بێهرووز شەفەقدووست، باوکی شەهید نیما شەفەقدووست لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بێهرووز شەفەقدووست، باوکی شەهید نیما شەفەقدووست خەڵکی شاری ورمێ لە کاتی شۆفیریدا بەهۆی جەڵتەی دڵ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو دوای شەهیدبوونی نیما ماوەیەک دەسبەسەر کراوە و بەبێ ئەوەیکە هیچ پێشینەیەکی نەخۆشی هەبێت چەند ڕۆژ دوای ئازادبوونی لە زیندان کۆچی دوایی کردووە.
کۆچی بێهرووز شەفەق دووست ئەو گومانەی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری دروست کردووە کە ئەگەری زۆرە ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە زیندان ژەهراوی کرابێت.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، نیما شەفەقدووست تەمەن ١٦ ساڵان و خەڵکی گوندی زیندەشت، سەر بە شاری سەڵماس و دانیشتووی شاری ورمێ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە ورمێ شەهید بوو.
هەتا ئێستا چەندین کەس دوای ماوەی چەند ڕۆژ لە ئازادبوونیان لە گرتنگەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەست داوە.