کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی‌ئێن‌ئێن: زۆربەی کەرەستەکانی دڕۆنە ئێرانییەکان بەرهەمی ئامریکا و ئورووپایە

10:33 - 15 بەفرانبار 2722

هەواڵدەریی "سێ‌ئێن‌ئێن" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دەوڵەتی ئۆکراین، زۆربەی کەرەستەکانی دڕۆنە ئێرانییەکان بەرهەمی ئامریکا و ئورووپایە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، هەواڵدەریی "سی ئێن‌ئێن" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دەوڵەتی ئۆکراین، لە ٥٢ کەرەستەی بەکارهێنراو لە دڕۆنی" شاهد ١٣٦" بەرهەمی ڕێژیمی ئێران، ٤٠ کەرەستەی سەرەکیی بەرهەمی کۆمپانیاکانی ئامریکایە و ١٢ کەرەستەی دیکەشی لە کۆمپانیاکانی "کانادا، سویس، ژاپۆن، تایوان و چین" بەرهەم هاتوون.

هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی ئامریکایی سەبارەت بە ناکارامەبوونی گەمارۆکان و هەناردەکردنی ئەو کەرەستانە بۆ ئێران نیگەرانیی خۆیانیان دەربڕی و ئادرین واتسۆن، وتەبێژی ئەمنییەتیی نەتەوەیی کۆشکی سپی لەبەیاننامەیەکدا بە هەواڵدەریی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە کە لە ئێستادا خەریکی سەپاندنی گەمارۆگەلێکی نوێ دژی ڕێژیمی ئێرانین کە ئەو ڕێژیمە نەتوانێ زۆر بە ئاسانی کەرەستە و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی دڕۆن دابین بکا.