لاوانی شۆڕشگێڕی جوانڕۆ بەبۆنەی چلەی شەهید بورهان ئەلیاسی، لە پەیامێکدا داوایان لە خەڵکی مافخواز و تێکۆشەری شاری جوانڕۆ کردووە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ڕێبەندان بە شێوەی هێمنانە لەسەر گۆڕی ئەو شەهیدە کۆ ببنەوە و یاد و ناوی بەرز و پیرۆز ڕابگرن.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
بە ناوی ژن ژیان ئازادی
خەڵکی خۆڕاگر و بەشەرەفی جوانڕۆ! هەروەک ئاگادارن ماوەی چوار مانگە شۆڕشی ژینا لە کوردستان دەستی پێ کردووە و لەم ماوەی چوار مانگەدا کوردستان و بەتایبەت شاری جوانڕۆ باشترین ڕۆڵەکانی خۆیانیان خەڵاتی خاکی پیرۆزی کوردستان و ئازادیی کوردستان کردووە و بە جۆرێک شاری جوانڕۆ لە ماوەی یەک ڕۆژدا پێنج شەهیدی خەڵاتی خاک و نیشتمان کرد و لە ڕۆژی چلەی شەهیدانی جوانڕۆ دیسان تێرۆریستەکانی کۆماری پەت و سێدارە بە چەکی شەڕ هێرشیان کردە سەر بەشداربووانی چلەی شەهیدانی جوانڕۆ و لە ئاکامدا چەندین کەس بریندار بوون.
شەهید بورهان ئەلیاسی یەکێک لە جوامێر و ناودارەکانی جوانڕۆ لە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢ی کوردی تێکەڵی کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی نیشتمان بوو، هەر بەم بۆنەوە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی کە هاوکاتە لەگەڵ چلەی شەهید بورهان ئەلیاسی، داوا لە خەڵکی مافخواز و تێکۆشەری شاری قەڵای جوانڕۆ دەکەین بە شێوەی هێمنانە لەسەر گۆڕی شەهیدی نیشتمان شەهید بورهانی ئەلیاسی کۆ بینەوە و یاد و ناوی بەرز و پیرۆز ڕابگرین.