ئاماژە: تێپەڕینی ١٠٠ ڕۆژ بەسەر ڕاپەڕینی ژینا دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندێک بۆ دۆخی ڕاپەڕین و تاوتوێیی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بکرێت، دەسکەوت و کەموکوڕییەکانی لێک بدرێتەوە و وێنایەک لە دوورەدیمەنەکانی بەدەستەوە بدەین. هەروەها بەدوای وەڵامی کۆمەڵە پرسیارێکدا بگەڕێین کە کۆمەڵگەکە لەو چەقبەستووییە ڕزگار بکات. "کوردکاناڵ" بۆ ئەو مەبەستە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردبوو کە "کوردستان" پوختە و کاکڵی ئەم دیمانەیە بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە.
کاک مستەفا ١٠٠ ڕۆژ لە ڕاپەڕینی ژینا تێپەڕیوە. بەرلەوەی چەند پرس و پرسیارێکی تایبەت لە خزمەت جەنابتدا بێنینە گۆڕێ، پێمان باشە لێکدانەوەی جەنابت لەسەر دۆخی ئێستای ئێران بزانین. ئێرانی دوای ئەم ڕاپەڕینە چ جیاوازییەکی لەگەڵ دۆخی پێش ئەو ڕووداوە هەیە؟
ئەوەی لەو پێوەندییەدا دەبێ باس بکرێ دوو بەشە، واتە دۆخی خەڵک و دۆخی دەسەڵات. بە نیسبەت کۆماری ئیسلامیی هەڵوەرین لە ڕێژیمدا دوای ئەو سەد ڕۆژە زۆرتر بووە و ئەگەر پێشتر گرووپێک، یان بە نیسبەتی کەم خەڵکێک بە دەوریانەوە مابوون و باوەڕیان پێ دەکردن، ئەوەش زۆر لە کەمی داوە. تەنانەت لەنێو هێزەکانی سەرکوتکەر، بەتایبەتی لەنێو مەرجەعەکانی شیعەدا کە پشتیوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون، لەنێو ئەوانیشدا درزی تێکەوتووە و ئەو یەکدەستییەی لە هێرەمی دەسەڵاتی ڕێژیمدا هەبوو، ئێمە ئێستا ئەوە نابینین. بێجگە لەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە باری ئیدئۆلۆژیشەوە شکستێکی تەواوی خواردووە.
ئەگەر سەرنجتان دابێ، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، بەشێکی زۆر لە وزە، سامان و دارایی ئەو وڵاتەی تەرخان کرد بۆ ناوەندە ئایینیەکان بۆوەی بتوانێ ئەو نۆڕم و بەهاگەلەی بۆخۆیان وەکوو نۆڕم و بەهای ئیسلامی دەیناسن، نەوەیی نوێی پێ گۆش بکەن. لە قوتابخانەکان، زانکۆکان، ئیدارە و تەنانەت کارگە و کارخانەکان و لە هەموو شوێنێک ئەو سیاسەتە گیرایە بەر. بەڵام ئێستا دەبینین ئەو نەسڵە کە ئەو هەموو سەرمایەگوزارییەیان لەسەر کردووە و، بە تەمابوون بۆیان ببێتە پشتیوانی ڕێژیمەکەیان، ئەوە ئەوانن لەسەر شەقامەکان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دروشم دەدەن و خوازیاری ڕووخانی ڕێژیمن. بەتایبەت دەمەوێ ئاماژە بکەم بە دەوری بەرچاو و قارەمانانەی ژنانی ئێران کە زیاتر لە خەڵکی دیکە ستەملێکراو بوون. ڕەنگە ئێمە ئەوە کە ژنان سەرپۆشی ئیجباری لەسەر خۆیان لا دەبن بە شتێکی کەم بزانین، بەڵام بە بۆچوونی من ئەوە یەکێک لە کۆڵەکە ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە ئەو خەڵکە بە دەستی خۆیان ڕووخاندیان و یەک لە بەها سەرەکییەکانی ڕێژیمیان خستە ژێر پێی خۆیان و ئەوانە دەستکەوتی زۆر گرینگن.
