کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محاربە و فەساد لەسەر عەرز، حوکم و ڕەفتارێکی پێچەوانە

18:27 - 16 بەفرانبار 2722

عومەر باڵەکی

لەو کاتەوە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی وەک سیستمی سیاسیی و بەرێوەبەری لە ئێران هاتۆتە سەرکار، هەوڵی دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە ئەوە بووە کە خۆیان و دەسەڵاتەکەیان وەک نوێنگەی ئایینی ئیسلام بە دنیا بناسێن و ئەوە لە هەموو کار و کردەوەکانیاندا بە تایبەتی لە قانوونە بەرکارەکانی ئەو نیزامە بە قانوونی بنەڕەتییشەوە ڕەنگی داوەتەوە، بەو مانایە قانوندانەری ئێرانی لە کۆماری ئیسلامیدا سەرچاوەکانی قانوونی لە شەرع و حوکمی ئایینی و مەزهەبی کە خۆیان باوەریان پێیەتی وەرگرتووە. ئەوەش وای کردووە کە کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی و  کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەتی لە ماوەی ئەو ٤٣ ساڵەدا لەنێو نێوەرۆکی قانوونەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی قانوونی سزادانی ئیسلامی کۆمەڵێک دەستەواژەیان بەرچاو بکەوێ کە سەردەمانێکی زۆریان بەسەر دا تێپەر بووە. واتا ئەگەر سەردەمانێک بۆ نیاز و پێویستیەکی کۆمەڵگەی سەردەمی خۆیان وەک قانوون و ڕێکاری دابەزاندنی نەزم بوون، لە سەردەمی ئێستادا لەگەڵ پێوانە قانوونییەکان و نیازی کۆمەڵگە یەک ناگرنەوە و ناتوانن قانوونێک بن کە کۆمەڵگەیان پێ ڕێک‌ بخرێ. بۆیە زۆر جاران پیادەکردنی ئەو قانوونانە لەلایەن دادگاکانەوە لەنێو کۆمەڵگە و تەنانەت زانایانی بواری دینی و قانوونییەوە باسی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە، بە چەشنێک کە ئەسلی قانوونەکە دیتە ژێر پرسیار و مادام لەنێو کۆمەڵگەدا پرسیاری لەسەر دروست دەبێ، بەپێی هەموو پێوانەیەک ئەو قانوونە ئەسلی قانوونی‌بوونی خۆی لە دەست دەدا و کۆمەڵگە پیێ پابەند نابێ.  

یەکێک لەو قانوونانە کە ماوەبەماوە هەم لە ڕادەی نێوخۆی ئێران و هەم لە ڕادەی جیهانیدا مشتومڕی زۆری لێ دەکەوێتەوە چەند ماددەیەک لە قانوونی سزادانی ئیسلامییە کە باس لە پێناسەی محاربە و سزاکانی پێوەندیدار بە ئیستلاح بەو تاوانە دەکەن! بە تایبەتی لەو ماوەیەدا کە ڕاپەرینی ژینا لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و ئەسلی ساختاری نیزامی کۆماری ئیسلامیی هێنا ژێر پرسیار و دەریخست کە ئامانجی ڕاپەڕینی "ژینا" نەمانی تەواوەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامییە. بۆیە دەسەڵاتدارانی تاران بیجگە لە سەرکوتی بێ‌بەزەیانەی خۆپێشاندەران و بە قسەی خۆیان لە ڕێگای قانوونەوە بە تۆمەتی "محاربە" کەوتنە بیری سزادانی توندی ئەو خۆپێشاندەرانە، بۆ ئەوەی لەلایەک ترس وخۆف لە لای خۆپێشاندەرانی دیکەدا پێک بێنن و لەلایەکی دیکەوە بە بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەی جیهانی بڵێن کە ئەو کەسانە پێچەوانەی قانوونەکانی نێوخۆی ئێران جووڵاونەوە و بەپێی قانوون سزا دەدرێن. بۆیە ماوەیەکە باسی سزادانی کۆمەڵێک زیندانیی لاو تەنیا بە تاوانی ئەوە کە بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە شێوازی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی دەنگیان هەڵبریوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو نیزامە دەستبەسەر کراون و لە بێدادگایەکاندا توندترین و بێبنەماترین سزا واتا سزای "محاربە"یان بەسەردا سەپاوە بێ، ئەوەی بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن ویا دەستیان بە پارێزەر ڕابگا.

