کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاوید ڕەحمان داوای کردووە کە گەمارۆی زیاتر بخرێتە سەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران

11:01 - 7 رێبەندان 2722

ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە زۆرترین گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران و ناچاریان بکەن بەخێرایی زیندانییانی سیاسی ئازاد بکەن و ئەشکەنجە، سێدارە و توندوتیژی ڕابگرن.

کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاروباری ئازادیی ئایینەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕێبەندان لە دانیشتنێکدا دۆخی ژنان و کەمایەتییە ئایینییەکان لە ئێرانی تاوتوێ کرد و لەو دانیشتنەدا جاوید ڕەحمان سەرەڕای پشتیوانی لە گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دژی ئێران، داوای کردووە گوشارەکان زیاتر و کاریگەرتر بن.

ناوبراو جەختی کردەوە: "گەمارۆکان کاتێک کاریگەرتر دەبن کە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم بە تەواوی سزا بدرێن، پێویستە ئیبراهیم ڕەئیسی بەتەواوی سزا بدرێت چونکە لەم ماوەیەدا لە سەرکوتەکان ڕۆڵی هەبووە و پێش ئەوەش سەرۆکی دەزگای داد بووە و زۆر ڕێگەی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ داوە."