کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە جیهانییەکان بۆ بەتێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران

09:51 - 9 رێبەندان 2722

کوردستانییان و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان، دژی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەی بەرینی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوا دەکەن کە سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسرێت.

ڕۆژی شەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کوردستانییان، ئێرانییەکان، چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دەرەوەی وڵات، لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان وەکوو فەرانسە، ئاڵمان، نۆروێژ، ئەمریکا و کانادا، بە خۆپیشاندانی جەماوەری پشتیوانیی خۆیانیان بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەربڕی و پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسرێت و کۆتایی بە پێشێلکارییە مافە مرۆییەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بهێنرێت.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا، خەڵکی خۆپیشاندەر لە پاریس دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا و داوایان کرد کە هاووڵاتییانی فەرانسەیی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئازاد بکرێن.

هەروەها لە واشنگتۆن لە بەردەم بینای کۆنگرە و دیوانی بەرزی ئەمریکا داوایان کردووە کە گەمارۆکان بۆ سەر حکوومەتی ڕێژیمی ئێران زۆرتر بکرێت و سپای پاسدارانیش بخرێتە لیستی تێرۆرەرە.