کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

12:41 - 6 رێبەندان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە چەندین شوێنی کوردستان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' و هەروەها بۆ بەرزڕاگرتنی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان و پێگەی بەرزی حیزبی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات شەوی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندان، لە گوندی ''یازیبڵاغی'' سەر بە شاری سەقز بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی پێشڕەو و هەروەها بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا، بە نووسینی دروشمی ''ژن ژیان ئازادی''، ئەو چالاکییەیان ئەنجام دا.

هاوکات ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار، لە گوندی ''بندرێ'' بە هەڵواسینی لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دەرکی دێهیاریی ئەو گوندە، پێگەی بەرز و خۆشەویستی ئەو حیزبەیان بە داگیرکەرانی کوردستان نیشان دایەوە.

هەروەها ئەندمانی حیزب لە بانە بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی ئەم یادە، ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕی.

هەر بەوە بۆنەوە ئەندامانی حیزب لە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە لە گوندی ''بەڕوەر'' بە بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا و یادی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرت.