە لەوێ گۆڕانی مێژووی ئێران دەس پێ بکات، یان بووە هۆی ئەوەی کوردستان بە شێوازێکی تازە بکەوێتە نێو چوارچێوەی جۆغرافیای سیاسی ئێران و تەنانەت دەکرێ لە باری نێونەتەوەییشەوە خوێندنەوەیەکی جیاوازتر بۆ پێگە و جێگەی کورد بکرێت.

شۆڕشی ژینا کە ئێستا لە چوارەمین مانگی خۆی‌دایە ڕەهەندێکی گرینگی ئەوەیە فرەچەشنی و فرەئەتنیکی و نەتەوەیی ڕەنگی داوەتەوە لە ڕووداوەکاندا. بەتایبەت دەور و ڕۆڵی ژنان و کچانی تازەپێگەیشتوو و بوێریی ئەوان لە بەشداری و بەرانبەرکێ لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم و هەروەها ڕێژەی بەشداریی لاوان و مێرمنداڵان لە هەموو شارەکان نیشان دەدا کە نەوەی نوێ بە پێشانگایەتیی ژنانەوە خوازیاری گۆڕانن. لە هەمانکاتیش خوێندکاران وەک هەمیشە پێشەنگ و پێشڕەو بوون و جارێکیتر سەلماندیان کە دەتوانن دەوری سەرەکییان هەبێ لەم شۆڕشە بۆ لە گۆڕنانی کۆماری ئیسلامی. لە سەدەی ڕابردوو خوێندکاران لە زۆربەی شۆڕشە گرینگەکانی جیهان دەوری گرینگیان گێڕاوە و لە چەقی گۆڕانکارییەکاندا بوون.

لە لایەکیترەوە کوردستان و بەلووچستان دوو ناوچە و نەتەوەی سەرەکی لەم شۆڕشە بوون کە تا ئێستاش بەردەوامن و زیاترین قوربانییان داوە. هاوسۆزی و هاودەنگیی ئەوان بۆ یەکتر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم دوو نەتەوە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕووی زیاترین چەوساندنەوە و بێ‌مافی بوونەتەوە. ڕەنگە لە باری ڕوانین بۆ خەبات و بەرخودان جیاوازییان هەبێ، بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان کەم نییە و دەتوانن ببنە هۆی کۆدەنگی لەنێوان نەتەوەکانی دیکە. بەڵام ئەوەیکە زیاتر لێرە مەبەستە خودی کوردستان و خواست و داواکارییەکانی ئەوان و داهاتوویانە.

شۆڕشی ژینا هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ کرد کوردستانی کردووەتە مێحوری سەرەکیی ڕووداوەکە و هێژموونیی خواست و دروشمی کوردی پێوە دیارە. بۆیە کورد وەک تەنیا نەتەوەیەک کە هەر لە سەرەتاوە "نا"ی بە کۆماری ئیسلامی گوتووە و لەدژی خەباتی کردووە و بەتەنیاش مایەوە تا شۆڕشی ژینا، ئەمرۆ دەتوانێ ڕێبەریی ئەم شۆڕشە لەئەستۆ بگرێ. کورد خاوەن ‌حیزب و ڕێکخراوی سیاسییە کە هەم مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە خەبات دژی داگیرکارانی کوردستان و هەم لەم ماوەیەدا سەلماندوویەتی دەتوانێ لەگەڵ خەڵکی کوردستان هەماهەنگ و یەکدەنگ بن و پەیوەندییەکی نەپچڕاو لەنێوانیاندا هەیە. مانگرتنە سەرتاسەرییەکان لەسەر داوای ‌حیزبەکان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن و ئەمەش خاڵێکی پۆزەتیڤە.

لێرەدا پێم باشە ئاماژەیەک بکەم بە وتەیەک و دواتر دێمەوە سەر بابەتەکە. دەیڤید ڕۆمانۆ، نووسەری کتێبی بزاڤی ناسیۆنالیستی کورد دەڵێ: "خەسڵەتی بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە شۆڕشی کورد زیاتر بەپێی ڕەخسانی دەرفەتی سیاسی سەری هەڵداوە. بە درێژایی سەدەی ڕابردوو هەرکات هەلێک ڕەخسابێ، بزاڤی کورد لە ئێران سەری هەڵداوە." من بۆ خۆم کاتێ چاو بە مێژووی ئەم بەشەی کوردستان دەخشێنم، بە جۆرێک ئەم قسەیەم پێ ڕاستە. بەڵام مەبەستم ئەوە بوو کە ئەمجارە واتا شۆڕشی ژینا پێچەوانەی ئەم قسەیە و ئەوە کورد بە دروستی خۆی دەرفەتی ڕەخساند و گواستیەوە بۆ سەرتاسەری ئێرانیش. بۆیە شۆڕشی ژینا خاوەن ئەم جیاوازی و تایبەتمەندییەیە لەگەڵ ناڕەزایەتی و ئاخێزەکانی دیکە لە کوردستان و ئێرانیش.

