کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی لەسێدارەدانی محەممەدمەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی پشتڕاست کرایەوە

12:24 - 14 بەفرانبار 2722

دیوانی بەرزی ڕێژیمی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی محەممەدمەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکاندا دەسبەسەر کراوبوونی پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، ئەمیر هاشمی بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەکانی دیوانی بەرزی ڕێژیمی ئێران لە تویتێکدا ڕای ئەو دیوانەی لەسەر ١٦ کەس لە دەسبەسەرکراوان لە پێوەندی لەگەڵ یەک دۆسییەدا ڕاگەیاند کە حوکمی لەسێدارەدانی محەممەدمەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی پشتڕاست کرایەوە.

دەرچوونی حوکمی سێدارە بۆ ئەو دوو خۆپیشاندەرە دەسبەسەرکراوە لە حاڵێکدا بووە کە دۆسییەیەکەیان لە ڕەوتی پێداچوونەوەدا بووە.

ئەو ١٦ کەسە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای تێرۆریستیی پاسداران بە ناوی ڕوحوڵڵا عەجەمییان لە کاتی سەرکوتی خۆپیشاندەران لە چلەی ماتەمینی حەدیس نەجەفی لە کەماڵ شەهری پارێزگای ئەلبۆرز دەسبەسەر کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ناوی سەد خۆپیشاندەر کە مەترسیی دەرکردنی حوکمی سێدارە یان جێبەجێکردنی ئەو حوکمەیان لەسەرە بڵاو کردووەتەوە.

دەزگای دادی ڕێژیم تۆمەتی وەک "بەغی، موحاربە و موفسێدی سەر زەوی" بەسەر زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرە کراودا سەپاندووە تا بەم شێوەیە بتوانێت حوکمی سێدارەیان بۆ دەر بکات.