کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی لە دۆخێکی دژواردان

11:45 - 10 رێبەندان 2722

خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی لە دۆخێکی زۆر دژواردان و شەوی دووەمی دوای ئەو ڕووداوەیان لە کەشوهەوای لەڕادەبەدەر سارد و لە شوێنە کراوەکاندا بەسەر برد.

لە کاتێکدا بە سەدان یەکەی نیشتەجێبوون لە شاری خۆی و گوندەکانی دەوروبەری بەهۆی بومەلەرزەوە وێران بوون یان زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە، هەروەها سەرەڕای بەردەوامیی وردەلەرزەکانیش، خەڵكی ئەو شارە کە لە دۆخێکی زۆر نالەبەردان، لەهەمبەر گرینگی پێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم و دابەشنەکردنی خێوەت و پەتوو و خۆراک ناڕەزایەتییان دەربڕی.

میدیا ناوخۆییەکان دۆخی بومەلەرزەلێدراوانیان بە سەخت و داخدار وەسف کردووە، هەروەها وێنە و ڤیدیۆکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە دەریدەخەن کە خەڵک بەرامبەر بە دابیننەکردن و دابەشنەکردنی یارمەتییە فریاگوزارییەکان بە توندی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لەگەڵ ‌هێزەکانی مانگی سوور (هیلالی ئەحمەر) تووشی دەرگیری بوونە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ لە نێوخۆ، هاووڵاتییان لە شاری خۆی لە شەقامەکان و بە کردنەوەی ئاگر خۆیان گەرم دەکەنەوە و باسیان لەوە کردووە هیچ کام لە بەرپرسانی ڕێژیم لە خەڵکیان نەپرسیوە.

شەوی شەممە ٨ی ڕێبەندان، بە دوای ڕوودانی بومەلەرزەی ٥.٩ ڕیشتەری لە شاری خۆی، هەزار و ٧٥ کەس بریندار بوون و ٣ کەسیش گیانیان لەدەست دا.