کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی چلەی شەهید شۆڕش نیکنام لە مەهاباد بەڕێوە چوو

17:36 - 15 بەفرانبار 2722

ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهید شۆڕش نیکنام، شەهیدی ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران دژی ڕێژیم، لە گۆڕستانی گوندی ''قەڵاجوغە'' سەر بە شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، چلەی شۆڕش نیکنام کە لە ڕاپەڕینی خەڵکی شاری مەهاباد دژی ڕێژیمی ئێران بە دەستی هێزەکانی ڕێژیمەوە شەهید کرابوو، لە گوندی قەڵاجوغە سەر بە شاری مەهاباد بە بەشداریی خەڵکی نیشتمانپەروەر لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوەڕەسمەدا یادی ئەو شەهیدەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و لەسەر گۆڕەکەی سروودی شۆڕشگێرانەیان بڵاو کردەوە و دژی کۆماری ئیسلامی دروشمی "شەهید نامرێ"ـیان وتەوە.

سەرەڕای سەپاندنی کەشی ئەمنییەتی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە سەر خەڵکی شارەکانی کوردستاندا، خەڵکی قارەمانی کوردستان بەبێ ترس بەشکۆوە ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدەکانیان بەرز و پیرۆز ڕادەگرن و پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازەکەیان نوێ دەکەنەوە.