کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: بە هێزەوە پێش بە بووژانەوەی بەرجام دەگرین

17:29 - 14 بەفرانبار 2722

سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی ئیسرائیل، دژایەتیی خۆی لەگەڵ ڕێککەوتنی ناوکی دەربڕی و وتی: "دەوڵەتی ئیسرائیل بە تەواوی هێزەوە پێش بە بووژانەوەی بەرجام دەگرێ".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی بلۆمبێرگ، ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی ئیسرائیل وتی: "هەنگاوگەلێکی بەهێز و ئاشکرا دژی بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لەسەر ئاستی جیهاندا هەڵدەگرین و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین کە جارێکی دیکە بەرجام ببووژێتەوە و ئەم هەنگاوە تەنیا وتووێژی داخراو نییە لەگەڵ بەرپرسی وڵاتانی جیهانی، بەڵکوو لە پێش چاوی جیهانەوە و بە ئاشکرا ڕێگە نادەین بەرجام جارێکی دیکە ببووژێتەوە".

نیتانیاهوو حەوتووی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمی دەسبەکاربوونی کابینەی نوێی دەوڵەتەکەی وەکوو سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا و لە کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتەکەیدا وتی: "هێشتا بەرجام بەتەواوی لە دەستووری کار دەرنەچووە کە وڵاتانی ئەندامی بەرجام جارێکی دیکە لە یەک شوێندا باسی ڕێککەوتنی ناوکی نەکەن، بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل بە تەواوی هێزی خۆیەوە پێش بە ڕێککەوتنی بەرنامەی ناوکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەگرێ و کۆبوونەوە لەسەر بەرجام و بووژانەوەی وا دەکا کە ڕێژیمی ئێران زووتر دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا".