کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامە و ڕوونکردنەوەی "یزاکا" لەهەمبەر پیلانێکی کۆماری ئیسلامی

16:22 - 6 رێبەندان 2722

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، لەهەمبەر پیلانێکی ڕێژیمی ئێران بەیاننامە و ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی، توێژی زانایانی ئایینی، خەڵکی کوردستان و ئێران و حیزب و کەسایەتییە سیاسی و مەدەنییەکان بڵاو کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کۆماری تێرۆریستی دواکەوتووی ئێران هەستی بە مەترسی کرد کەوا حوجرە و مزگەوتەکان خەریکن دەبن بە ڕێبەرایەتیی شەقام، بۆیە بە پیلانگێڕییەکی داڕێژراو دەستی کرد بە دەسبەسەرکردن و شکەنجە و بێڕێزیکردن و هەڕەشەی کوشتن و ڕێگریکردن لە وتار و خوتبەی هەینیی مامۆستایانی بەلووچ و کورد، بەڵام ئەو پیلانە نگریسە سەرکەوتوو نەبوو، هەر بۆیە کەوتە پیلانگێڕییەکی چەپەڵانە بۆ ئەوەی درز بخاتە ناو یەکیەتیی زانایانی سووننە مەزهەب، بە تایبەت کوردستان.

خەریکە ئەم پیلانگێڕییە بەهۆی کومەڵێک بەناو مەلای کورد لە پارێزگای ورمێ و شارەکانی وەک سەڵماس و خۆی و دەوروبەری، کە لە ڕاستیدا ئەو جۆرە مەندیل بەسەرانە لە چڵکاوخۆر و ئایینفرۆش و نیشتمانفرۆشێک زیاتر لە کوردستان هیچ پێگەیەکیان نییە، دەیهەوێت لە ڕۆژانی حەوتووی داهاتوودا بە دژی مامۆستایانی کوردی نیشتمانپەروەر و پشتیوانانی شۆڕشی شەقام و پچڕاندنی یەکیەتیی نێوانیان لە شاری قوم شانۆگەرییەکیان پێ ئەنجام بدات و لێدوانی دژ بەو توێژە بڵاو بکەنەوە.