بێجگە لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران، ساڵانێکە پڕوپاگەندە دەکا بۆ ئەوەی شیعە و سوونی و نەتەوەکانی جیاوازەکان کە پێکهاتەی ئێران پێک دێنن، لەبەرامبەر یەکتردا ڕابگرێ؛ بە نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی، بە سیاسەتی هەڵاواردن، بە لێدانی تۆمەتی جیاییخوازی و... . بەڵام ئەزموونی ئەو سەد ڕۆژە نیشانی دا کە نەک سیاسەتەکانی ڕێژیم جێ نەکەوتوون، بەڵکوو دروست بەپێچەوانەی ئەوان، نەتەوە جیاوازەکان و ئایینەکانی جیاوازەکان بە لایەنگری لە یەکتر دروشمیان دا. ئەو یەکیەتی و یەکڕیزی و یەکدەنگییە کە بە مانای هەرەسهێنانی ویستەکانی ڕێژیمە، دەسکەوتێکی زۆر گەورە بوو. لە بەشەکانی دیکەش وەک ئابووری و سیاسەتی دەرەکی، ڕێژیم تووشی داڕمان و هەرەس بووە. بەڵام ئەگەر بێینە سەر خەڵک، ئەو خەڵکە لەگەڵ ئەوەی تازیەباری لەدەستدانی خۆشەویستەکانیانن، ناڕاحەتن لەوەی برینداریان زۆرن، خەڵکێکی زۆر گیراون و بێسەروشوێن کراون؛ بەڵام خەڵک براوەن و ئەو وێنایەیان دروست کرد کە خەڵک دەتوانێ ئەو ڕێژیمە بڕووخێنی و نیزامی سیاسیی دڵخوازی خۆی بێنێتە ئاراوە. خەڵک ئێستا ئیدی بەتەواوی ترسیان لە ڕێژیم شکاوە و درێژە بە خەباتی خۆیان دەدن. بەتایبەتی دەبینین خەڵکی دنیا لە پاڕلمانەکان، دەوڵەتەکان لە نێو ڕۆژنامەنووسەکان، هونەرمەندان و بە ئیستلاح سلیبریتییەکان، لە هەموو شوێنێک هاتوونەتە پشت خەڵک و بە ئاشکرا دژی ڕێژیم هەڵوێست دەگرن.
دەستکەوتێکی گەورەی دیکەش ئەوەیە ئەگەر لە ساڵەکانی ڕابردوودا، دەماندیت خەڵک دەهاتنە سەر شەقامەکان، داواکان بۆ مووچەی دواکەوتوو، یان داخوازیی سینفییان هەبوو؛ بەڵام لەو سەد ڕۆژەدا دروشمەکان لەوە تێپەڕین و تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد ئامانج و دروشمی مەرگ بۆ ڕێبەری ڕێژیم بەرز کرایەوە. ئەوە پێمان دەڵێ کە ئەو خەڵکە ئیدی هیچ هیوایەکی بە ڕێژیم نەماوە و ئەو قەناعەتەی لەلا دروست بووە کە بۆ ساڕێژکردنەوەی برینەکانەکانی و، بۆ ژیانێکی سەربەرزانەتر دەبێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بڕوا.
