![](/content/upload/1/news/57970_w920.jpg)
وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتووێژێکی تەلێفونیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە کە ڕێکەوتنی بەرجام زیندوو ناکرێتەوە و گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاتر دەکەین.
ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی بەفرانبار، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە وتووێژێکی تەلێفونیدا لەگەڵ ئێلی کۆهێن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتوویەتی کە ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ ژیاندنەوە نابێت و جەختی کردەوە کە ئامریکا گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر دەکات.
بلینکێن باسی لەوە کردووە کە ئامریکا داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە گەمارۆی ئابووریی زیاتر دژی ئێران پەسند بکات.
وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی کە بایدن، سەرکۆماری ئامریکا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ ئیدی ناکرێت زیندوو بکرێتەوە و مانگی خەزەڵوەڕی ئەمساڵیش لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەوە کردبوو کە بەرجام "مردووە".
لە کاتێکدا ئامریکا و ئیسرائیل باس لەوە دەکەن بەرجام زیندوو ناکرێتەوە و دەبێ گوشاری زیاتر بخرێتە سەر تاران، کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران جەخت لەسەر بەردەوامیی وتووێژەکان دەکەن.