کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: لە مەسەلەی ئاڵترناتیڤ بۆ ڕێبەریکردنی ڕاپەڕین و ئیدارەی داهاتووی ئێراندا وەلانانی ئەحزاب، بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆرییە

12:17 - 16 بەفرانبار 2722

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی "کلمە"، سەبارەت بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: "بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا هەموو گەلانی ئێران بە دروشم و ئامانجی هاوبەش کە نەمانی کۆماری ئیسلامییە لە ڕاپەڕینی ژینادا بەشدارن".

خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ''کلمە" سەبارەت بە دوورەدیمەنی حیزبی دێموکرات لەسەر ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی ئاخوندی و دامەزرانی ئێرانێکی دێموکراتیک لە داهاتوودا وتی: ''لەو ڕاپەڕینە گشتییەی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵات، سەرەڕای هەموو جۆرە سەرکوتێکی هێزەکانی ڕێژیم، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی  ٤٣ساڵەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا گەلانی ئێران بەبێ‌ جیاوازی و یەکگرتووانە ڕووبەڕووی دەسەڵات دەبنەوە.

عەزیزی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا سەبارەت بە دەسکەوتەکانی ئەو ڕاپەڕینە مەزنە وتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش لەو ڕاپەڕینە هەرکات لە کوردستان و بەلووچستان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دەهاتە ئاراوە ئەو نەتەوانەی بە جیاییخواز تاوانبار دەکرد و دەیگوت ئەوانە جیاییخوازن و دەستی دەرەکیییان لە پشتە، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە ئێستا ئەو ئیدیعایە مایەپووچ ماوەتەوە و گەلانی ئێران یەکدەنگ ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە''.

کاک خالید لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی وڵاتانی جیهان لەهەمبەر ئەو ڕاپەڕینە گشتییە و وتی: ''لە ئیستادا هەموو وڵاتانی جیهان، کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر سەرکوت، کوشتن، بەندکرانی خەڵکی ناڕازیی ئێران مەحکووم دەکەن''.

وتەبێژی حیزب، سەبارەت بە یەکگرتوویی هەموو چین وتوێژەکانی کوردستان بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان وتی: ''لە مێژووی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا بەردەوام مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییە ئایینییەکان لە ڕێبەری حیزب بوونیان هەبووە و لە بزووتنەوەی میللی-دێموکراتیکی کورددا بەردەوام دەور و نەخشی مامۆستایانی ئایینی دیار بووە و بە خۆشحاڵییەوە لەم ڕاپەڕینەشدا یەکگرتوویی و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان زۆر دیار و بەرچاوە.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتیشی: ''لە ئیستادا هیچ جۆرە کەلێنێکی هزری و نەتەوەیی لە نێوان ژنان، پیاوان، مامۆستایانی ئایینی، قوتابییان، خوێندکاران و بەگشتی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان نییە و داواکاریی هەمووشمان ڕوو بە دەسەڵات هاوبەشە و داوای ئازادی و دێموکراسی و هەروەها جیایی دین لە دەسەڵات دەکەین.
 
وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر پێویستیی دروستکردنی ئاڵترناتیڤ، یان جێگرەوەیەک بۆ کۆماری ئیسلامی وتی: "ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین نابێ بە هیچ شێوەیەک ئیجازە بدرێ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لە ئێران بێتەوە سەرکار، دەبێ ئەحزابی سیاسیی کورد و ئێرانی هەموو هەوڵێکی خۆیان وەگەڕ بخەن و هەوڵ بۆ دامەزرانی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵ بدەن، ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و لە داهاتوودا دەبێ هەموو نەتەوەکان خۆیان ببیننەوە. 

نابراو هەروەها وتیشی بە خۆشحاڵییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی دێموکراتیک خۆی ڕێک خستووە و خۆی سازمان داوە و باوەڕی بە بڕیاری بەکۆمەڵ هەیە.

 سەرکەوتن لە خۆڕێکخستن و یەکگرتووییدایە و بۆیە دەبێ هەموو سازمان و ڕێکخراوەکان یەکگرتووانە هەوڵی دروستکردنی ئاڵترناتیڤێک بدەن، هەموو ڕێکخراو وسازمانەکان و کەسایەتییەکانی دەرەوەی وڵاتیش، هونەرمەندان، وەزشوانان و کەسایەتییەکانی دیکە کە لە ئێستادا بوونەتە سیمای بەرچاوی ئەو ڕاپەڕینە، دەبێ هەوڵی خۆڕێکخستن و خۆگونجاندن لە بەرەیەکدا بدەن.

خالید عەزیزی لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە وەلانانی ئەحزابی سیاسیی دیکە لە داهاتووی ئێراندا وتی: 'ئێمە بەپێی ئەو فەرهەنگە حیزبییە کە لە حیزبی دێموکراتدا جێگیر کراوە، ئەو مافەمان نییە کە هیچ حیزبێک وەلا بنێین و ئەو مافەش بە کەس نادەین نادیدەمان بگرێت. ئەوە خەڵکە لە داهاتوودا لە کەشێکی دێموکراتیکدا بڕیار دەدا کە چ حیزبێک بۆی هەیە ڕێی بکەوێتە پارلمان و لە پێکهێنانی دەسەڵاتدا بەشدار بێت.