![](/content/upload/1/root/57959_w920.jpg)
بەرپرسانی پلەبەرزی ئامریکایی و وڵاتانی جیهانی، جەختیان لەسەر ئەو کردەوە کە بەردەوام پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی بەردەوامیی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسانی پلەبەرزی ئامریکایی و وڵاتە جیاوازەکانی جیهان، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانییکردنیان لە شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ لە بەرانبەر پیشێلکاریی و سەرکوتە خوێناوییەکانی وڵامدەر بێت.
هەر لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند کە واشنتۆن لە ئێستادا گرینگی بە پشتیوانییکردنی گەلانی ئێران دەدا و بە تەواوی پاڵپشتی لە داواکارییەکانیان دەکا و هەروەها داوای لە وڵاتانی جیهانیش کردووە کە پشتیوانیی لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بکەن بۆ ئەوەی بگەن بە ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خۆیان و بێدەنگ نەبن لە بەرانبەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر خەڵکی ئازادیخوازی ئێراندا.