![](/content/upload/1/news/57848_w920.jpg)
پازدەهەمین شەممەی خۆپیشاندانەکان لە وڵاتانی جیهان لە دوایین ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە کەسایەتییە دیار و بەرچاوەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە پەیامێکی هاوبەشدا ساڵی ٢٠٢٣ی زایینییان بە ساڵی دەستەبەرکردنی ئازادی و دادپەروەری ناو برد.
ڕۆژی شەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران، دانیشتووانی ئێرانی و کوردستانی لە "لۆسئانجلێس"ی ئامریکا سەرەڕای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دوایین ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا دروشمی دژی ڕێژیمی ئێرانیان وتەوە.
لەلایەکی دیکەوە کوردان و ئێرانییەکانی دانیشتووی شاری "ڕاکویل" لە هەرێمی میرلەندی ئامریکا دژی ڕێژیم دروشمی "ژن ژیان ئازادی"یان وتەوە و پلاکارد و وێنەی "ژینا ئەمینی"یان وەکوو هێمای ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بەرز کردەوە.
لە وڵاتی کانادا، ئێرانییان و کوردستانییانی دانیشتووی ئەو وڵاتە، سەرەڕای خۆپیشاندان و دروشمدان دژی ڕێژیمی ئێران داوایان لە هەموو ئۆپوزیسیۆنە ئێرانییەکان کرد کە یەکگرتووانە ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران ببنەوە و هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازیی ئێران و دەسبەسەرکراوانی مەحکووم بە سێدارە بکەن.
لە وڵاتانی "سوید، ئیتالیا، نۆروێژ و ئۆسترالیا" بەهەمان شێوە کوردستانییان و ئێرانییانی دانیشتووی ئەو وڵاتانە لە دوایین ڕۆژی ساڵی زایینیدا، ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" پشتیوانیی خۆیان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دووپات کردەوە.