کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی نۆروێژ خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا بەڕێوە چوو

09:59 - 9 رێبەندان 2722

ڕۆژی شەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە کوردی و ئێرانییەکانی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ، خۆپیشاندانێکی گەورە بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندەران لە بەردەم وێستگەی قەتاری شاری ئۆسڵۆ کۆ بوونەوە و دواتر بە ڕێپێوان و بە وتنەوەی دروشمی کوردی، نۆروێژی و فارسی بە شەقامی سەرەکیی ئەو شارەدا بەرەو پارلمانی ئەو وڵاتە وەڕێ کەوتن.

لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا، بڕیارنامەیەک خوێندرایەوە کە وێڕای پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و پشتگیری لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بە گشتی و کوردستان و بەلووچستان بە تایبەتی، خۆپیشاندەران بە نوێنەرایەتی لەلایەن خەڵکی ئێران و کوردستان چەند داواکارییان ئاراستەی پارلمانی نۆروێژ کرد.

بەشێک لەو داواکارییانە بریتی بوون لە: "سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بخرێتە نێو لیستی تێرۆریستییەوە، نۆروێژ هەموو پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران ڕابگرێت و باڵوێزیخانەی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە دابخات، نۆرویژ تێبکۆشێت بۆ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی کە لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و نۆرویژ باڵوێزی ئێران لەو وڵاتە بانگ بکات و داوا بکات کە ئێعدامی خۆپیشاندەران ڕابگرن."