کاک مستەفا باستان لە دۆخ و دەسکەوتەکانی ئەم ڕاپەڕینە کرد. بەڵام دەرفەتەکان چی؟ ئەم دەرفەتانە چین کە بۆ پرسی کورد لە ئێران دروست بووە؟ هەروەها کورد چۆن دەتوانێ ئەم دەرفەتانە بقۆزێتەوە و لەپێناو دۆز و پرسە گەورەکەی خۆیدا بەکاری بێنێ؟
گرینگتر لە هەموو شت ئەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، تەنانەت پێش کۆماری ئیسلامی و لە ڕێژیمی پەهلەویشدا کورد وەکوو خەڵکێکی یاخی و سەربڕ پێناسە دەکرا. کورد لەو سۆنگەیەوە بەتوندی سەرکوت دەکرا، زوڵمی لێ دەکرا و نەیاندەهێشت سەر هەڵێنێ، بەڵام ئێستا لە تاران، لە تەورێز، لە بەلووچستان خەڵک بۆ پشتیوانی لە کوردستان دروشم دەدەن. ئەوە دەرفتێکی باشە بۆ ئەوەی کورد جارێکی دیکە و بەشێوەیەکی دروست و ئوسوولی لە زمان خەڵکی دیکەوە دەناسرێ. ئەوە دەرفەتێکی زێڕینە و ئێمە هان دەدا بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوەی غەیری کوردستان پێوەندی بگرین و ئەو پێوەندییە، مەعنەوی و سیاسییە کە هاتووەتە پێش بتوانین بەهێزتری بکەین. لێرەدا پێمخۆشە داوا لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بەتایبەت لاوەکان بکەم کە ئەو دەسکەوت و یەکگرتووییە بە هەند وەربگرن. ماوەیەکی زۆری کێشاوە، کورد زۆری خوێن داوە تاوەکوو ئازادیخوازی و بەها مرۆییەکانی خۆی بە خەڵکی ئێران و جیهان بسەلمێنێ. لەبیریشمان نەچێ ئەگەر ئەو ڕاپەڕینە، لەنێو خەڵکی ئێراندا بەشێوەی بەربڵاو دەنگی داوەتەوە و دنیا هاتووەتە پشتی؛ لەسۆنگەی ئەو یەکگرتووییەیە. ئێمە شان بە شانی خەڵکی ئێران دەتوانین، ڕێژیم بڕووخێنین و ویست داخوازییەکانی خۆمان بێنییە دی، بۆیە لەو پێوەندییەدا ئەوەندی ئیمکانمان هەیە و بۆمان دەلوێ دەبێ پتر تێبکۆشن و کەلکی پتر لەو دەسکەوتە وەرگرین.
دەرفەتێکی دیکە کە دێتە پێشێ مەسەلەی ڕۆژئاوایە بە ئەمریکا و ئورووپاوە. ئێستا جیهان دەزانێ کە ئەو ڕاپەڕینە، یەکەم هەنگاو لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد. ئێستا دەزانن کە ئەوە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد بوون کە داوایان کرد خەڵک بێنە سەر شەقام و مان بگرن و خەڵک بە گوێیان کردن. ئەوە ئێعتبارێکی تازەتری داوە بە کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان داوە کە دەبێ بیکەینە دەسمایەیەکی باش بۆ دیپلۆماسییەکی بەهێز. ئەمن هەر لەو سەفەرە کورتەی بۆ بەشداری لە کۆنگرەی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست هەمبوو، ئەو تامەزرۆییەم بینی.