بەپێی سەرچاوەکان و لێدوانی زانایانی بواری قانوون سزای "محاربە" میژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیک بە ١٤٠٠ساڵ لەمەوبەر، واتا سەرچاوەکەی قانوونەکانی دینی ئیسلامە، کە بەپێی باوەڕە دینی و ئایینیەکان مرۆڤ ناتوانی دەستکاری ئەو قانوونانە بکا. لە حاڵێکدا بەپێی پێناسەی قانوون لە سەردەمی ئێستادا، قانوون و نێوەرۆکی قانوون جۆرێک ڕێککەوتنە لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگە لە لایەک و کۆمەڵگە بە گشتی لە گەڵ دەوڵەت لە لایەکی دیکەوە. بەو مانایە قانوون دەستکردی مرۆڤە و بەپێی هەلومەرج و سەردەمی جیاواز و نیازی کۆمەڵگە ئالوگۆڕی بەسەردا دێ. لە هەمان کاتدا قانووندانەر کاتێک قانوون دادەڕێژێ بە لە بەر چاوگرتنی نیازی کۆمەڵگە، تاک یا کۆی کۆمەڵگە مەنع دەکا لە کردنی کارێک یا ڕادەسپێرێ بە کردنی کارێک ، بەو مانایە کردنی کارێک یا نە کردنی بە تاوان دادەنێ ولە بەرانبەر ئەو تاوانەش دا سزای شیاوی خۆی بۆ دەست نیشان دەکا. بەڵام قانوونەکانی نیزامی کۆماری ئێسلامی بە تایبەتی لە نێوەرۆکی  قانوونی سزادانی ئیسلامیدا کۆمەڵێک ناتەبایی وناڕوونی تێدا بەرچاو دەکەوێ کە لە کاتی بەناو دادگایی کردندا بە زیانی کەسی تۆمەتبار دەشکێتەوە و بە قازانجی دەسەڵات کەڵکی لێ وەردەگیرێ. بۆ نموونە ماددەکانی ٢٧٩هەتا ٢٨٨ لە قانوونی سزادانی ئیسلامی کە باسی  تاوان و حوکمی "محاربە" و "مفسد فی الارض" دەکەن. نێوەرۆکی ئەو چەند ماددەیە لە نێوەرۆکی ئایەکانی ٣٣ی سوورەی مائدەی قورعان وەرگیراوە کە شارەزایانی بواری دینی سەبارەت بە مانا و تەفسیر و شێوازی جێبەجێ کردنی لە سەردەمی ئێستادا لەسەری کۆک نین. چونکە هەر وەک گوترا قانوون بەپێی هەلومەرج و نیازەکانی کۆمەڵگە و سەردەم بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە لەلایەن شارەزایانی ئەو بوارەوە ڕێک دەخرێ و هیچ جۆرە پیرۆزییەکی نییە و هەرکات نیازی کۆمەڵگە پێویستی بە گۆڕینی هەبوو، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێنێ. بەڵام هەروەک گوترا مرۆڤەکان ناتوانن دەستکاری دەقە ئاینیەکان بکەن.

سەردەمی ئێستا سەردەمی وێژمانی مافی مرۆڤە و بەپێی نیاز و پێداویستی ئەو سەردەمە دەبێ قانوونەکان دابڕێژرین، بنەمای قانوون لە سەردەمی ئێستادا پێویستە پێش هەموو بابەتێک لەسەر سێ بابەت ڕێک بخرێ. یەکەم پاراستن و ڕێکخستنی نەزم و ئاسایشی کۆمەڵگە. دووهەم پاراستنی کەرامەتی ئینسانەکان، سێهەم پارێزگاری وبایەخدان بە ژیانی مرۆڤەکان. بە شۆربوونەوە بە نێو ناوەرۆکی قانوونی سزادانی ئیسلامی ئێراندا بۆمان دەردەکەوی کە قانووندانەری ئێرانی بایەخی بۆ هیچ کام لەو سێ بابەتە دانەناوە. بەتایبەتی لەو برگە لە قانوونەکاندا کە باس لە پێناسەی تاوانی محاربە و سزاکانی دەکا دەڵی: "محاربە تاوانێکە لە فیقهـ و قانوونی ئیسلامیدا بە مانای بەکاربردنی چەک بە مەبەستی ڕێگری و جەردەیی و ترساندنی خەڵک بە شێوازێک کە ئەمنییەتی گشتی و کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە؛ وەک ئەوە وایە کە ئەو کەسە چووبێتە شەڕی خوا و پیغەمبەری خوا. تاوانی محاربە کاتێک دێتە دی کە "ترس و خۆف لایەنی گشتی بەخۆیەوە بگرێ و ئەو کەسە توانای تێکدانی ئەمنییەتی کۆمەڵگەی هەبێ...." و سزای ئەو تاوانە بەپێی نێوەرۆکی ماددەکانی ٢٧٩-٢٨٨لە قانوونی سزادانی ئیسلامی "ئێعدام، لەخاچدان، پەڕاندنی دەست وپێی تاوانبار بە پێچەوانەی یەکتر و دەرکردن لە وڵات"ە کە هەر بەپێی نێوەرۆکی ئەو قانوونە دادوەر لە کاتی دادگایی کردن سەرپشک کراوە کە کام یەک لەو سزایانە بۆ تاوانبارکراو دەست نیشان دەکا.

