کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بومەلەرزەکەی شاری خۆی سێ کوژراو و دەیان برینداری لێ کەوتەوە

10:34 - 9 رێبەندان 2722

لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلەی ڕیشتەر ڕووی دا و بە هۆیەوە دەیان کەس بریندار بوون.

شەوی شەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، پارێزگاری ڕێژیم لە ورمێ ڕایگەیاند کە لە بومەلەرزەکەی شاری خۆی، ٣ کەس گیانیان لەدەست دا و ٦٦٤ کەسیش بریندار بوون.

هەروەها لە ماوەی نزیک بە  ٥ کاتژمێردا، ٤٠ وردەلەرزە ڕووی داوە و ئەوەش ترسێکی زۆری لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

شەوی ڕابردوو، خەڵکی شاری خۆی لە ترسی دووبارەبوونەوەی بومەلەرزە، لەسەر شەقامەکان مانەوە و بەرقی هێندێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارەش پچڕاوە.

لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ئەوە دووەمین جارە کە لە شاری خۆی بومەلەرزە ڕوو بدات و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە گرینگییەکی ئەوتۆیان بە دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک و بەڕێوەبەریی قەیران نەداوە.