کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکاندنی کێلی گڵکۆی شەهیدان لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە لە بۆکان

11:34 - 9 رێبەندان 2722

بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شاری بۆکان، دوای ئەوەیکە لە گۆڕستانی ئاوایی ئاڵیکەند ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی چلەی شەهید محەممەد حاجی ‌ڕەسووڵ‌پوور کردبوو، کێلی شەهید عەبدوڵڵا محەممەدپوور‌یان شکاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی هەینی ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە تەواوی چوار دەوری گۆڕستانی گوندی ئاڵیکەند سەر بە شاری بۆکانیان تەنیبوو و ڕێگرییان لەوە کرد کە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی محەممەد حاجی ‌ڕەسووڵ‌پوور، شەهیدی ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران بەڕێوە بچێت و هەڵیانکوتاوەتە سەر گۆڕی شەهید عەبدوڵڵا محەممەدپوور، شەهیدی حیزب و گەل و کێلی گڵکۆکەیان شکاندووە.

شەهید عەبدوڵڵا محەممەدپوور، شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ساڵی ١٣٤٢ لە ئاوایی ئاڵیکەند لەدایک بووە و ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکی قارەمانانەدا لەنێوان شارەکانی سەقز و بۆکان، لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای بەرگرییەکی زۆر، پەیوەست بوو بە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە و تەرمەکەی لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپەردە کرابوو.