کاک مستەفا لە تەنیشت ئەو باسانەی کە لەسەر دەسکەوتەکان و دەرفەتەکانی ئەم جووڵانەوەیە کردتان، بۆ هەمووان ئاشکرایە کە جووڵانەوەکە لە کوردستان هێندێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە بۆ نموونە ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی. واتە ئەگەر لە دەرەوی کوردستان دەبینین دیاردەی مەندیلفڕێدان هەیە و خەڵکەکە بە بێزراوییەوە لە ئاخوندەکان دەڕوانن، بەڵام لە کوردستان هەم رەفتاری مامۆستاییانی ئایینی جیاواز بووە و خەڵکیش ڕێزێکی زۆر تایبەتیی بۆ ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی هەیە. بەڕێزتان چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەو جیاوازییانە هەیە؟
جیاوازییەکی گرینگ هەیە لەنێوان ئەو دوو تەیفە لە کوردستان و دەرەوی کوردستان. ئەوەی کە کەسایەتییە ئایینییەکانی شیعە بەتایبەتی ئەوانەی کە موجتەهیدن خەڵک چاوەڕوانی ئەوەی هەبووە کە لەسەر ئەو زۆڵموزۆرییەی ڕێژیم لەو ماوەیەدا لە خەڵکی کردووە بێنە جواب. ئەوان بەپێی بنەما ئایینییەکانی خۆیان، دەبێ داکۆکی لە ستەملێکراو بکەن. بەڵام هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ، بێجگە لە هێندێک لە کەسایەتییە ئایینییەکانی شیعە، ئەوانی دیکە هەر لەگەڵ ڕێژیمن و پشتیان لە خەڵک کردووە. بەڵام لە کوردستاندا بەپێچەوانەیە. لە کوردستان کەسایەتییە ئایینییەکان لەگەڵ خەڵکن، نیشتمانپەروەرن و لەو ماوەیەدا پشتی خەڵکیان گرتووە و دژی ڕێژیم ڕاوەستاون. هەرچەند ئەوە ڕەنگە بۆ ئەوان تێچووی زۆریشی هەبێت و لەو سۆنگەیەوە تووشی زیندان و لێپرسینەوە و سزای جۆراوجۆر بن، بەڵام ئەوان ئەرکی ئایینی و ئەخلاقیی خۆیان بەجێ هێناوە و بەرگرییان لە خەڵک کردووە، قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان لەپێناو خەڵکەکەدا فیدا، کردووە و بێجگە لە ژمارەیەکی کەم ئەوانی دیکە لەو بارەوە بۆ خەڵک جێگای ڕێزن. بۆیە ئەمن ڕێزی یەکجار زۆرم بۆ ئەو مامۆستا و کەسایەتییە ئایینییانە هەیە و دەستخۆشیان لێ دەکەم و دەڵێم هەر ئەوە شایستەیانە کە بەرانبەر خەڵکەکەیان ئاوا ئامادەی فیداکارین؛ بێگومان کەسایەتی و خۆشەویستی ئەوان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ.
کاک مستەفا ئەم ڕاپەڕینە تێچووی زۆریشی بووە، بەتایبەت بۆ خەڵکی کوردستان تێچووەکان لەچاو شوێنەکانی دی قورس بووە، ئەوە بە ئاماری کوشتنەکان، ژمارەی برینداران، زۆریی گرتن و ڕەشبگیرەکان و شێوەی سەرکوتی خەڵک لە کوردستانەوە دیارە. بۆ؟ لەبەرچی؟
هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، نەتەوەکان بەتایبەتی کورد، لەژێر هەڵاواردنی زۆر ئاشکرادا بووە. ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە کورد هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە، ئەو ڕێژیمەی باش ناسیوە و زانیویەتی کە ئەو ڕێژیمە ناتوانێ ویست و داخوازییەکانی خەڵک دابین بکا، بۆیە لەدژی ڕاوەستاوە. گەلی کورد لە هەموو ماوەی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمدا لە خەباتی خۆی بەردەوام بووە. بۆیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە تەواوی ئەو ماوەیەدا بە نیسبەتی خەڵکی کورد هەر پیلانگێڕی کردووە، زوڵموزۆری نواندووە، خەڵکی کوشتووە، ڕێبەڕانی جووڵانەوەکەمانی تێرۆر کردووە و دوژمنایەتییەکی تایبەتی لەگەڵ کورد بووە. لەو سۆنگەیەوە خەبات و تێکۆشان و ناڕەزایەتییەکانی کورد لە ئێران هەمیشە پڕ تێچوو بووە. بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا کۆماری ئیسلامی نەک هەر نەیتوانییوە خەڵکی کورد بەچۆک دابێنی، بەڵکوو دەبینین کە ئەو نەتەوەیە ڕۆژ بە ڕۆژ ژیرانەتر و بەورەتر دێنە مەیدان و هەتا ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆڵ نادەن.
