کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارە جیهانییەکان دژی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە

12:34 - 16 بەفرانبار 2722

گوشارە جیهانییەکان دژی کۆماری ئیسلامی لە پەرەسەندندایە و پشتیوانیکردن لە گیانی ڕاپەڕیوان و دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕین بەردەوامە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرپرسانی وڵاتانی جیهان دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو و ئەندامانی پارلمانی ئەمریکا لە هەردوو حیزبی ئەو وڵاتە، پشتیوانیی خۆیان لەهەمبەر گەڵاڵەی یاسای مەهسا (ژینا) بۆ توندترکردنەوەی گەمارۆکان دژی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و گەڵاڵەی دیکەی نوێنەرانی پارلمانی ئەمریکا ئەوەیە کە پێش بە کۆچکردنی بنەماڵەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ ئامریکا بگرن.

لەلایەکی دیکەوە، "هودی فرای" نوێنەری ژن لە پارلمانی کانادا، لە تویتێری خۆیدا داوای پشتیوانیی لە ژنان و کچانی دەسبەسەرکراوی ئێرانی کردووە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی، دەسبەسەریان دەکات. ناوبراو بەتایبەتی داوای ئازادکردنی زەهرا حەسەنی، دەروونناسی دەسبەسەرکراوی کردووە کە بە زووترین کات ئازاد بکرێت و وتی: لە ئێران ڕاپەڕین بۆ مافی ژنان بەردەوامە و هەموو جیهانیش پشتیوانییان لێ دەکات.