کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشگێڕانی جوانڕۆ پێویستییان بە هاوکاریی شارەکانی دیکەی کوردستانە

11:44 - 11 بەفرانبار 2722

لاوانی قارەمانی جوانڕۆ دوای ڕووبەڕووبوونەوەی قورس لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرکانی ڕێژیم، برینداری زۆریان هەیە و داوا لە خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان دەکەن کە پێویستییان بە خوێنە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کچان و کورانی قارەمانی شاری جوانڕۆ، لە بانگەوازێکدا داوایان لەسەر جەم شارەکانی کوردستان کردووە کە بە هانایانەوە و بچن و پێویستییان بە خوێنە کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بریندار بوونە.

کۆماری ئیسلامی لە شاری جوانڕۆ بەوپەڕی نامرۆڤایەتییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە بە چەکی شەڕکەرەوە تەقەی لەخۆپیشاندەران  کردووە بەو هۆیەوە ژمارەیکی زۆر لە خۆپیشاندەران بریندار بوونە و پیویستییان بە خوێنە و نەخۆشانەکانی ئەو شارەش خوێنیان نییە، بۆیە داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە وەکوو هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانیان بن و خوێنیان پێ ببەخشن.

لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ڕێگریکردن لە چوونی خوێن بۆ برینداران، نامرۆڤایەتیی خۆی نیشان دەداتەوە، هەر وەک لە ماوەکانی ڕابردوودا کە خەڵکی کرماشان خوێنیان  بە بریندارانی جوانڕۆ بەخشی، بەڵام ڕێژیم نەیهێشت ئەو خوێنانە بگاتە نەخۆشخانەکانی جوانڕۆ  و بۆ شارەکانی دیکەی ڕەوانە کرد.