کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: خەڵکی ئێران دژی لەسێدارەدانە

11:04 - 8 رێبەندان 2722

مەولوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، لە نوێژی ڕۆژی هەینی ٧ی ڕێبەندان ڕایگەیاند: خەڵکی ئێران دژی سزای لەسێدارەدانە. خەڵکی ئێران لەسێدارەدان ڕەت دەکاتەوە و لەسێدارەدانی بۆ هیچ شوێنێکی ئێران و جیهان ناهەوێت.

قسەکانی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، چوار خۆپیشاندەر لە ئێران لەسێدارە دران و ژمارەیەکی زۆری دیکەش بە تۆمەتی "موحاربە و موفسیدی سەر زەوی"، مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

عەبدولحەمید هەروەها وتی کە خەڵکی ئێران خوازیاری ئاشتی و لابردنی گرژی و ئاڵۆزییە.

پێشنوێژی هەینی زاهیدان ڕایگەیاند: دەبێ گرژییەکان لە پێوەندییەکانی دەرەوەدا کەم بکرێنەوە و ئێران ببێتە وڵاتێکی ئاشتیخواز، پێویستە ئاشتی لە یەمەن، سووریە، ئۆکراین و هەموو جیهاندا جێگیر بکرێت.

شایانی باسە کە ڕۆژی هەینی ٧ی ڕێبەندان، خەڵکی بەلووچ دوای نوێژی هەینی لە زاهیدان دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و پەیامی ئازادیخوازی، دێموکراسیخوازی و بەرابەرییان بە جیهان گەیاندەوە.