کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە جوانڕۆ پێش بە دانی خوێن لە خەڵک دەگرێ

17:08 - 13 بەفرانبار 2722

نەخۆشخانەکانی شاری جوانڕۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە لەو بەشە لە هاووڵاتییان کە بۆ پێدانی خوێن بۆ بریندارانی ڕاپەڕینەکانی ئەو شارە، سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن خوێن وەرنەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەشێک لە هاووڵاتییان لە ناوچەی کامێران بۆ پێدانی خوێن بە برینداربووانی خۆپیشاندانی چلەی شەهیدانی شاری جوانڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی ئەو شارەیان کردووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەوە خوێنیان لێ وەرنەگیراوە.

بەپێی زانیارییەکان بەرپرسان و پێرسۆنێلی نەخۆشخانە لەژێر گوشاری ناوەندەکانی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارنی ڕێژیم، بەو کەسانەیان وتووە کە کەرەستەی پێویستیان بۆ وەرگرتنی خۆین نییە و ئەگەر دەیانهەوێ خوێن بدەن دەبێ بچنە شاری کرماشان.

بە دوای پێشگرتنی ڕێژیم لە بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شاری جوانڕۆ شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران هاتە ئاراوە، کە لە ئاکامدا لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵان بە ناوی بورهان ئەلیاسی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کرا و دەیان کەسیش بریندار بوون.

وەرنەگرتنی خوێن لە خەڵک لەحاڵێکدایە کە نەخۆشخانەکانی شاری جوانڕۆ لەگەڵ کەمیی خوێن بەرەوڕوون و گیانی نەخۆشەکان لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوویە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ گوشار خستنە سەر خەڵک بە مەبەستی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە هیچ کار و کردەوەیەکی نامرۆڤانە خۆیان نابوێرن.