واتە ئێوە دەڵێن کە ئەو تێچووانە بە هیچ شێوەیەک خەڵک چاوترسێن ناکەن و پاشگەزیان ناکەنەوە؟
بێگومان. ئەمن پێموابێ هەر ئێستا ئەو خەڵکە کە تێچووی زۆریشیان داوە، ئەوان بە ئیرادەترن. ئەگەر سەرنجتان دابێ، ئەوەی ئێمە لەو ماڵەیەدا لە بنەماڵەی شەهیدان بینیمان، لە بابی شەهیدەکان، لە دایک و خوشک و برا و منداڵی شەهیدەکان، ئەوان هەمووی هاندەر و وەرەبەخش بوون. لەباتی لاڵانەوە و پاڕانەوە، لەباتی لاوازی و کەساسی، بەڵام وەک لیدێرێکی سیاسی خەڵکیان بۆ درێژەدانی خەبات هان دەدا. ئەوە نیشان دەدا، خەڵک دڵبریندارە، ناڕەحەتە، تازیەبارە، بەڵام لە عەینی حاڵدا، ورەی بەهێزتر و هیوای قاییمترە.
کاک مستەفا وەکوو باستان کرد، ئەم ڕاپەڕینە دەسکەوتی زۆری بۆ پرسی کورد بووە، بەڵام لە تەنیشت ئەو دەستکەوتانە بێگومان ڕەنگە کەموکووڕی و کەمایەسییش بە ڕاپەڕینەکەوە دیار بێ، ئەگەر جەنابت بتەوێ خاڵە لاوازەکانی ئەم جووڵانەوەیە دەستنیشان بکەی، ئەوانە لە چیدا دەبینی؟
ئەو سەد ڕۆژە تاقیکارییەکی زۆر گرینگ و مێژوویی بوو بۆ گەلەکەمان و خەڵکی ئێران بە تەواوەتی. لەوەڕاش کە ئەو خەباتە کۆتایی نەهاتووە، پێویستە وەک چۆن خاڵە بەهێز و دەسکەوتەکان باس دەکەین، خاڵە لاوازەکانیش ببینین. ئەمەش بۆ ئەوەیە بۆ داهاتوو خاڵە لاوازەکان بنەبڕ بکرێن هەتا تێچوومان کەمتر بێ. خاڵێکی لاوازی بنەڕەتی لە ئاستی سەرانسەریدا ئەوەیە لە شارە گەورەکان هێشتا خۆپێشاندانەکان میلیۆنی نین، تەنانەت چەند سەت هەزار کەسییش نین. بۆ ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕووخێ پێویستە هەمووان بەشدار بن.
لە کوردستانیش لەگەڵ هەموو سەرکەوتنەکان کە بوومانە، بەڵام ئێمە دەمانتوانی بە وردبینیی زۆرتر، تێفکرین و دوورکەوتنەوە لە هەست و سۆز و بە لێکدانەوە و مشوورخۆریی زیاترەوە تێچووی ڕاپەڕینەکەمان کەمتر بکەین و ئەوەندە شەهید و بریندارەمان نەدابا. ئێمە وەکوو خەڵکی کورد کەممان نەهێناوە لە خەباتدا. ئەو دەمەی کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران خومەینییان لە مانگدا دەدیت و پیرۆزییەکی ئاسمانی بۆ ئەو ڕێژیمە قاییل بوون، کورد ئەوکاتە لەدژی ئەو ڕێژیمە خەباتی کردووە. یانی ئێمە ٤٤ ساڵە قوربانی دەدەین. ٤٤ ساڵە ئێمە دەڵێین ئەو ڕێژیمە کۆسپی سەر ڕێگای ئازادییە، ئەو ڕێژیمە زاڵمە و دەبێ بڕوا و و نەمێنێ. ئیدی پێویست ناکا ئێمە لە درێژەی خەباتەکماندا، بمانەوێ بیسەلمێنین کە شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕین. بەڵکوو دەبێ شانبەشانی خەڵک لە بەشەکانی دیکەی ئێران بڕۆینە پێشێ، نە زۆرتر و نە کەمتر. ئەمن دەزانم لاوەکانمان تووڕەن، بێزان لەو ڕێژیمە، چونکە گەورەترین زوڵم لە لاوەکانمان کراوە بە کچ و کوڕەوە. بەڵام خەباتکردن دژی ڕێژیمێکی ئاوا پێویستیی بە تێفکرین و هەڵسەندگاندنە. هیوادارم ئەوە ببێتە دەرسێک لە داهاتوودا، لەگەڵ بەشداری زۆر چالاکمان لە خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەڵام شانبەشانی خەڵکی ئێران بچینە پێشێ، بۆ ئەوەی تێچوومان کەمتر و لە ئەنجامدا دەسکەوتمان زیاتر بێ.
