کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران درێژەی هەیە

12:32 - 16 بەفرانبار 2722

ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی خوێنڕێژی ئاخوندی لە سەرتاسەری ئێران بە شێوازی جۆراجۆر وەک هاتنە سەر شەقام، نووسینی دروشم و ئاگرتێبەردانی هێماکانی ڕێژیم درێژەی هەیە و خەڵک بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە پێداگرن لە شۆڕش.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی تاران بە وتنەوەی دروشمی وەک "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر، نەمان بۆ ڕێژیمی ئێران و ئەو دەسەڵاتە" و دەیان دروشمی دیکە ڕق و تووڕەیی خۆیان دژی ئەو ڕێژیمە دەربڕی و درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان دا.

هەر لە تاران خەڵکی بوێر لە چەندین شوێن وێنەی تێرۆریست قاسم سلێمانییان ئاگر تێبەردا و هەروەها ڕەنگی سووریان بە وێنەی ئەو تێرۆریستەدا کرد.

خوێندکارانی ئەردەبێڵ بە نووسینی دروشمی ''خوێندکار هۆشیارە لە شێخ و شا بێزارە'' بەردەوامیی خۆیان لە شۆڕشی ژینا دووپات کردەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە بەرەبەری سێهەمین ساڵوەگەڕی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی کە بە دەستی سپای پاسداران خرایە خوارەوە، هاووڵاتییان لە زۆربەی شارەکانی ئێران تراکت و پۆستێری تایبەتیان بۆ بەشداریی خەڵک لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباردا بڵاو کردەوە.
 
گەلانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری ئێران لە یەکگرتووییەکی مێژووییدا لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی تاریکپەرەستیی ئاخواندی بەردەوامن و یەکدەنگن بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە.