لە درێژەی پشتیوانیی کەفیلانی سیاسیی وڵاتانی بیانی لە زیندانییانی خۆپیشاندەر لە ئێران کەفیلی سیاسیی مەنسوور دێهمەردە داوای لە دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران کرد کە حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە هەڵبوەشێتەوە.
ئەنیکۆ گلۆگۆسکی، نوێنەری پارلمانی ئاڵمان و کەفیلی زیندانیی سیاسی منسوور دێهمەردە خەڵکی بەلووچستان، لە تویتێکدا سەبارەت بە حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە دژکردەوەی نیشان دا و داوای کرد کە ئەو حوکمە دەبێ هەڵبوەشێتەوە.
مەنسوور دێهمەردە، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان دژی ڕێژیمی ئاخوندی دەسبەسەر و حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن دەزگای دادی ڕێژیمەوە بۆ دەرکراوە.
لەو پێوەندییەدا لە ماوەی ٩٦ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١١٣ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە زاهیدان دەسبەسەر کراون کە هەتا ئێستا تەنیا ٥٤ کەسیان پێناسە کراون کە بەشێکی زۆریان تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵدایە.
بەدوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و دەسبەسەریی بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندەران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، نوێنەرانی پارلمانی بەشێک لە وڵاتانی بیانی بۆ پشتیوانی لەو ڕاپەڕینە و دەسبەسەرکراوان کەفالەتی سیاسیی خۆپیشاندەرانی زیندانی لە زیندانەکانی ئێرانیان وەئەستۆ گرتووە و لە هەوڵدان بە پشتیوانی لەو زیندانییانە پێش بە لەسێدارەدانیان بگرن.