خاڵێکی لاوازی دیکە ئەوەیە هێشتا ئاڵترناتیڤی ڕێژیم دروست نەبووە و ئۆپۆزیسیۆنیش هەتا ئێستا نەیتوانیوە بە پلان و بەرنامەکانی توێژی خۆڵەمێشیی کۆمەڵگە بێنێتە سەر شەقام کە هیوادارم لە بەردەوامیی خەبات و بەرەوپێشچوونی جووڵانەوەکەدا هەمووان بتوانین ئەو کەمایەسییانە چارەسەر بکەین.
لە دەرەوی ئەو هیوادارییە بەڕێزتان کە زۆر جێگای سەرنجن، بەڵام پرسیاری خەڵک ئەوەیە کە ئەم ئاڵترناتیوە بۆ دروست نابێ. ئەم ئۆپۆزیسیۆنە بۆ بارتەقای گۆڕانکارییەکانی، کۆمەڵگەی ئێران ناجووڵێتەوە و ئەو کێشە و ناکۆکییانە چین کە ناتوان لە باروودۆخێکی ئاوا هەستیاریشدا کە ڕێژیم لە لێواری ڕووخانە؛ ئەوان لە دەوری لانیکەمی خاڵە هاوبەشەکان ساغ ببنەوە؟
ئەمن سەرەتا کوردستان لە دەرەوەی ئەو باسە دادەنێم. بەڵام لە ئاستی سەرانسەریدا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، ئێمە سیستمێکی دێموکراتیکمان لە وڵاتدا نەبووە کە خەڵک فێری کاری هاوبەش بکا. هەر کەس بۆخۆی، خۆی بە جەمسەرێک دەزانێ. خۆیان بێنیاز لە خەڵک و ڕاوێژی خەڵکی زانا و دڵسۆز و نیشتمانپەروەر دیوە. بەرژەوەندییەکان تەسک و سنووردار بوون، بۆیە لەگەڵ ئەوەدا و لە دۆخێکدا کە نوخبەکانی ئێرانی باس لە دێموکراسی دەکەن، خوێندەوارن و لە جیهانی ئازادی دەرەوەدا دەژین و ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە دێموکراتانەشیان هەیە؛ کەچی ناتوانن پێکەوە کار بکەن. بەداخەوە هەتا ئێستا کەس بیروبۆچوونی ئەویدیی قبووڵ نییە و هەر کەس پێیوایە بۆخۆی حەقیقەتیی موتڵەقە و ئەوە ئەوانی دیکەن کە دەبێ لە دەوری ئەو بهاڵێن. ئەوە بە داخەوە واقعی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵاتە. بەڵام لە کوردستان، ڕاست بەپێچەوانەی ئەو دۆخەیە. لە کوردستان خەڵک لە ماوەی ئەو چل و چەند ساڵەدا، ئەزموونی گەورەیان لە خەباتدا وەدەست هێناوە و تاقیکاریی زۆریان بووە. ئەزموون لە شکاندنی یەکتر، لە کوشتن و بوغزاندنی یەکتر و هەموو ئەوانەی تاقی کردووەتەوە. بەڵام