![](/content/upload/1/news/57883_w920.jpg)
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دژی ڕۆژنامەی "شارلی ئێبدۆ" کە کاریکاتۆری گاڵتەجاڕیی عەلی خامنەیی بڵاو کردووەتەوە، هەڕەشەی کردووە کە ئەو ڕۆژنامەیە بێوڵام ناهێڵنەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە دژکردەوە بە بڵاوکردنەوەی کاریکاتۆری گاڵتەجاریی عەلی خامنەیی لە ڕۆژنامەی "شارلی ئێبدۆ"ی پاریس، هەڕەشەی کرد و وتی: "ئەو ڕۆژنامەیە بێوڵام ناهێڵینەوە و بێدەنگ نابین لەو بێڕێزیکردنە".
ناوبراو لە تویتێری خۆیدا بە هەمان شێوە لەسەر هەڕەشەکانی جەختی کردەوە و نووسیویەتی کە بێڕێزیکردنی ئەو ڕۆژنامەیە کە کاریکاتۆری گاڵتەجاڕیی خامنەیی کێشاوەتەوە، بێوڵام ناهێڵینەوە و وڵامێکی کاریگەری دەدەینەوە، هەروەها ناوبراو هەڕەشەی لە دەوڵەتی فەرانسەش کردووە لە حاڵێکدا کە ئەو ڕۆژنامەیە سەر بە دەوڵەتی فەرانسە نییە.
جێی ئاماژەیە کە ئەو هەڕەشانەی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لەحاڵێکدایە کە بە وتەی ڕێکخراوە مافی مرۆیی و مەدەنییەکانی جیهان، ڕێژیمی ئێران یەکێک لە سەرەکیکترین دوژمنانی ئازادیی بەیانە و ڕۆژنامەنووسان لە ئێراندا سەرکوت و دەسبەسەر دەکا.