درێژەدەرانی ڕێبازی شەهیدان بەبۆنەی چلەی شەهید محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور یەکێک لە شەهیدانی ڕاپەڕین لە بۆکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو شەهیدە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لاوانی تێکۆشەر شەوی شەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان، بەبۆنەی چلەی شەهید وەستا محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور و هەروەها بۆ ڕێزگرتن و درێژەدانی ڕێبازی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە زۆربەی قوتابخانە و گەڕەکەکانی شاری بۆکان وێنەی شەهید محەممەدیان بڵاو کردەوە.
محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەو دواییانەی شاری بۆکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدا کەوتبووە کۆماوە، بەهۆی سەختیی برینەکانی لە نەخۆشخانەی قولیپوور گیانی لەدەست دا.
جێگەی ئاماژەیە ڕۆژی هەینی ٦ی ڕێبەندان، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی چلەی شەهید محەممەد حاجی ڕەسووڵپوورهێزێکی زۆری بە چەکی قورسی وەک تیربار و دۆشکا ڕەوانەی گوندی ئاڵیکەند سەر بە شاری بۆکان کردبوو و ئیزنیان بە کەس نەدا ڕێوڕەسمی چلەی شەهید محەممەد لەسەر گڵکۆی ناوبراو بەڕێوە ببەن.