بەو دەرەنجامە گەیشتوون هیچکام لەوانە ڕێگای ڕزگاری نین. ڕێگای ڕزگاری لە یەکگرتوویی و لە بەهێزبووندایە. ئێمە پێشتریش ڕامانگەیاندووە، خەڵکی ڕۆژهەڵات دەبێ ببێتە هێزی شوێندانەر. بۆ ئەوەش کە ببێتە هێزی شوێندانەر دەبێ یەکگرتوو بێ. هێز لە یەکگرتووییدایە و بۆ ئەوەی بتەوێ لەگەڵ لایەنی دیکە یەکگرتوویی پێک بێنی، دەبێ حەقانییەتێک کە بیری لێ دەکەیە و باسی لێ دەکەی هەمووی لە خۆتدا نەیبینی و لە خەڵکی دیکەشدا بیبینی بۆوەی بتوانی بەرنامەی هاوبەشت لەگەڵی هەبێت. ئێستا پێچەوانەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری لە کوردستان یەکگرتوویی بەکردەوە هەیە و ئەوە جیاوازییەکی گەورەیە لەنێوان ئەو دوو بەشە لە ئێراندا.
هەر ئەم جیاوازییانە لەو ماوەیەدا واقعی سیاسیی گرینگی لێ کەوتووەتەوە. بۆ نموونە هەرکات ناوەندی هاوکاریی دوای مانگرتنی کردووە، وەڵامی خۆی لەلایەن خەڵکەوە وەرگرتووە. بەڵام کاک مستەفای بەڕێز ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، یان ناوەندی هاوکاری هەر بەو مێتۆدە لە خەبات لە کوردستان بەردەوام دەبێ، یان پلان و بەرنامەیەکی دیکەتان بۆ ڕاپەڕین هەیە؟
بێگومان هەر قۆناغێک لە خەبات، ڕێوشوێن و بەرنامەی تایبەت بە خۆی هەیە. هەر بەو شێوەیە کە کۆمەڵگە دەگۆڕێ، خەبات ڕەنگی جیاواز بە خۆییەوە دەگرێ و دروشمەکان دەگۆردرێن و داخوازیی خەڵکیش دەگۆڕدرێن و دەبێ حیزبە سیاسییەکان پێ بەپێی ئەوە ئاڵوگۆڕ لە بەرنامەکانی خۆیاندا پێک بێنن. ڕەنگە ئەو شێوە خەباتە لە ماوەی ئەو سێ مانگە یان ١٠٠ ڕۆژەدا لە پشت سەری خۆمان بەجێمان هێشت، نەتوانین بە عەینی، ئەو مێتۆدە دووبارە سەرکەوتن بەدەست بێنێ. بۆیە ئێمە ئێستا هەم لە ڕێبەرایەتیی حیزبەکەمان و، هەم لە ناوەندی هاوکاریی خەریکی لێکدانەوە و تاوتوێکردنی ئەزموونی ئەو ماوەیەین، بۆ ئەوەی بزانین چ ڕێگەچارەیەکی دیکە دەتوانین بێنینە پێشی کە هەم خەباتەکە بەردەوام بێ، هەم خەڵکیش ماندوو نەبێ و بتوانی بچێتە لە خەباتەکە بچێتە پێش.
