کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی پشتیوانیی کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان لە مامۆستایانی ئایینی

11:17 - 9 رێبەندان 2722

کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان ڕۆژی شەممە ٨ی ڕێبەندان، لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی خۆیان لە مامۆستایانی ئایینی دەربڕی کە دژی ڕێژیمی ئێران لە بەرەی خەڵکی ئازادیخوازدان و لە بەرامبەر زوڵم و ستەمەکانی ڕێژیم وەستاونەتەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە بێگومان پێویستیی هەر بزووتنەوە و شۆڕشێک بۆ گەیشتن بە ئازادی یەکگرتن و پشتیوانیی نەتەوەکان، ئایینەکان و توێژە جیاوازەکانی کۆمڵگە لە یەکترە کە هەموو لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی دیکاتۆریدا دەژین و پێویستە هەموو توێژەکان بە هانای یەکەوە بچن.

لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژینا مامۆستایانی ئایینی لە شارەکانی کوردستان بە پێکهێنانی یەکیەتی و دەرکردنی بەیاننامە و هەروەها لە خوتبەکانیان لە نویژی هەینی بە ئاشکرا پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی خەڵک کردووە و دژی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستیان گرتووە. لە ئێستادا سەرکوتکەرانی ڕێژیم بەهوی ترسیان لە بوێریی مامۆستایانی خەباتکار ژمارەیەک لەو مامۆستایانەیان دەسبەسەر کردووە.

کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان وێڕای پشتیوانیی خۆی لە مامۆستایانی ئایینیی کوردستان، داوای کردووە کە خەڵکی شۆڕشگێڕ و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم و هەروەها ئەو دەستە لە مامۆستایانی شیعە مەزهەب کە لە زوڵم و ستەمەکانی ڕێژیم وەزاڵە هاتوون، پشتیوانی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان بن.