ئەوەی هەتاکوو ئێستا توێژەران و چالاکانی سیاسی و شرۆڤەکاران ئاماژەی پێ دەدەن ئەوەیە کە شۆڕشی ژینا قۆناغێکی گرینگی بۆ تێپەربوون لە کۆماری ئیسلامی بڕیوە و ناگەڕێتەوە دواوە و بۆیە ئەم شۆڕشە ئەگەرچی هەوراز و نشێوی دەبێ، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتن مسۆگەر دەکات. هەربۆیە هەرەسهێنانی کۆماری ئیسلامی بێگومان دەرفەتێکی زێڕین بۆ نەتەوەی کورد بۆ دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسیی خۆی دەخۆڵقێنێت. هەر ئەمەش وا دەکا کە کورد بە ئامادەییەکی زیاتر و بەرچاوڕوشنی هەنگاو بنێ و خواستەکانی خۆی فۆرمولە بکات و پێشکەشی هەموو لایەنەکانی دیکە لە ئێرانی بکات. بۆیە کورد دەتوانێ و پۆتانسیەلی ئەوەشی هەیە کە ئەم هەوڵە بدات و بە بنەماوەرگرتنی پرەنسیپی مافی یەکسانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ گشت نەتەوەکانی نێو جۆغرافیای ئێران لەپێناو هاوئاهەنگی و سازکردنی بەرەیەکی هاوکاری.

بەڵام پرسیار ئەوەیە کورد لەم کاتەدا چیی دەوێ و چۆن دەتوانێ خۆی فۆرمولە بکات؟

ئایا فێدرالیزم کە هێزە سەرەکییەکانی کوردستان داوای دەکەن ئیمکانی هەیە؟ ئەگەر نەبوو دەبێ چی بکەن؟

بێگومان ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکە بۆ هەر تاکێکی کورد دێتە ئاراوە و دەتوانێ ئاڵۆزیی فیکریش لەگەڵ خۆی بێنێ. بۆیە لە ڕوانگەی منەوە ئەزموونی کورد چ لەم بەشەی کوردستان و چ لە بەشەکانی دیکەی کوردستان پێمان دەڵێت کە ئەوە تەنیا ئیرادە و یەکدەنگیی خۆمانە دەتوانێ لە خواست و هیواکانمان نزیکمان بکاتەوە. لە ناوچەیەکی ئاڵۆز وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە کورد لە چەقی ئەم ئاڵۆزییەش‌دایە بەدیهاتنی مافەکانمان کارێکی ئاسان نییە. پڕوپاگەندەی نەیاران و دوژمنانی کورد و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی وای کردووە کە حەساسیەتێکی زۆر لەمەڕ پرسی کورد هەیە. بەڵام ئەمجارە شۆڕشی ژینا ئەو دەرفەتەی بۆمان خۆڵقاندووە تا توانایی و ئیرادەی کورد زیاتر خۆی دەربخات و جێی سەرنج بێ، بە مەرجێ کورد و ڕێبەری کورد بزانێ کەڵکی لێ وەربگرێت.

سەروەریی سیاسیی خەڵکی کوردستان ئەو خاڵە گرینگەیە کە دەبێ لە سەری بوەستین و هێڵی سوورمان بێ. لە ئێرانی فرەنەتەوە و فرەچەشن لە دوای کۆماری ئیسلامی کە ئاڵترناتیڤێکی بەهێزی ڕادیکاڵ نابیندرێ، بێگومان ئاستەنگی زۆر هەیە بۆ دیمۆکراتیزەکردنی ئەم وڵاتە و گەیشتنی نەتەوەکان بە مافی ڕەوای خۆیان. هەروەک بەڕێز دوکتۆر بۆرهان یاسین دەڵێ کورد نابێ هەوڵ بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بدات کە دواتر داوای مافەکانی خۆی لێ بکات. ئەم وتە بەنرخە لەوەوە دێت کە کورد لە عێراقدا هەوڵ و تەقەڵای زۆری دا دوای ڕووخانی سەدام بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و دواتر ئەو دەوڵەتە بەشێکیتر لە خاکی کوردستانی لە هەرێم جیا کردەوە و بەردەوام ناکۆکی هەیە لە نێوان هەرێم و ناوەندا. کە وا بوو کورد و هێزی سیاسی کوردستان ئەرکی سەرشانیەتی تا پێداگری لە سەر مافەکانی خۆی بۆ سەروەریی سیاسی بکات و لەو سۆنگەیەوە هەوڵ بۆ دێمۆکراتیزەکردنی ئێرانی داهاتوو بدات نەک ئەوەی مافەکانی خۆی بکاتە قوربانیی ئێرانی دێموکراتیک.

سەروەریی سیاسی و بەدەستەوەگرتنی چارەی خۆیان بە دەستی نەتەوەی کورد ئەو هێڵە سوورەیە کە دەبێ لەم هەلە و لەم شۆڕشە بیکات بە بنەما و خواستی سەرەکی.