کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی بەلووچ دژی ڕێژیمی ئێران

16:55 - 16 بەفرانبار 2722

سەرەڕای هەموو گوشارەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی بەلووچ پاش نوێژی هەینی، بەهەزاران کەس لە خەڵکی بەلووچستان ڕژانە سەر شەقامەکان.

ڕۆژی هەینی ١٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێران دژی ڕێژیم، خەڵکی ئازا و بوێری بەلووچستان پاش نوێژی هەینی لە شاری زاهیدان بە دروشمی"مەرگ و نەمان بۆ ستەمکار چ شا بێ و چ ڕێبەر، نە پاشایی و نە ئاخوندی دێموکراسی و بەرابەری" ڕژانەوە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

سەرەڕای هەموو گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی بەلووچ و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی بەلووچ لەلایەن ڕێژیمەوە، خەڵکی ئەو پارێزگایە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی" ژینا" و  دەسبەسەرکراونی ئەو ڕاپەڕینە و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی ڕاپەڕین بەتایبەتی شەهیدانی هەینیی خوێناویی زاهیدان، بە دروشمی "نە کۆڵبەری نە سووتەمەنیبەری، ئازادی بەرابەری و هەروەها دروشمی ژن، ژیان، ئازادی" ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.

جێگای ئاماژەیە کە سەرەڕای داخستنی ڕێگەکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بۆ ئەوەیکە خەڵک بەشداری لە نوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان نەکەن، بە هەزاران کەس لە خەڵکی بەلووچستان پاش نوێژی هەینی ڕژانە سەر شەقامەکان. 

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازیی خەڵک، شەپۆڵێکی بەرینی دەسبەسەرکردنی لە بەلووچستان دەست پێ کردووە و زیاتر لە سەد هاووڵاتیی بەلووچی دەسەسەر کردووە، بەڵام هەروا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک دژی ئەو ڕێژیمە درێژەی هەیە.