کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی جوانڕۆ داوایان کردووە مێلیتاریزەکردنی ئەو شارە کۆتایی پێ بێت

17:06 - 15 بەفرانبار 2722

دوای مێلیتاریزەکردن و جێگیرکردنی هێزێکی زۆر لە شاری جوانڕۆ لەلایەن ڕیژیمەوە هەموو چین و توێژەکانی شاری جوانڕۆ، لە بەیاننامەیەکدا داوایان کردووە کە دۆخی مێلیتاریزە لەسەر شارەکەیان هەڵبگیرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ژمارەیەک لە زانایان، مامۆستایانی ئایینی، چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی، پارێزەران، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و توێژەکانی دیکەی شاری جوانڕۆ لە بەیاننامەیەکدا داوایان کردووە کە ئەو گوشارەی کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەسەر شاری جوانڕۆ سەپاوە، بە خێرایی کۆتایی پێ بێت.

لەو بەیاننامەیەدا داوا کراوە کە جوانڕۆ بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و ئەو دۆخە کەشێکی ترسناکی دروست کردووە و لە هەمانکاتیشدا لە باری ئابوورییەوە زیانی بە هاووڵاتیان گەیاندووە.

چین و توێژەکانی جوانڕۆ، لە درێژەی بەیاننامەکەدا، باسیان لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی گرینگی بە داواکارییەکانی خەڵکی ئەو شارە نادا و کەشێکی ئەمنییەتی و ترسناکی بۆ خەڵک هێناوەتە ئاراوە و بە دەیان کەسیشی دەسبەسەر و بێ سەروشوێن کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە مێلیتاریزەکردنی سەربازی و ئابووریی شاری جوانڕۆ، بەڵگەیەکە بۆ ئەوەیکە کە ڕێژیمی ئێران لەو شارە درێژە بە سەرکوتی خوێناوی، زوڵم و زۆری خۆی دەدا و لەلایەکی دیکەشەوە ترسی ئەوەی هەیە کە لاوانی شۆڕشگێڕ بە دژی ڕاپەڕن.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە خۆپیشاندان و داواکارییەکانی خەڵک مافی یاسایی خۆیانە و نابێ کۆماری ئیسلامی بە هێزی سەرکوتکەرەوە ڕووبەڕوویان ببێتەوە و دەسبەسەر و زیندانییان بکا. 

هەروەها داوای ئەوەیان کردووە کە بە زووترین کات دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان بە تایبەت قوتابییان، خوێندکاران، مێرمنداڵان، ژنان، فەرهەنگیان و مامۆستایانی ئاینیی ئازاد بکرێن.