کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سەردەشت

17:38 - 14 بەفرانبار 2722

کاک ڕەحیم ڕەسووڵ‌پوور، خەڵکی گوندی شیوەبرایمە سەر بە شاری سەردەشت، بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کاک ڕەحیم ڕەسووڵپوور، ناسراو بە "ڕەحیمی مام سمایلی شیوەبرایمە"، ئەندامی دڵسۆز و بەوەجی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە لە گوندی شیوەبرایمەی سەر بە شاری سەردەشت تەرمەکەی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

کاک ڕەحیم له سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوه بە دڵ‌ و بە گیان بۆ خزمەت به گەل و نیشتمان به تەواوی هێز و توانایەوه له ناخۆشترین و هەستیارترین کاتەکاندا که حیزبی دێموکرات پێویستی به یارمەتی و یاریدەدان بووبێ، له مەیداندا بووە و وەک هێزی بەرگری ئەندام بووە و سەدان جار به ناخۆشترین و مەترسیدارترین ڕێگادا کەلوپەل و پێداویستیی گەیاندووەتە دەست پێشمەرگە و زۆر جار شەهید و برینداری گواستووەتەوە و زانیاری به کەڵکی گەیاندووەتە دەستی حیزبی دێموکرات.

 ناوبراو ئامۆزای شەهید "شێرکۆ ڕەسووڵزادە"یە کە لە هێرشی مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر قەڵای دێموکرات، شەهید بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارە بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک ڕەحیم، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خزم، کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی سەردەشت دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.