کاتێک نێوەرۆکی ئەو قانوونە لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان لە بواری قانوونییەوە لێک دەدینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو قانوونە چەندە ناتەبایە لە گەڵ ئەو پێوەرە جیهانییانە کە بنەماکانیان پاراستنی مافەکانی مرۆڤە. چونکە یەکەم: بەپێی نێوەرۆکی ئەو قانوونە کە باسی محاربە دەکا، قانوندانەر نەیتوانیوە وردکاریی تاوانەکە دەست نیشان بکا، بەڵکوو زیاتر حاڵەتەکەی وەک بابەتێکی گشتی باس کردووە بۆ نموونە باس لە بڵاو کردنەوەی "فساد" لەسەر ئەرز دەکا کە ڕوون نییە کام کردار لە ڕوانگەی قانووندانەر "فساد" ە و ڕوون نییە مەبەست لە "سەر زەوی " کام ناوچەیە! دووهەم: بەپێی جارنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و هەموو پەیماننامە و کۆنڤانسیونەکانی پێوندیدار بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ژیان و هەناسەدان مافێکی سروشتی هەر ئینسانێکە و بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە کە ئەو مافە لە مرۆڤەکان بستێنێ و لە دادگایەک دادگایی بکرێ کە هیچ ڕێوشوێنێکی دادپەروەرانەی تێدا ڕەچاو نەکرێ و بۆ سەڵماندنی تاوان لەسەرتۆمەتبار بەڵگەی پێویست لەبەردەستی دادگادا نەبێ.

 ئەوەی ئێستا لە دەزگای بەناوی قەزایی ئێران سەبارەت بەدەستبەسەر کراوەکانی خۆپێشاندانەکانی شۆرشی "ژینا" بەڕێوە دەچی و چەندین کەسیان بە تاوانی محاربە حوکمیان بەسەردا سەپاوە و چەند کەسیان حوکمەکەیان لەسەر بەڕێوە چووە، واتا گیانیان لێ ئەستێندراوە، غەدر و تاوانێکی گەورەیە دەرحەق بەو گەنج و لاوانەیە بە ناوی قانوونەوە دەکرێ. بە چەند هۆکار، یەکەم: هیچ کام لە دەستبەسەر کراوان کە حوکمی "محاربە"یان بەسەرداسەپاوە، هەر بەپێی پێناسە و نێوەرۆکی ماددەکانی ٢٧٩-٢٨٨کە باسی تاوانی محاربە دەکا ناتوانرێ ئەو حوکمەیان بەسەردا بسەپێندرێ؛ چونکە ئەوانە شتێکیان نەکردووە کە ببنە هۆکاری خوڵقاندنی ترس و خۆف لەنێو کۆمەڵگەدا، بەڵکوو ڕەفتاری ئەو کەسانە کە ناڕازی بوون لە شێوازی حوکمرانیی دەوڵەت، جێگای پەسندی ئەگەر هەر هەموو کۆمەڵگەی ئێرانیش نەبێ،  لە حاڵی ئێستادا جێگای پەسندی زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێرانە، هەربۆیە کۆمەڵگە دوای ئەوە کە حکومەت حوکمی محاربەی لەسەر جێبەجێ کردن نازناوی شەهیدیان پێ دەبەخشێ و بە حورمەتەوە یادیان دەکاتەوە. دووهەم: هەر وەکی پێشتر باس کرا  لە بواری زانستی تاوانناسی و بەپێی قانوونە نێودەوڵەتییەکان لەسەردەمی ئێستادا قانوونی محاربە نەک پێویستی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو  ئەو قانوونە لەبری ئەوە یارمەتیدەری کۆمەڵگە بێت، زیاتر زیان لە جەستە و ڕوحی کۆمەڵگەی ئێران دەدات.

ئاکامگیری: لە خوێندنەوەی  پێناسەی قانوونی محاربە و هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی  کۆماری ئیسلامی ئێران بەو ئاکامە دەگەین  کە قانوونی "محاربە" و "مفسد فی الارض" بە جێی ئەوە لەسەر خەڵکی نارازی لە نیزام بەڕێوە بچی، وا دروستە و بەجێیە لەسەر دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئێستای ئێران بەڕێوە بچی، چونکە لە ماوەی ٤٣ساڵی ڕابردوودا بە زبروزەنگ وبەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆر بەدژی گەڵانی ئێران ترس و خۆفیان لە کۆمەلگەی ئێراندا چاندووە و ئەوانن "فساد"یان هەم لە ئێران و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران پەرە پێداوە. بێگومان ئەگەر توندوتیژی، ترس و خۆف لەنێو کۆمەڵگەی ئێران لە ماوەی ٤٣ساڵی ڕابردوودا دروست بووە هۆکاری  دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بوون و هەن و ئەگەر سزای "محاربە" پێوەندی بە توندتیژی و خوڵقاندنی ترس و خۆف لەنێو کۆمەڵگەدا هەیە، پێش هەموو کەس و لایەنێک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ بە سزای "محاربە" و "مفسد فی الارض" سزا بدرێن، نەک ئەو گەنج و لاوانەی خەون بە ژیانێکی ئاسوودە و بەدوور لە شەڕ و ئاژاوەوە دەبینن.