کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی کوردستان لە ڕەبەت کۆچی دوایی کرد

16:51 - 11 رێبەندان 2722

دایە "عایشە" دایکی شەهید محەممەد ئیبراهیم‌زادگان (بڵاوی) و خوشکی شەهید برایم ڕەشاش، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان لە گوندی بەڵاو لە ناوچەی ڕەبەت کۆچی دوایی کرد.

 دایە عایشە ژنێکی نیشتمانپەروەر، بوێر، تێکۆشەر و دێموکراتخۆشەویست بوو و هەردەم دڵی بۆ ئازادی و ڕزگاری لێ دەدا.

ئەو شێرە ژنە دڵسۆزە باوەڕی بە داهاتووی نیشتمان، بە ئازادی و سەربەستی لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی گەلەکەی واتە هێزی پێشمەرگە هەبوو.

دایە عایشە بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانی هەرچی لە دەستی بێت بۆ خزمەتکردن بە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کوڕەکەی و برا شەهیدەکەی بیکات.

شەهید محەممەدی كوڕی دایە عایشە لە كانی شابانی هەڵكەوتوو لەنێوان گوندەكانی كونەورچێ و سووتوو، لە شەڕێكی سەختدا شەهید بوو و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو.

هەروەها برایەکی دایە عایشە بە ناوی برایم ڕەشاش كە بۆ سەردانی هاوژینكەی   چووبووە گوندی بەڵاو، لەلایەن جاش و پاسدارەكانەوە دەوری گیرا و پاش شەڕ و پێكدادان، شەهید كرا.

ئەو دایکە دڵسۆزە وەسیەتی بۆ کوڕ و کچ و نەوەکانی کردبوو کە هیچکات پشت لە نیشتمان نەکەن و خیانەت بە کورد نەکەن و نیشتمانپەروەر و پشتیوانی خەڵکی هەژار و چەوساوەکان بن.

تەرمی دایە عایشە لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە و لەسەر وەسیەتی خۆی لە تەنیشت گۆڕی کوڕە شەهیدەکەی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ئەو دایکە نیشتمانپەروەرە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.