کاک مستەفا جەنابت دەورە دیمەنەکانی ئەو ڕاپەڕینە چۆن دەبینی؟
من ئەوە قسە و بیرباوەڕی ئێستام نییە، بەڵکوو زۆر لەمێژە گوتوومە لەوەدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەڕووخێ و ناتوانێ درێژە بە مانەوەی خۆی بدا، ئێستاش هەر لەسەر ئەو باوەڕەم و ئەو باوەڕەم بەهێزتر بووە. ئەوەی ئێستا بڕوای منی بەهێزتر کردووە ئەو دەستکەوتانەیە کە لەو ١٠٠ ڕۆژەدا بەدەست هاتووە زۆر گرینگ بوون. بەتایبەتی لە کوردستان و باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران وەکوو بەلووچستان کە پێویستە، ڕێزی لێ بگرین. بۆیە من ئاراستەکە ئاوا دەبینم، ڕۆژبەڕۆژ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەرەو لاوازیی زیاتر دەڕوا و لە ڕووخان نیزیکتر دەبێتەوە. هۆکاری ئەوەش زۆرتری دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ڕێژیمە عەقڵییەت و تێگەیشتنی ئەوەی نییە گوێی لە خەڵک بێ و هەنگاوێک لەپێناو ویست و داخوازی خەڵکدا هەڵێنێتەوە. ئەوە تایبەتمەندیی دیکتاتۆرەکانە لەباتی ئەوەی گوێ لە خەڵک بگرن و داخوازیی خەڵک جێبەجێ بکەن، بەرنامەی خۆیان دەبەنە پێشێ و ئەوە دەبێتە عامیلی ڕووخانەکەیان. لەلایەکی دیکەوە بەو وشیاری و ئاگاییە کە خەڵکی ئێران بەگشتی و خەڵکی کورد بەتایبەتی بە دەستی هێناوە، ئەم ڕێژیمە چیدی ناتوانێ بەو عەقڵییەتەوە درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدا. جا هۆکاری دیکە زۆرن، ئەوەش کە جیهان پشتی کردووەتە کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر فشاری بۆ دێنن و ئەو فشارانە لە داهاتوودا زیاتر کاریگەرییان لەسەر کۆماری ئیسلامی دەردەکەوێ.
کاک مستەفا پرسیار زۆرن، بەڵام کات کەم. ئەگەر لە کۆتاییدا پەیامێک، یان بابەتێکی نەگوتراو و باس نەکراوتان مابێت بفەرموون.
من شتێکی کە دەمەوێ پێداگریی لەسەر بکەمەوە، مەسەلەی یەکگرتوویییە. داوام لە خەڵکی کورد ئەوەیە ئەوەنەدی لە فکری یەکگرتووی کورد و نێوماڵی خۆماندا هەن ئەوەندەش لە فکری یەکگرتوویی بن لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران، بەتایبەت نەتەوەی فارس. ئێمە، بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە بەرامبەر ڕێژیمێکی وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پێویستیمان بە یەکگرتوویی هەیە وەکوو عەرزم کردن هێز لە یەکگرتووییدایە. ئێمە لە کوردستاندا هەرچەند یەکگرتووش بین ناتوانین بە تەنیا ڕێژیم بڕووخێنین و لە تاران ناتوانین ببین بە ئاڵترناتیو. بەڵام بە یەکگرتوویی لەگەڵ خەڵکی ئێران دەتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین. بۆ ئەوە هەم دەبێ ئەو سیاسەتەمان درێژە پێ بدەین و حورمەتی خەڵکی دیکە بپارێزین، هەم لەلایەکی دیکە نابێ هیوا و ئومێدمان لە دەست بدەین پێمان وا نەبێ کۆماری ئیسلامی ئەگەر ئەمجارەش، خەڵکی سەرکوت کرد هەمووشتێک تەواوە. چونکە لە ڕاپەڕینەکانی پێشوودا لەو جارەشیان خەڵکیان زیاتر کوشت. بەڵام بەو حاڵەش خەڵک هاتنە مەیدان. ئەو خەڵکە بەو ئاگاییە گەیشتووە هەتا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەست لە خەبات هەڵناگرێ. بەڵام دەبێ پێداچوونەوە بکەین بە هەڵەکانمان، کەموکووڕییەکانمان و بەتایبەتی ئەو یەکگرتووییە بپارێزین و بەرفراوانتری بکەین.