کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: خەڵکی باوەڕمەند و بێ‌ باوەڕ بە ئایینەکان لە کۆماری ئیسلامی ناڕازیین

17:03 - 16 بەفرانبار 2722

پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان لە خوتبەکانی ڕۆژی هەینیدا، دەسبەسەرکرانی خەڵکی بەلووچی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە دەسبەسەرکرانی هەڕەمەکی و سەرەڕۆیانە ناو برد.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان، ڕۆژی هەینی ١٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی خەڵکی بەلووچستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، وتی: " خەڵکی باوەڕمەند و بێ‌ باوەڕ بە ئایینەکان لە ئێراندا لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناڕازین". 

ناوبراو هەروەها وتیشی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی چاک دەزانن کە ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنییە بەربڵاوانە کە لە هەموو شارەکانی ئێراندا بوونی هەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی ئێران نادەن و تەنیا خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران سەرکوت دەکەن.

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان لە کۆتاییدا وتی: "هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە سێ مانگی ڕابردوودا بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینەکان ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە".