خەڵک و لاوانی ئازادیخوازی شاری سنە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە مامۆستایانی ئایینیی دەسبەسەرکراو، بە ئاگرکردنەوە لە شەقامەکان و داخستنی ڕێگەوبانەکان و هەروەها بە دروشمدان دژی ڕێژیم، ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەوە.
شەوی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لاوانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی شاری سنە، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە دوو مامۆستای ئایینیی بە هەڵوێستی شارە سنە، مامۆستایان "لوقمان ئەمینی و ئیبراهیم کەریمی" کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، ڕژانەوە سەر شەقامەکان.
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان، مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامعەی ''چواریاری نەبیـ''ـی سنە و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، پێشنوێژی مەزگەوتی جامعەی گوندی نەنەڵە، لە جادەی سنە- مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کران.
لە کاردانەوە بە دەسبەسەرکردنی ئەو دوو مامۆستا ئایینییە، لە هەمان ڕۆژدا بانگەوازێک ڕوو بە خەڵکی سنە بڵاو کرایەوە کە خەڵک لە مزگەوتی چواریاری نەبیی سنە بۆ پشتیوانی لەو دوو مامۆستایە، کۆ ببنەوە.